خۆپیشاندەرانی عێراق بەشێک لە گۆڕەکەی محەمەد باقر حەکیمیان سوتاند

KNN : Kurdish News Network
08:27 - 30/11/2019
عێراق
+
-

لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی عێراق و بەردەوامی خۆپیشاندانەکان لە نەجەف، بەشێک لە گۆڕی محەمەد باقر حەکیم، کەسایەتی شیعە و مامی عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەیان سوتاند.

 

خۆپیشاندەران لە نەجەف پێیان وایە بەهۆی هەژموونی ئێرانەوە، حکومەت و سیاسییە شیعەکان لەبەرژەوەندی ئێران هەڵسوکەوت دەکەن و بەرژەوەندی خەڵکی عێراقیان خستووەتە خزمەت ئێرانەوە.

 

سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی بەردەوامی خۆپێشاندانەکان و ڕووبەڕووبونەوەی هێزە ئەمنییەکان ٣ خۆپیشاندەری دیکە بە گولـلەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.

ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگە خۆپیشاندەرانی نەجەف کونسوڵخانەی ئێرانیان لەو شارە ئاگر تێبەردا و سوتاندیان، ئێران تا ئێستاش دانی بەوەدا نەناوە کە خەڵکی عێراق دژی هەژموونی ئەو وڵاتە لەسەر شەقامەکانن و پێی وایە ئەو هەوڵانە بۆ دەرکردنی ئێران لەلایەن خەڵکی عێراقەوە تێکدەرانەن.

محەمەد باقر حەکیم کێیە؟

محەمەد باقر تەباتەبایی، لە ساڵی ١٩٣٩ لە نەجەف لەدایکبووە و سەرۆکی مەجلیسی باڵای شۆڕشی ئیسلامی بوو لە عێراق، لە ساڵی ١٩٨٣ دا وەک کەسایەتییەکی دیاری ئیسلامی شیعی لە دەستی ڕژێمی بەعس ڕایکرد.

باقر حەکیم یەکێک بوو لە کەسایەتییە سیاسییە کاریگەرەکانی سەدەی بیست لە عێراقدا و تا کاتی ڕووخانی حکومەتەکەی سەدام حسێن، وەک ئۆپۆزسیۆن مایەوە.

لە ساڵی ٢٠٠٣ دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حسێن گەڕایەوە عێراق، بەڵام دوای سێ مانگ لە کەوتنی حکومەتی عێراق لە کاتی هاتنە دەرەوەی لە مزگەوتێکی نەجەف، تەقینەوەیەک لە بەردەمیدا ڕوویدا و خۆی ٩٥ کەسی دیکە کوژران.


 
1590 جار خوێندراوەتەوە