ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندەرانی عێراق لە یەکەم خۆپیشاندانەوە ئاشکرادەکرێت

KNN : Kurdish News Network
10:26 - 10/11/2019
عێراق
+
-

سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندەرانی عێراق لە یەکەم خۆپیشاندانەوە ئاشکرادەکات و دەڵێت تا ئێستا ٣١٩ کەس کوژراون.

 

ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکردووە "  ژمارەی شەھیدان لەسەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە تائێستا گەیشتووەتە ٣١٩ کەس لە خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان".

سەرۆکی لیژنەکە لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی کردووە حکوومەت نەیتوانیوە ئیدارەی قەیرانەکە بکات، ھەروەھا نیگەرانی خۆی نیشانداوە لەوەی خۆپیشاندەران رووبەڕووی کوشتن دەبنەوە بەھۆی قەناس بەدەستەکان و بەکارھێنانی کەلوپەلە کوشندەکان و بۆمبی دەنگی کەلەنزیک گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکانەوە دەتەقێنرێنەوە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە.

ئاشکراکردنی ئەو ئامارە لە کاتێکدایە  پێشتر کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردبوویەوە  لە خۆپیشاندانەکاندا، تائێستا ٣٠٠ کەس کوژراون و ١٥ ھەزار کەسی تریش بریندار بوون، زۆربەی ئەو کەسانەش لە خۆپیشاندەرانن.

زیاتر لە ١٥ رۆژە خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەی عێراق لە دژی دەسەڵات و نادادی لە پارێزگاکانی عێراق بەردەوامە و بەهۆی فراوانی خۆپیشاندانەکان و زۆری کوژراوانەوە تا ئێستا ئامارێکی فەرمی کوژراوانی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان نییە و سەرەرای ئەوەش بەهۆی زۆری کوژراوانەوە ئامارەکان زیاتر لە ئاماری شەڕ دەچن نەک خۆپیشاندان.

1399 جار خوێندراوەتەوە