بانگێشتی ٢٦ بەرپرسی عێراقی دەکرێت بۆ لێپرسینەوە لە گەندەڵی

KNN : Kurdish News Network
09:31 - 08/11/2019
عێراق
+
-

دەستەی دەستپاکی لە عێراق ڕایگەیاند،  بانگھێشتی ٢٦ بەرپرسی عێراقی لە پارێزگای دیالە دەکات بۆ لێپرسینەوە لەسەر تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی پارە.

 

ئەو بڕیارەی دەستپاکی، دوای چەند کاتژمێرێک هات لە یاداشتی دوو دادگای عێراقی بۆ دەستگیرکردنی پارێزگاری پێشووی بەسرە، ماجد نەسراوی و پارێزگاری پێشووی بابل و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، سادق سوڵتان بەتۆمەتی گەندەڵی.

لە راگەیەندراوەکەی دەستەی دەستپاکیدا ھاتووە:" ئەمڕۆ بڕیاری دادگا دەرچووە بە بانگھێشتکردن و لێپرسینەوە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە و دوو جێگرەکەی، ھەروەھا ئەندامانی تری ئەنجوومەنەکە، کەژمارەی ھەموویان ٢٦ کەسە، بەپێی ماددەی ٣٤٠ و لەسەر تۆمەتی گەندەڵی".

ماددەی ٣٤٠ لە یاسای سزاکان ئاماژە دەکات بەوەی ھەر فەرمانبەرێک بەشێوەیەکی ئەنقەست زیان بە موڵک و ماڵ و بەرژەوەندی گشتی بگەیەنێت ، ئەوا رووبەڕووی سزای زیندانیکردن دەبێتەوە کەلە ٧ ساڵ زیاتر نەبێت.

ئەم ھەوڵەی دەسەڵاتدارانی عێراق، وەک ھەوڵێکە بۆ بەجێگەیاندنی ئەو بەڵێنانەی بە خۆپیشاندەرانیان داوە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

1413 جار خوێندراوەتەوە