گۆڕان: لەگەڵ یەک هەڵوێستی و یەکگرتویین

KNN : Kurdish News Network
01:23 - 02/12/2019
کوردستان
+
-

رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، عومەر سەید عەلی جەختی لەسەر یەکگرتویی و یەک هەڵوێستی لایەنە کوردیەکان لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان کردەوە و رایگەیاند: "پێشتر بە ئەمریکیەکانمان وتوە؛ کورد بەکرێگیراو نیە و تەنیا بۆ پارە و چەک شەڕ ناکات، بەڵکو نەتەوەیەکە داوای ماف و خەبات بۆ هێنانەدی ئامانجە نیشتمانیەکان دەکات."

 

 ئەم وتەیەی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە میانەی کۆبونەوەیەک هات لەگەڵ کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (کەنەکە) کە ئەمڕۆ یەکشەمە (٢ی١٢ی ٢٠١٩) وەک وەفدێکی باڵا سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد لە سلێمانی.

 

لە کۆبونەوەکەدا، ئەحمەد قەرەموس هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، سوپاسی پشتیوانی و پشتگیری بەردەوامی گۆڕانی کرد لە ئەرکەکانی کەنەکە و سەرخستنی کارەکانی (١٩)هەمین کۆنگرەیان. هاوکاتیش رۆڵی بزوتنەوەی گۆڕانی بەرزنرخاند لە پشتوانی بەردەوامی کێشەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و پەرۆشیان بۆ یەکڕیزی و یەکگرتویی گوتاری کوردی لەسەر ئاستی هەرێم و پارچەکانی دیکەی کوردستان.

 

هاوسەرۆکی کەنەکە، ئامانجی سەردانەکەیانی بۆ هەرێمی کوردستان رونکردەوە و وتی: "ئاڵنگاریەکانی بەردەم کورد لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان زیاتر بوە، روداوە سیاسیەکانی عێراق و سوریا و پێگەی کورد لەناویان بۆ ئێمە وەک جێی بایەخن، لەبەرئەوە هاتوین پارتە سیاسیەکان لەنزیکەوە ببینین و دواین گۆڕانکاریە سیاسیەکانیان تاوتوێ بکەین و لە پێناو رەوینەوەی مەترسیەکان داوای یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیان لێ بکەین."

 

لەبەرامبەردا، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، عومەر سەید عەلی، بە گەرمی وەفدەکەی بەخێرهێنا و روانگەی گۆڕانی لەهەمبەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان رونکردەوە و رایگەیاند: "گۆران پشتگیری سیاسیی و دیبلۆماسی و میدیایی لە خەباتی کورد لە هەمو پارچەکانی کوردستان دەکات و، لەم دۆخە ئاڵۆزەی لە عێراق و سوریاش دەگوزەرێ یەکهەڵوێستی و یەکگرتویی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان پێویستیەکی یەکجار گرنگە."

 

پەیوەست بە هەرێمی کوردستان، عومەر سەید عەلی پاراستنی قەوارە و دەستکەوتەکانی هەرێمی بە ئەرکی هەمو لایەنە کوردیەکانی زانی و، ئاماژەی بەوەشکرد گەندەڵی و کەموکورتی ئیداری هەیە هەربۆیە ئەنجامدانی چاکسازی و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانی وەک ئەولەویەتی سیاسیی گۆڕان هێنایە زمان. بۆ رۆژئاوای کوردستانیش رێککەوتنی لایەنە سیاسیەکانی بۆ رەوینەوەی مەترسیەکانی سەر رۆژئاوا بە پێویست زانی.

 

 

 

 

1632 جار خوێندراوەتەوە