عێراق داوای لێبوردنی لە ئێران کردووە

KNN : Kurdish News Network
03:14 - 30/11/2019
عێراق
+
-

میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کرد کە محەمەد عەلی وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف هاوتا ئێرانییەکەی داوای لێبوردنی لەو وڵاتە کردووە لەسەر سوتاندنی کونسوڵخانەی ئێران لە نەجەف.

 

ئێران شاری نەجەفی وەک شارێکی ئاینی شیعی بۆ گرنگە و لەسەر سوتاندنی کونسوڵخانەکەیان لەو شارە چەندین جار کاردانەوەی لە ئاستی باڵا نیشانداوە، پێشتریش ئێران داوای لە عێراق کردبوو لێپرسینەوەی توند لەگەڵ بکەرەکانی ئەو ڕووداوەدا بکات.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، ئەمڕۆ لە پەیوەدنییە تەلەفونییەکەدا عێراق پەیوەستبوونی بە پاراستنی ناوەندەکانی ئێران لە عێراق دوپاتکردووەتەوە.

پێشتریش عەباس موسەوی، وتەبێژی دەزگای دیبلۆماسی ئێران رایگەیاندبوو، باڵیۆزسی عێراقمان لە تاران بانگێشت کردووە و ناڕەزایەتی توندی خۆیانیان پێ راگەیاندووە.


ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگە خۆپیشاندەرانی نەجەف کونسوڵخانەی ئێرانیان لەو شارە ئاگر تێبەردا و سوتاندیان، ئێران تا ئێستاش دانی بەوەدا نەناوە کە خەڵکی عێراق دژی هەژموونی ئەو وڵاتە لەسەر شەقامەکانن و پێی وایە ئەو هەوڵانە بۆ دەرکردنی ئێران لەلایەن خەڵکی عێراقەوە تێکدەرانەن.

1236 جار خوێندراوەتەوە