سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی: ئامادەین بۆ هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان و پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان

KNN : Kurdish News Network
12:02 - 14/03/2020
کوردستان
+
-

سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی رایدەگەیەنێت، بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەی هەر هەنگاو و کارێکە کە لە خزمەت هاوڵاتیان و لایەنی پەیوەندیدار بێت بۆ روبەروبونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا، بەپێویستیشی دەزانێت میکانیزمێکی گونجاو بدۆزرێتەوە بۆ هاوکاری کردنی ئەو هاوڵاتیە کەم دەرامەتانەی بژێویان لەسەر کاری رۆژانەیە و بەهۆی ئەم دۆخە لەناکاوەوە لەماڵەوەن سەرچاوەی داهاتیان نەماوە.

عەدنان عوسمان، سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی و ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ وەک پێشتریش لە راگەیەندراوی فەرمیدا جەختمان لێکردەوە، بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەی تەواوی هەر هەنگاو و کارێکە کە لە خزمەت هاوڵاتیان و لایەنی پەیوەندیدار بێت بۆ روبەڕوبونەوەی نەخۆشی و ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەم دۆخە تەندروستیە خراپەی هەرێم و ناوچەکەی گرتوەتەوە.

دەشڵێت: "بە هەمو ئیمکانیەتمانەوە لە خزمەتی دامەزراوە تەندروستیەکان و لایەنی پەیوەندیدارین بۆ پاراستنی هاوڵاتیانمان، سەرجەم هەڵسوڕاوەکانمان لە هەمو ئاستەکاندا بەشێوەیەکی خۆبەخشانە لە کاتی پێویستدا تەرخان دەبن بۆ ئەو مەبەستە و هەر لە ئێستاوە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا تەندروستیەکان و هێزەکانی ناوخۆ دەکەین بۆ هاوکاری و پێکەوە کارکردن لە پێناو پاراستنی نیشتمان و خەڵکەکەمان لەم پەتا مەترسیدارە".

هەروەک جەخت دەکاتەوە لەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداربون لە خزمەت کردن لەم پڕۆسەیەدا دەبێت بە "ئەرکێکی نیشتمانی" دەزانێت، داواش لە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار دەکات میکانیزمێک دابنرێت بۆ کۆمەک کردنی ئەو هاوڵاتییە کەم دەرامەتانەی بژێوی ژیانیان لەسەر کارکردنی رۆژانەیە و بەهۆی ئەم دۆخە لەناکاوەوە سەرچاوەی داهاتیان نامێنێت، "بۆ ئەوەش دەتوانرێت هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بکرێت لەرێگەی هاوکاریکردنیان بە بەشەخۆراک یان پێدانی هاوکاری دارایی لە رێگەی بنکەکانی دابەشکردنی خۆراکەوە تا تێپەڕاندنی ئەم دۆخە".

1577 جار خوێندراوەتەوە