ئەمریکا بەدوای ئەو کەسانەوەیە دەستیان هەبووە لە سەرکوتکردنی خۆپشاندەرانی ئێران

KNN : Kurdish News Network
10:04 - 22/11/2019
جیهان
+
-

بەرپرسی دیسکی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمریکا بەدوای ئەو کەسانەوەیە کە دەستیان هەبووە لە کوشتن و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە تەواوی شارەکانی ئێران.

 

برایان هۆک، بەرپرسی دیسکی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە کەناڵی بی بی سی ڕاگەیاندووە "ئەو کەسانە دەناسینەوە کە دەستیان هەبووە لە کوشتن و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و هەروەها هەوڵی تەواومان هەیە کە ئێرانییەکان پەیوەندیان بە دونیای دەرەوە بمێنێت و ئینتەرنێتیان بۆ دابین بکەین".

وتوشیەتی " ئێمە لە خۆپیشاندانەکانی ڕابردوو دەرسمان وەرگرتووە، بۆیە پێش ئەوەی حکومەتی ئێران خەڵکی خۆی لە دونیای دەرەوە داببڕێت توانیمان ئینتەرنێتیان بۆ دابین بکەین".

بەرپرسی دیسکی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکردووە کە ئەمریکا ئاگاداربووە کە ئێران بەهەموو توانایەوە هەوڵدەدات ئەگەر بە کوشتنی خەڵکیش بێت خۆپیشاندەران بترسێنێت و بیانێرێتەوە بۆ ماڵەوە".

هەینی ڕابردوو حکومەتی ئێران نرخی بەنزینی بۆ سێهێندە بەرزکردەوە و خەڵکی ئێرانیش لە دژی بڕیارەکە ڕژانە سەرشەقامەکان، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە زەبری چەک توانیان ڕێگری لە گەورەبوونی ناڕەزایەتییەکان بگرن.

1426 جار خوێندراوەتەوە