تورکیا ناردنەوەی چەکدارانی داعشی دەستپێکرد

KNN : Kurdish News Network
11:24 - 11/11/2019
جیهان
+
-

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، چەکدارێکی دەستبەسەرکراویان ڕەوانەی ئەمریکا کردووەتەوە و بڕیارە ژمارەیەکی دیکەش ڕەوانەی ئەڵمانیا بکەنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، تورکیا ناردنەوەی چەکدارە دەستبەرکراوە بیانییەکانی ناو داعشی دەستپێکرد.

هاوکات، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بە میدیاکانی راگەیاند، ئەمڕۆ دەستبەرکراوێکی داعشیان ڕەوانەی ئەمریکا کردووەتەوە.

روونیشیکردەوە، رۆژی ١٤ی ئەم مانگە، حەوت چەکداری بەرەگەز ئەڵمانیش دەنێرنەوە و ١١ دەستبەرکراوی دیکەی بەرەگەز فەڕەنسیش ڕەوانەی وڵاتی خۆیان دەکەنەوە.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژی شەممە، ٢ی تشرینی دووەمی، ٢٠١٩، سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا هەڕەشەی لە وڵاتانی ئەوروپاکرد و رایگەیاند، چەکدارە دەستبەسەرکراوەکانی داعش، دەگەڕێننەوە بۆ وڵاتی خۆیان و تورکیا ئوتێل نییە و مانەوەی چەکدارانی داعش قبوڵ ناکەن.

لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر چەکداری داعش لەلای تورکیا دەستبەسەرکراون و زۆربەیان هاوڵاتی وڵاتانی ئەوروپان و دوای کەوتنی خەلافەتی داعش، ئەو وڵاتانە ئامادەنەبوون وەریانبگرنەوە.

1974 جار خوێندراوەتەوە