ئاسایشی عێراق: دوای گەمارۆدانی ئەندامێكی داعش كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا

KNN : Kurdish News Network
02:58 - 11/09/2024
عێراق
+
-

ئاسایشی عێراق بڵاویكردەوە؛ دوای گەمارۆدانی ئەندامێكی رێكخراوی داعش لە پارێزگای كەركوك، كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

هەواڵ: (KNNC)


ئەمڕۆ چوارشەممە، دەزگای ئاسایشی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە كە دەڵێت: لە درێژەی زنجیرە ئۆپراسیۆنەكانی دەزگاكە بۆ بەدواداچونی پاشماوەكانی رێكخراوی داعش لە وڵات، هەروەها دوای وەرگرتنی زانیاری ورد لە ئاسایشی هەرێمی كوردستان، توانیان شوێنی ئەندامێكی رێكخراوی داعش لەشاری كەركوك بدۆزنەوە.

 

دەشڵێت: لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی عێراقەوە گەمارۆی ئەندامەكەی رێكخراوی داعش دراو و لەهیچ لایەكەوە نەیدەتوانی خۆی رزگار بكات، بۆیە كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

 

رونیكردوەتەوە، پێشتر ئەندامێكی رێكخراوی داعش دەستگیركراوە كە زانیاری لەسەر شانەیەكی رێكخراوەكە لە پارێزگای كەركوك ئاشكرا كردوە، كە ئەندامەكانی توانیبویان لە شارەكە خۆیان حەشاربدەن، ئەو ئەندامەشی كە ئەمڕۆ كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا، وەك شۆفێری گروپەكە كاری كردوە.

 

دەزگای ئاسایشی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، لەئەنجامی روبەڕوبونەوە لەگەڵ ئەندامەكەی رێكخراوی داعش لە پارێزگای كەركوك دو ئەفسەریان برینداربون.

72 جار خوێندراوەتەوە