بزوتنەوەى گۆڕان: لامەركەزیەت شێوازێکی هاوچەرخی بەڕێوەبردنە

KNN : Kurdish News Network
11:00 - 20/02/2020
کوردستان
+
-

بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت، پێویستیەکانی ئەم قۆناغە وادەخوازێت "دەسەڵاتی جێبەجێکردن" بەشێک لە سەڵاحیات و دەسەڵاتەکانی شۆڕبکاتەوە بۆ پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئالیەتی خزمەتکردنی خەڵک خێراتر بکرێت.

ئاماژە بەوە دەکەن، سیستەمی نەناوەندێتی (لامەرکەزیەت) لە بەرنامەی سیاسیی بزوتنەوەکەیاندا وەک شێوازێکی هاوچەرخی بەڕێوەبردن و کارگێڕی جێگیر کراوە و خزمەتکردنی هەمو پارێزگا و شار و شارۆچکەکان بە یەکسانی؛ ئەرکی سەرەکی حکومەتی هەرێم و هەمو لایەنەکانە.

بزوتنەوەی گۆڕان هەفتانە وتارێک لەسەر بابەتە گەرمەکانی رۆژ و پەیوەست بە ژیان و چاکەی گشتی لە هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا وتاری ئەم هەفتەیە تایبەت کراوە بە قسەکردن لەسەر لامەركەزیەت وەک شێوازێکی هاوچەرخی بەڕێوەبردن.

لە گوتارەکەدا بزوتنەوەى گۆڕان ئەوەش دەخاتەڕوو، یەکێک لە خاڵەکانى رێککەوتنى سیاسیی نێوان بزوتنەوەى گۆڕان و پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت، پەیڕەوکردنی لامەرکەزیەتی کارگێڕی و داراییە بۆ پارێزگاکان.

گوتارى هەفتانە:

لامەركەزیەت شێوازێکی هاوچەرخی بەڕێوەبردنە

لە بەرنامەی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕاندا، سیستەمی نەناوەندێتی (لامەرکەزیەت) وەک شێوازێکی هاوچەرخی بەڕێوەبردن و کارگێڕی جێگیر کراوە و جەخت لە پێویستی پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمە بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەرێم کراوەتەوە. هاوکاتیش بە یەکسانی خزمەتکردنی هەمو پارێزگا و شار و شارۆچکەکان و، گەیاندنی دەستی ئاوەدانکردنەوە و پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانیش ئەرکی سەرەکی حکومەتی هەرێم و هەمو لایەنەکانە.

لە رێککەوتنی سیاسیی نێوان ئێمە و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، بە روونی هاتوە "پەیڕەوکردنی لامەرکەزیەتی کارگێڕی و دارایی بۆ پارێزگاکان و شۆڕبونەوەی دەسەڵات بۆ یەکە کارگێڕیەکان" ئەرکێکی لەپێشینەی ئەم کابینەی حکومەت و بەشێکە لە کارنامەکەی، هەربۆیە رەنگدانەوەی ئەم مۆدیلە لە ئیدارەدان بەشێکی جیانەکراوەی پرۆسەی چاکسازی و، هەوڵێکی رژدیشە بە ئاراستەی کەمکردنەوەی گلەیی و گازندەی هاوڵاتیان لە چۆنیەتی گەیاندنی خزمەتگوزاریەکان.

لێرەوە، لەنێوان شێوازی بەڕێوەبردنی ستونی و شێوازی بەڕێوەبردنی ئاسۆیی، ئێمە دوەمیان پەسەند دەکەین و بڕوامان وایە حوکمڕانی مەرکەزی و کۆکردنەوەی هەمو دەسەڵاتەکان لە ناوەندێکدا سەرکەوتونابێت لە دەستەبەرکردنی لانیکەمی عەدالەت لە دابەشبونی پڕۆژەکان و خزمەتکردنی خەڵکدا. هەربۆیە وەڵامدانەوەی پێویستیەکانی ئەم قۆناغە وادەخوازێت "دەسەڵاتی جێبەجێکردن" بەشێک لە سەڵاحیات و دەسەڵاتەکانی شۆڕبکاتەوە بۆ پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگاکان ئالیەتی خزمەتکردنی خەڵک خێراتر بکرێت، وەلانی کەم پێویستە یاسای ژمارە (٣) ی (٢٠٠٩) ئەنجومەنی پارێزگاکان جێبەجێ بکرێت.

دابەشکردنی بەشێک لە دەسەڵاتەکان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، متمانەی خەڵک بە دەسەڵاتە مەحەلیەکان زیاتر دەکات و، جۆرێک لە لامەرکەزیەت لە بابەتی جێبەجێکردنی کارگێڕی، جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و دابەشکردنی بودجە لەنێوان پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە دەسازێنێت، بەمەش هەمو پارێزگاکان سودمەند دەبن و، ئێمەش بە یەک دوری بەرگری لە عەدالەتی جوگرافی و عەدالەتی دابەشکردنی،خزمەتگوزاریەکان بۆ هەمو ناوچەکانی کوردستان دەکەین.

ئێمە سەرباری ئەوەی خۆمان بە بەرپرس ئەزانین لە سەرجەم ناوچەو دێ و شارەکانی کوردستان و کار بۆ بەرزکردنەوەو بەهێزکردنی ئاستی خزمەتگوزاریەکان دەکەین لە سەرانسەری هەرێمدا، بەلام پەیوەندیدار بە ئاستی خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەوە، ئەوەی هەیە لە ئاست خواست و داواکاری و پێداویستیەکانی خەڵکی ئەم ناوچەیە نیە، ئێمە لە کاتێکدا هەمو هەرێمی کوردستان بە ناوچە دابڕێندراوەکانیش بە یەک پاکێج سەیر دەکەین و ئیش بۆ ئەوە دەکەین خزمەتگوزاریەکان بە یەکسانی هەمو ناوچەکان بگرێتەوە، بەڵام پێمانوایە سلێمانی شایەنی خزمەتی زیاترە، بەتایبەت لە پڕۆژەکانی رێگاوبان و خزمەتگوزارییە بنەڕەتیەکان و هێنانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.

گۆڕان خۆی بە خاوەنی سلێمانی و خاوەندارێتی لە داوا رەواکانی خەڵکی ئەم پارێزگایە و پارێزگاکانی دیکەش دەکات، لەو چوارچێوەیەدا رەنگدانەوەی جۆرێک لە سیستمی لامەرکەزیەت لە کاروبارەکانی حکومەتی هەرێم بە پێویستیەکی لە پێشینەی ئەم کابینەیە دەزانین کە تائێستا وەک حکومەتێکی مەرکەزی دەرکەوتوە. لەگەڵ ئەوەشدا، تیمەکانمان لە حکومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان رادەسپێرین بە هەماهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکە کار بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و خزمەتکردنی راستەوخۆی خەڵک بکەن.

حکومەت و دەسەڵاتی ئیداری موڵکی خەڵکە و هاوڵاتیان چاوەڕوانی لە ئێمەیە، جیاوازیەکان لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و ئاستی گەشەسەندنی شاروشارۆچکەکان لە ژیانی رۆژانەیان رەنگبداتەوە، هەربۆیە مەسەلەی لامەركەزی لای گۆڕان بایەخی سیاسیی و ئیداری هەیە، چونکە نەناوەندێتی حكومەت لە مەركەزدا بچوك دەكاتەوە‌و دەسەڵات لە شارەكاندا گەورە دەكات، هەمو ئەزمونە سەرکەوتوەکانی دنیاش کە خاوەن حكومێكی رەشیدن لەسەرەوە حكومەتەكەیان بچوكە‌و لە خوارەوە بنكە فراوانە. ئەم جۆرە لە بەڕێوەبردن ئاستی متمانەی خەڵک بە حکومەت و حیزبەکان فراوان دەکات و خزمەتێکی گەورەش بە سەقامگیری سیاسیی و ئیداریی و ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکات.

بزوتنەوەی گۆڕان
٢٠ی ٢ی ٢٠٢٠

743 جار خوێندراوەتەوە