نەوشیروان مستەفا؛ تاقانە سەركردە رۆشنبیرەكەی مێژوی هاوچەرخی كورد

KNN : Kurdish News Network
10:31 - 21/05/2020
کوردستان
+
-

بەدەگمەن هەڵدەكەوێت مرۆڤێك بتوانێت هێندە فرە رەهەند بێت، كە پسپۆڕی  چەند بوارێكی جیاوازی وەك (سیاسەت، ئەدەب، مێژوو، زمانەوانی، جوگرافیا  و كۆمەڵناسی) و چەند بوارێكی دیكە لەخۆیدا كۆبكاتەوە، لەمەش گرنگتر ئەوەیە لە كۆی ئەو بوارانەدا جێدەستی دیار بێت و نوسین و بەرهەمە چاپكراوەكانی وەك سەرچاوەی زانستی بە نرخ سودیان لێ وەربگیرێت.

ئەگەر لەنێو كۆمەڵگەی كوردیدا بۆمرۆڤێكی لەم چەشنە بگەڕێین، ئەوا بێ‌ دوو دڵی و گومان تاكەكانی ئەم كۆمەڵگەیە و تەنانەت كۆمەڵگەكانی دەوروبەریشمان ئاماژە بۆ ناوێک دەکەن، کە ئەویش نەوشیروان مستەفایە.

سیاسەتمەدارێكی رۆشنبیر
لەگەڵ باسكردن لەم كەسایەتیە، راستەوخۆ وێنەی پێشمەرگە و سەركردە و سیاسەتمەدارێك دێتە بەرچاوان، بەڵام سیاسەتمەدارێكی جیاواز، سیاسەتمەدارێكی رۆشنبیر و خاوەن قەڵەمێكی بە بڕشت لە بوارەكانی مێژوو، ئەدەب، رۆژنامەوانی، كۆمەڵناسی و زمانەوانی.

نەوشیروان مستەفا و بزاوتی رۆژنامەگەری كوردی
وەك چۆن ناكرێت لەنێو رووداوە سیاسیەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم و سەرەتاكانی سەدەی بیست و یەكدا، رۆڵی ڕێبەراتی نەوشیروان مستەفا نادیدە بگیرێت، بەهەمان شێوە ناكرێت باس لە بزاوتی رۆژنامەگەری كوردی بكرێت لەهەمان سەردەمدا و ئاماژە بەرۆڵ و كاریگەری نەوشیروان مستەفا نەكرێت.

كاركردنی نەوشیروان مستەفا لەبواری رۆژنامەگەریدا، هەر لەسەرەتای تەمەنی لاویەوە دەستی پێكردوە، ئەو سەردەمە نوسینەكانی كە زیاتر لەرەخنەی ئەدەبی و سیاسیدا خۆیان دەبینیەوە، لە رۆژنامەكانی (پێشكەوتن، رۆژی نوێ‌، ژین و گۆڤاری رووناهی) بڵاوكردوەتەوە، كاركردنی تەنها لەبڵاوكردنەوەی بابەتی رۆژنامەوانی و دەركردنی گۆڤارێكدا چڕنەكردوەتەوە، بەڵكو  لەقۆناغەكانی دواتردا بەچڕی كاری لەسەر مێژوی رۆژنامەوانی كردوە و یەكێك لە باشترین كتێبەكانیشی تایبەتە بە قۆناعەكانی مێژوی رۆژنامەوانی كوردی.

لەم لێكۆڵینەوە ناوازەیەدا نەوشیروان مستەفا وەك توێژەرێك كاری لەسەرمێژوی (60) ساڵی رۆژنامەگەری كردوە، واتە لە نێوان ساڵانی (1989 - 1958)، تایبەتمەندی و خاڵی جیاوازی ئەم نوسینەوەیەی مێژوی رۆژنامەگەری كوردی ئەوەیە، كە نوسەرەكەی تەنها مێژوی نەگێڕاوەتەوە، بەڵكو بەشێوەیەكی جیاوازتر كاری لەسەر كردوە.

پەیام؛ لە بەرهەمە چاپکراوەنى نەوشیروان مستەفادا
بە ئاوڕدانەوە لە بەرهەمە چاپكراوەكانی، ئەوە بەڕونی دەردەكەوێت، كە بایەخدان بە گۆشە جیاوازەكانی مێژوی گەلی كورد، پانتاییەكی بەرفراوانی لە ژیانی نەوشیروان مستەفا داگیركردوە، لەو بوارەشدا خاوەنی كۆمەڵێك كتێب و بەرهەمی چاپكراوە، وەك (كورد و عەجەم، حكومەتی كوردستان لەگەمەی سۆڤێتیدا، سەردەمی قەڵەم و موراجەعات) ئەمە جگە لە بیرەوەریەكانی سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێ و دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری، كە لە سێ‌ بەرگدا و لەژێر ناوەكانی (لە كەناری دانوبەوە بۆخڕی ناوەزنگ، پەنجەكان یەكتری دەشكێنن، خولانەوە بەدەوەری بازنەدا) بڵاویكردونەتەوە، لە هەموو ئەو بەرهەمانەشدا هەمیشە پەیامی سیاسی ئامادەگی هەبووە.

دۆخی سیاسی ئەم ناوچەیە لە كۆتایی ساڵانی پەنجاكان و سەرەتاكانی شەستەكانی سەدەی رابردوودا وایخواستوە، كە گەنجان بایەخێكی زیاتر بە خوێندنەوە و خۆ رۆشنبیركردن بدەن، ئەوەش بۆتە دەرفەتێكی زێڕین بۆ نەوشیروان مستەفا تاكو ئاستی رۆشنبیری خۆی بەرزبكاتەوە، ئەمە جگە لەوەی وەك كەسێكی خاوەن پەیام هەر لەو سەردەمەوە هەستی بە بەرپرسیارێتی كردوە و كاری بۆگەیاندنی پەیامەكەی كردوە.

میراتی نەوشیروان مستەفا بۆكتێبخانەی كوردی كۆمەڵێك  كتێبی  گرنگ و پڕ بایەخن لە بوارەكانی (مێژوو، ئەدەب، سیاسەت و كۆمەڵناسی) ئەوەش جگەلەوەی نیشانەی خەمخۆریە بۆ نەوەكانی دوای خۆی، خاڵێكی دیكەی جیاكەرەوەیەتی لە هاوڕێ سیاسەتمەدارەكانی.
2104 جار خوێندراوەتەوە