هۆشداری دەدرێت لە درووستبوونی "ڕوباری خوێن" لە عێراق

KNN : Kurdish News Network
04:32 - 10/11/2019
عێراق
+
-

دوای بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندەران بۆ نزیکەی ٣٠٠ کەس ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات لە درووستبوونی "ڕوباری خوێن" لە عێراق.


ڕێکخراوی ئەمینستی (لێبوردنی نێودەوڵەتی) لە ڕاپۆرتێکدا داوای لە حکومەتی عێراق کردووە کە ڕێگا لە هێزە ئەمنییەکان بگرن کە ئیتر دەستلە خۆپیشاندەران بپارێزن و ڕێگا لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی کوژراوان نەدەن لەوە زیاتر.


ئەمینستی ئەوەی ئاشکراکردووە کە هێزە ئەمنییەکان لە بەغدا و بەسرە و ناوچەکانی دیکە دەستیان نەپاراستوە و ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەوە، بەهۆیەوە چەندین خۆپیشاندەر کوژراون کە ئەو ئامارە ئاماری خۆپیشاندان نییە و لە ئاماری کوژراوانی شەڕ دەچێت.

ئەمڕۆ  دوو سەرچاوەی پزیشكی رایانگەیاند كە لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، بەهۆی هەوڵی هێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران لە عێراق، هەشت خۆپیشاندەر كوژراون.

 لە ٢٥ تشرینی یەكەمی رابردووەوە جارێكی دیكە خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی دیكەی عێراق دەستیپێكردەوە و بەپێی دوایین ئامار كە لە لایەن كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق بڵاوكراوەتەوە، لە میانی خۆپیشاندانەكاندا تا ئێستا ٢٨٣ كەس كوژراون و زیاتر لە ١٣ هەزار كەسی دیكە لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان برینداربوون.

2378 جار خوێندراوەتەوە