كاوە عەبدوڵا: پارتی و یەكێتی لامەركەزێتیەكیان دەوێت لە زیانى خۆیاندا نەبێت و سنورداربێت

KNN : Kurdish News Network
09:18 - 26/02/2021
کوردستان
+
-

سازدانى : سەرچین ساڵح

كاوە عەبدوڵا رێكخەری ژووری حكومەتی بزوتنەوەی گۆڕان، نوێترین هەوڵەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی و یەكێتی بۆ پەیڕەوكردنی سیستمی لامەركەزی ئاشكرا دەكات، جەخت دەكاتەوە پارتی و یەكێتی سیستمی لامەركەزی داراییان ناوێت.

لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ دیجیتاڵ میدیاى (KNN)، رێكخەری ژووری حكومەتی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "پارتی و یەكێتی پێیانوایە ئەكرێ یاسای ژمارە (3)ى ساڵی (2009) بە دوو قۆناغ هەموار بكرێتەوە، قۆناغی یەكەم دەیانەوێت لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە دیدی گۆڕان و پارتی و یەكێتی جۆرێك لە دەسەڵات دابەزێنن بۆ پارێزگار و قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەكان، دوای ئەوە دەیانەوێت لە پەرلەمانی كوردستان یاساكە هەموار بكرێتەوە".

دیجیتاڵ میدیاى (KNN): بەحوكمی ئەوەی پێشتر سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بوویت، گرنگی لامەركەزیەت لە چیدایە؟
كاوە عەبدوڵا: لامەركەزیەت یەكێكە لە سیتەمە پێشكەوتووەكانی دنیا، دوشت زۆر بڵاوە سیستمی مەركەزی و لامەركەزی، مەركەزی چڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانە لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران یان لەناو وەزارەتەكان و پایتەختدایە، ئەم سیستەمە زەرەرێكی زۆری داوە و ڕۆتینی زۆرە و گەندەڵی زۆری تێدەكەوێت، ئیشی خەڵك دوادەكەوێت و شەفافیەتی تێدا نییە، خەڵك ناتوانێت كاروبارەكانی بە ئاسانی جێبەجێ بكات، لەپاش روخاندنی رژێمی بەعس هاوپەیمانان بیریان لەوەكردەوە خەڵك لە سیستەمی مەركەزی زەرەرمەند دەبێت، بۆیە بیریان لەوەكردەوە لە سەرتاسەری عێراقدا سیستەمی لامەركەزی جێبەجێبكەن، ئەوان سەرەتا لە فۆڕمێكی گشتیدا بەپێی بڕیاری (71)ى بریمەر؛ ئەنجومەنی پارێزگاكانیان رێكخست، ساڵی (2005) هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجامدرا، ئەوان ئەو فۆڕمەیان بۆ ئەوەبوو جۆرێك لە لامەركەزی جێبەجێبكەن، كە جۆرێكە لە دیموكراسی، ساڵی (2008) عێراق یاسایەكی دەركرد بۆ ئەو پارێزگایانەی لە هەرێمدا نین، هەرێمی كوردستانیش یاسای ژمارە (3)ى ساڵی (2009)ى دەركرد، ئەگەر بەراوردیان بكەین یاساكەی عێراق لامەركەزیەتی زۆری تێدایە و جۆرێك لە كرانەوەی تێدایە، بەڵام هەردوو یاساكە نەیانتوانی لامەركەزی جێبەجێبكەن.

دیجیتاڵ میدیاى (KNN): ئێستا سیستەمی هەرێمی كوردستان مەركەزییە یان لامەركەزییە؟
كاوە عەبدوڵا: سیستەمی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە (3)ى ساڵی (2009) لامەركەزییە، بەڵام لە حاڵی حازردا سیستەمێك نیە ناوی لامەركەزی بێت، پارتی و یەكێتی ئەوەندە لەگەڵ لامەركەزیدان هەتاوەكو بەرخۆیان نەكەوێت، ئەوەندە لەگەڵ دیموكراسیدان تاوەكو بەر خۆیان نەكەوێ، كە بەریان كەوت نە لامەركەزین نە دیموكراسین، هەر یەكەیان بەجۆرێك دەیانەوێت لامەركەزی هەبێت.

دیجیتاڵ میدیاى (KNN): ئایا لامەركەزیەت بە مانای دابەشكاری هەرێم نایەت؟
كاوە عەبدوڵا: پێموایە نە مەركەزیەت دەتوانێت هەرێم بپارێزێت، نە لامەركەزیەتیش هەرێم پارچە پارچە دەكات، ئەوانە هیچ هەڕەشەنین لەسەر هەرێمی كوردستان، هەڕەشەەی سەر هەرێمی كوردستان نەبوونی دیموكراسییە، بونی لامەركەزی راستەقینەی ئیداری و دارایی هەرێم بەهێز دەكات، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم دەڵێن ئەگەر لامەركەزی پەیڕەوبكەین خۆمان چیمان بۆ دەمێنێتەوە، بەڵام دوو ئیشی زۆر جیاوازن ئیشی ڕۆژانەی خەڵك دەبێت ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاكان بیكەن، ئیشە ستراتیجییەكان ئیشی حكومەتە و هەردوكیان تەواوكاری یەكترین.

دیجیتاڵ میدیاى (KNN): بزوتنەوەی گۆڕان لامەركەزیەتی بۆ سلێمانی دەوێت یان بۆ هەموو پارێزگاكانی هەرێم؟
كاوە عەبدوڵا: بزوتنەوەی گۆڕان لەساڵی (2009) كە دروستبووە یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی لامەركەزییە، چونكە بڕوای بە فرەحزبی و خزمەتكردنی خەڵك هەیە، بڕوای بە دابەشكردنی دەسەڵات هەیە، گۆڕان پشتگیری یەكەمی لامەركەزییە، باشترین دەلیلیش بۆ ئەوە یەكێك لەو بەرنامانەی لەكاتی چونمان بۆ حكومەت قسەمان تێداكردووە، جێبەجێكردنی لامەركەزییە.

دیجیتاڵ میدیاى (KNN): زیاتر لە شەش ساڵە بزوتنەوەی گۆڕان پرۆژەی لامەركەزیەتی داوە بە حكومەت و پەرلەمان، بۆچی جێبەجێ ناكرێت؟
كاوە عەبدوڵا: پارتی و یەكێتی نایانەوێت لە هەرێمی كوردستاندا سیستەمی لامەركەزی وەكو سیستەمێكی پێشكەوتوخواز جێبەجێبكرێت.

دیجیتاڵ میدیاى (KNN): جیاوازی ئەو لامەركەزیەتەی گۆڕان داوای دەكات لەگەڵ ئەو لامەركەزیەتەی پارتی و یەكێتی داوای دەكەن لە چیدایە؟
كاوە عەبدوڵا: جیاوزیمان لە جێبەجێكردن و دەسەڵاتەكاندایە، ئەگەرنا لامەركەزی هەر لامەركەزییە و لامەركەزی ئیداری و دارایی هەیە، ئێمە پێمان وایە ئەگەر بمانەوێت خزمەتی خەڵك بكەین دەبێت نوێنەرانی خەڵك هەڵبژێردرێت و بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی لە یاسادا بۆی دیاریكراوە خزمەت بكات، لە یاسای ژمارە (3)دا ئەنجومەنی پارێزگاكان پەیوەستن بە وەزارەتی ناوخۆوە كە لە هیچ شوێنێكی دنیادا نییە ئەنجومەنێكی هەڵبژێردراو پەیوەستبێت بە وەزارەتی ناوخۆوە، دەبێت پەیوەستبن بە پەرلەمانەوە یان پەیوەستبن بە دەستەیەكی سەربەخۆوە لە ئەنجومەنی وەزیران، بەستنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە وەزارەتی ناوخۆوە دیدێكی مەركەزی و پۆلیسییە.

دیجیتاڵ میدیاى (KNN): پێشتر یەكێتی پشتیوانی پرۆژەی لامەركەزیەتی دەكرد؟
كاوە عەبدوڵا: ئەگەر پۆلێنی حزبەكان بكەین ئەوەی نایەوێت لامەركەزی لە سەدا سەد جێبەجێبكرێت پارتییە و كێشەی زۆری بۆ دروست دەكات، پاشان یەكێتی  چەند ساڵێكی پێشوو چووبووە ژێر كاریگەری پارتییەوە، بەڵام دەركەوت سیستمی مەركەزی لە قازانجی كەسدا نییە بۆیە لە ئێستادا پارتی و یەكێتی دەیانەوێت جۆرێك لە لامەركەزیەت هەبێت بەشێوەیەك لە زەرەری خۆیاندا نەبێت و لامەركەزی سنورداریان دەوێت.

دیجیتاڵ میدیاى (KNN): لە رێككەوتنی پارتی و گۆڕاندا بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت چۆن باسی لامەركەزیەت كراوە؟
كاوە عەبدوڵا: لەو رێككەوتنەدا جۆرێك باس لە لامەركەزی كراوە كە ئەو شوێنانەی ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكانی تێدایە كارەكانی خۆیان بەپێی یاسا بكەن، بەڵام ئێستا بەپێی یاسای ژمارە (3) كارناكرێت لە هەرێمی كوردستاندا، هەرچەندە زۆرلامەركەزی نییە، بەڵام قۆناغێكی باشە بۆ جێبەجێكردنی لامەركەزی، لەسەرو ئەوەشەوە پارتی و یەكێتی نایانەوێت جێبەجێ بكرێت، بۆ نمونە؛ هەموو بەڕێوەبەری فەرمانگەكان لە رێگەی سیڤییەوە بێت؛ بە ئێستایشەوە پارتی و یەكێتی دژی ئەوەن دەیانەوێت پشكی حزبی بێت و پشكی زۆرینەیش بۆ خۆیان بێت، بۆیە پێموایە لە هەرێمی كوردستاندا لامەركەزی ئەتكکراوە.

دیجیتاڵ میدیاى (KNN): بە قسەكانتا وادیارە زۆر گلەیتان لە یاسای ژمارە (3)ى ساڵی (2009) هەیە، ئایا بەدیلی ئەم یاسایەتان هەیە؟
كاوە عەبدوڵا: بەڵێ بەدیلمان هەیە و دڵنیام پارتی و یەكێتیش هەیانە هەریەكەمان بەدیدی خۆمان، بەڵام دەبێت لە پەرلەمان دیدێكی هاوبەشمان هەبێت، لەبەرئەوەی بەزۆرینە و كەمینە تێدەپەڕێت و زۆرینەیش پارتییە.

دیجیتاڵ میدیاى (KNN): واتا لامەركەزیەت پێویستی بە هەمواركردنەوەی یاساكە هەیە؟
كاوە عەبدوڵا: بەڵێ پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە و ئێمە لە ساڵی (2009) سێ جار بە نوسراوی فەرمی داوامان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەت كردووە كە ئەو یاسایە هەموار بكرێتەوە.

دیجیتاڵ میدیاى (KNN): هیچ شتێك كراوە بۆ هەمواركردنەوەی یاساكە، بەتایبەت ماوەیەك پێش ئێستا لەسەر ئەو پرسە وەفدێكی پارتی سەردانی گۆڕان و یەكێتی كرد؟
كاوە عەبدوڵا: پارتی و یەكێتی پێیانوایە ئەكرێ ئەم یاسایە بە دوو قۆناغ هەموار بكرێتەوە، قۆناغی یەكەم دەیانەوێت لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە دیدی گۆڕان و پارتی و یەكێتی جۆرێك لە دەسەڵات دابەزێنن بۆ پارێزگار و قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەكان، ئەمە نییەتێكی باشە، بەڵام تا نەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە نییەتی باش هیچ ناهێنێت، لەو چوارچێوەدا پەیڕەوێك دەردەچێت بۆ یەكە ئیدارییەكان بۆئەوەی بتوانن لامەركەزی جێبەجێبكەن؛ هەنگاوێكی خراپ نیە و هەنگاوێكە بۆ بەرەوپیری لامەركەزیەت، دوای ئەوە دەیانەوێت لە پەرلەمانی كوردستان یاساكە هەموار بكرێتەوە.

دیجیتاڵ میدیاى (KNN): هیچ لایەنێک جەختى لەوە کردوەتەوە کە لامەركەزی دارایی نەوێت؟
كاوە عەبدوڵا: پارتی و یەكێتی لامەركەزی داراییان ناوێت، حكومەت جۆرێك لە شێواوی و بۆشایی یاسایی تێدایە، تائێستا پارتی و یەكێتی كە دەروازەكانیان بەدەستەوەیە قسە لەسەر یەكتری دەكەن كە جۆرێك لە گەندەڵی و قاچاخی هەیە، واتە دۆخى دارایی هەرێم شەفاف نییە، تائێستا زۆربەی وەزیرەكان نازانن وەزعی نەوت لە هەرێم چی لێدێت، پەرلەمان نازانێت وەزعی نەوت لە هەرێم چۆنە، یەكێتیش نایەوێت لامەركەزی دارایی بە تەواوی جێبەجێبكرێت و پارتیش نایەوێت لەبەرئەوەی جۆرێك ناشەفافی هەیە لە بودجەدا.

دیجیتاڵ میدیاى (KNN): هیچ دیراسەیەكتان كردووە بە چەسپاندنی لامەركەزیەت ناوچەكان دەبوژێنەوە؟
كاوە عەبدوڵا: خۆی لامەركەزی واتە بوژانەوە و خزمەتكردنی هەموو ناوچەكان و جۆرێك لە دادپەوەری كۆمەڵایەتی، بەو دەلیلەی ئێمە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوكاتەی لە ئەنجومەن بووین لە عێراقەوە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانمان بۆهات و توانیمان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر هەموو قەزا و ناحیەكاندا دابەشی بكەین، هەر قەزا و ناحیەیەك بە پێی ژمارەی دانیشتوانەكانیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ كرا.

دیجیتاڵ میدیاى (KNN): نوێترین هەوڵی گۆڕان لەسەر لامەركەزیەت چییە؟
كاوە عەبدوڵا: نوێترین هەوڵمان ئەو كۆبونەوانەیە لەگەڵ نوێنەرایەتی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم و وەفدی پارتی و وەفدی یەكێتی ئەنجاممانداوە، بۆئەوەی بتوانین جۆرێك لە لامەركەزی لە هەرێمی كوردستاندا جێبەجێبكرێت.

دیجیتاڵ میدیاى (KNN): پارتی زۆرجار دەڵێت بەشێك لە داهاتی سلێمانی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، دەتوانن بەو داهاتە خزمەتی سلێمانی بكەن، ئایا وایە؟
كاوە عەبدوڵا: داهات لە هەرێم ناڕوون و ناشەفافە دیارە پارتی ئەمە بە یەكێتی دەڵێت، بەڵام یەكێتیش باسی ئەو شوێنانە دەكات كە لە ژێر دەستی پارتیدایە، دۆخەکە جۆرێک لە شێواوى تێدا بەدى دەکرێت و پێویستە هەمومان کۆکبین بۆ چارەسەرکردنى.

1283 جار خوێندراوەتەوە