وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لەسەر داهاتی کێڵگە نەوتییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕوونکردنەوە دەدات

KNN : Kurdish News Network
11:45 - 08/11/2019
کوردستان
+
-

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، سود و قازانجی ئەو بیرە نەوتییانەی دەکەونە سنووری دەسەڵاتی هێزە کوردییەکانەوە بۆ خودی ئەوان دەبێت و بەکار دەهێندرێت.

 

جوناتان هافن، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا – پنتاگۆن ڕایگەیاند "ئەمریکا رەتی دەکاتەوە کە سود و قانزانجی بیرە نەوتییەکانی باکوری سوریا بۆ خۆی بێت و بەڵکو ئەوە بۆ کوردەکان و هێزەکانی سوریای دیموکراتە".

وتیشی "ئەمریکا ئەو بیرە نەوتانە دەپارێزێت تا لە ئاڵۆزییەکانی ئەو ناوچەیە نەکەونە ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارە توند ڕەوەکانەوە".

دوێنێ هێزێکی ئەمریکی چوونە ناو چەند کێلگەیەکی نەوت لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئیدارەی خۆسەرەوە و تێیدا ماونەتەوە، ئەگەری هەیە پارێزگاری لەو کێلگە نەوتیانە بکەن.

سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕێککەوتنیان هەیە کە هیزەکانی حکومەتی سوریا بگەڕێنەوە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام ئەو کێڵگە نەوتیانە دەکەونە ڕۆژهەڵاتی قامشلۆ و تا ئێستا حکومەتی سوریا نەگەشتووەتە ئەو ناوچانە.

سوپای ئەمریکا کێلگە نەوتییەکانی باشور و باکوری ڕۆژهەڵات لە ئیدارەی خۆسەر دەپارێزێت و هێزی رەوانەی کێلگەکان کردووە.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، هێزەکانیان لە سوریا بۆ پاراستنی کێلگە نەوتییەکان ماونەتەوە، سەرەڕای ئەوەی وەفدێکی کۆنگرێسی ئەمریکی لە هەولێر ڕەخنەیان لە سیاسەتی ترەمپ گرت و ڕایانگەیاند مانەوەی ئەمریکا لەبەر پەیوەندی دۆستەکانیەتی نەک نەوت.

1998 جار خوێندراوەتەوە