عەدنان عوسمان: ئەولەویەت لاى ئێمە پرۆسەى چاکسازیە

KNN : Kurdish News Network
04:21 - 15/02/2020
کوردستان
+
-

سکرتێرى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت، ئەولەویەت لاى ئێمە پرۆسەى چاکسازیە، چونکە لە قازانجی خەڵكی كوردستانە، دەشڵێت؛ رێککەوتنەکەمان لەگەڵ پارتى بۆ ئەنجامدانى چاکسازى بووە لەپێناو چاکەى گشتیدا و چاوەڕێ دەکەین بەرنامەى حکومەت لەبوارى کارکردندا ببینین.

 

 عەدنان عوسمان سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەى گۆڕان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕى درەو میدیا، باس لە بڕیاردان لەناو بزوتنەوەى گۆڕان و رۆڵ و ئەرکى ئۆرگانەکانى بزوتنەوەکە دەکات و دەڵێت: "تا ئەم ساتەوەختە كە ئێمە قسە ئەكەین شتێك نییە لەناو گۆڕاندا كە بەجددی هاتبێتە پێشەوە‌و ناوی تەوریسی سیاسی بێت، تەوریس واتە ئەوەی كە وەرەسەی كاك نەوشیروانە ‌و لە شوێنی كاك نەوشیروان دانیشتووەو بۆ نمونە بڕیاردەدات لەسەر چارەنوسی حزبەكە".

 

بڕیاردان لە بزوتنەوەى گۆڕاندا لاى ئۆرگانەکانى بزوتنەوەکەیە

جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بزوتنەوەی گۆڕان جڤاتی نیشتمانی هەیە، جڤاتی گشتی هەیە، خانەی راپەڕاندنی هەیە، ژورەكانی هەیە، بڕیاردان لە بزوتنەوەى گۆڕاندا لاى ئەم ئۆرگانانەى بزوتنەوەکە بووە، لە دەرەوەی ئەم مەنزومەیە پرس بە هەڵسوڕاوەكان كراوە‌و رۆژانە پرسیان پێدەكرێت، بەڵام لە دەرەوەی ئۆرگانەكان پرس بە كەسی تر نەكراوە‌، بۆیە شتێک لەناو بزوتنەوەى گۆڕاندا نییە بەناوى تەوریسی سیاسی.

 

 

 

لەبارەى هەنگاوەکانى چاکسازى، سکرتێرى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان ئەوە دەخاتەڕوو، کە پڕۆژەی چاكسازی دەبێت لە بواری (پێشمەرگە، ئاسایش‌، دادگاكان‌، كەرتی ئابوری‌ و پەروەردە) ‌و هەموو بوارەكانی تردا بكرێت، كە پێویستیان بە چاكسازی هەیە، کۆمەڵێک پرسی گرنگ هەن دەبێت كاری چاكسازییان تێدا بكرێت كە ساڵانێكی دورو درێژە كاری وێرانكارییان تێدا كراوە.

ئاماژە بەوە دەکات، بزوتنەوەى گۆڕان بەردەوام پاکێجى چاکسازى هەبوە لە بواری پێشمەرگە، بواری ئەمنی، بواری نەوت ‌و بوارە جۆراوجۆرەكان، ئێستا نیەتێكی باش هەیە لە هەردوولا تەنانەت لەلای یەكێتیش بۆ ئەوەی بتوانین كار لەسەر ئەو بابەتانە بكەین، لەئێستاشدا چاوەڕێی دەستەی چاكسازین، بۆ ئەوەی بتوانرێت لەوێ هەنگاوی كرداری بنرێت بۆ ئەوەی ئەو پاكێجانە پێكەوە پێشكەش بكرێت‌ و بڕواتە بواری جێبەجێكردنەوە.

عەدنان عوسمان لەبارەى رێککەوتنە سیاسیەکەی نێوان بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى بۆ پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، لە رێككەوتنەكەمان لەگەڵ پارتی پەشیمان نین و بۆ پرۆسەی سیاسی لە كوردستاندا گرنگە، ئێستا پابەندی ئەو رێككەوتنەین، بەڵام دەمانەوێت رێككەوتنەکە لەو چوارچێوەیەدا كە كاری لەسەر كرا، كە رێككەوتنێك بوو لەپێناو چاكسازی ‌و چاكەی گشتیدا، كاری لەسەر بكەین.

 

چاوەڕێین بەرنامەى حکومەت لە بوارى کرداریدا ببینین

دەشڵێت: "ئەوەی زۆر كاری لەسەر دەكەین بابەتى بەرنامەی حكومەت ‌و ئەو رێككەوتنەیە كە كردومانە، چاوەڕێی ئەوە دەكەین ئەم قسانە لە بواری كرداریدا ببینین، ئێمە ئێستا هەڵسەنگاندنمان كردووە بۆ ئەم ماوەیەی رابردوو، دواتریش بۆ ماوەی داهاتوو بە هەمانشێوە هەڵسەنگاندنی خۆمان ئەكەین، سەیری ئاڕاستەی حكومەتەكە ئەكەین، ئەگەر بەو ئاڕاستەیە بڕوات كە لەچوارچێوەی رێككەوتنەكەدایە ئێمە پابەند ئەبین بەو رێككەوتنەوە، ئەگەر بەو ئاڕاستەیەشدا نەرۆیشت، ئەوكاتە قسەی خۆمان دەبێت".

سکرتێرى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان، لەبارەى پڕۆژە یاساى چاکسازى کە پەرلەمانى کوردستان پەسەندى کرد رایگەیاند، ئەوە پرۆژەی چاكسازی نییە، پرۆژەی چاكسازییە لە موچە‌ و خانەنشینی ئەگەر رێژەی بۆ دابنێیت لەوانەیە 10%ی پرۆژەی چاكسازی بێت، ئێمە پێش ئەوەی رەشنوسەكەی بڕواتە پەرلەمان داوامان كرد بەڕوونی بووترێت ئەمە بەشێكە لە هەنگاوە بەردەوامەكانی چاكسازی‌، لە بەیاننامەی حكومەتدا كە یاساكەیان نارد ئاماژەیان بەوەكرد كە ئەمە بەشێكە لە پرۆژەیەكی بەفراوان‌ و هەنگاوی گەورەتر بۆ چاكسازی، بۆیە ئەمە بەشێكە، پرۆژەی چاكسازی نییە.

1471 جار خوێندراوەتەوە