هەرێمى کوردستان لە (11) ساڵى کارکردنى گۆڕاندا

KNN : Kurdish News Network
01:00 - 26/07/2020
کوردستان
+
-

هاوشێوەى مێژوى هەشتا ساڵى رابردوى شۆڕش و راپەڕین و وەرچەرخانى کورد، 25/7/2009، لەپاڵ 11ى ئەیلولى 1961 و 5ى ئازارى 1991، لای  هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەگشتی و ئەوانەی  ئەوسا و ئێستاش خواستی چاكسازیان هەیە بەروارێكی لەبیر نەكراوە و بۆتە هێمای چاكسازی و خەباتی مەدەنی، ئەوەش لەسەر ئەوبنەمایەی لەو رۆژەوە قۆناغێكی نوێی خەباتی سیاسی  لەباشوری كوردستان  لەپێناوی  ئەنجامدانی ریفۆرمی گشتی و بەدیهێنانی دادپەرورەی كۆمەڵایەتی و راستكردنەوەی سیستمی حوكمرانی بە ڕێبەرایەتی بزووتنەوەی گۆڕان دەستی پێكرد.

 

لە25ی 7ى 2009دا هاوڵاتیانی كوردستان لەرێی سندوقی دەنگدانەوە پەیامی  ناڕازیی بوون و  بێزاریان لە شێوازی حكومڕانی 18 ساڵ لەوەوپێشی هەرێم گەیاندە هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەكە و بەدەنگەكانیان بزوتنەوەی گۆڕانیان كردە خاوەنی 25 كورسی پەرلەمان، بەوەش بۆیەكەمجار لە مێژووی هاوچەرخی  گەلی كوردا روویدا كە هێزێكی سیاسی لە ماوەیەكی كەمدا ببێتە جێی متمانەی بەشێكی زۆری هاوڵاتیان، هەر ئەمەش بوو هاوڵاتیانی كوردستانی دڵخۆش و نەیارەكانی ئەم بزوتنەوە جەماوەریەشی توشی شۆك كرد.

 

لە دواین پەیامی بانگەشەی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی ساڵی 2009 دا رەوانشاد نەوشیروان مستەفا وەك كەسی یەكەمی  بزووتنەوەی گۆڕان بەڵێنی كۆتایی هێنان بەپەراوێزخستنی خەڵك و گرنگیدان بەكێشەكانیان و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و   سنوردانان بۆ بەتاڵانبردنی داهات و گۆرینی شێوازی حكومرانی ئەم هەرێمەی  بە خەڵكی كوردستاندا.

 

ئەم بەڵێنانە و كۆی ئەو بەڵێنانەش كە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بە خەڵكی كوردستان درابوون لە ماوەیەكی كەمدا بوون بە كردار، كاتێك فراكسیۆنی گۆڕان  بوو بە رێبەری ئەو رەوتەی كە داكۆكیان لەمافەكانی خەڵكی كوردستان و چەسپاندنی دادپەروەری   و یەكسانی دەكرد، ئەوەش بۆ خەڵكی كوردستان نامۆ بوو، چونكە تا ئەو كاتە رووی نەدابوو هێزێكی سیاسی هێندە خاوەن مۆراڵ  بێت كە گوفتار و كردارەكانی تەواوكەر و هاوتای یەكتری بن، لەساڵانی دواتریشدا ئەمە بو بە بەشێك لەكەلتوری ئەم هێزە سیاسیە، بە جۆریك كە بەوەفابوون بەرامبەر بەو بەڵێنانەی بەخەڵكیان داوە  بو بەشوناسی بزوتنەوەی گۆڕان، چونكە ئەم هێزە هیچ كات و لەبەرامبەر هیچ هێزێكدا لەو بەڵینانەلاینەدا، ئەگەرچی باجی قورسی  لەپێناوی جێبەجێ‌ كردنیاندا، داوە.

 

رووداوە سیاسیەكان و شێوازی ململانێكان و گۆڕینی نەخشەی سیاسی هەرێم، ئەو راستیەمان بۆ روون دەكاتەوە كە بزوتنەوەی گۆڕان  ئەزموونی حوكمرانی لە باشوری كوردستاندا بەسەر دووقۆناغدا دابەشكردوە، قۆناغی یەكەم بریتیە لە قۆناغی بەرلە دورستبوونی ئەم بزوتنەوەیە كە بریتیە لە سەردەمی شەری ناوخۆ و دووئیدارەیی و داخزانی هەرێم بەرەو گەندەڵی و ناعەدالەتی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، قۆناغی دووەمیش قۆناغی دوای ساڵی 2009 و سەرهەڵدانی ئەم بزوتنەوە جەماوەریەیە كەبریتیە لە سەردەمی دەستپێكردنی خەباتی مەدەنی و سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆن و یەكلایی كردنەوەی ناكۆكیەكان بە ڕێگای مەدەنی.

 

ئەنجامدانی ریفۆرمی گشتی و بنەبڕكردنی گەندەڵی و هێنانەكایەی سیستمێكی حكومڕانی شیاو و  بە دیهێنانی دادپەروەری كۆمەڵایەتی، ئەو ئامانج و ستراتیژانەن كە بزووتنەوەی گۆڕان 11 ساڵە كار بۆ بەدیهێنانیان دەكات، ئەوەی لەم نێوەندەدا گۆڕانكاری بەسەردا هاتوە تەكنیك و شێوازی بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەیە، بەمانایەكی تر بزوتنەوەی گۆڕان سەردەمێك لە رێی ئۆپۆزسیۆن بونەوە كاری بۆ بەیهێنانی ئەو ئامانجانە كردوە  و سەردەمێكیش لە رێی بەشداری كردنێكی كارا لە حكومەتدا.

641 جار خوێندراوەتەوە