سەرەتاى هەفتەى داهاتو بانگەشەى هەڵبژاردن دەستپێدەکات

KNN : Kurdish News Network
10:17 - 17/09/2024
کوردستان
+
-

سەرۆکى دەستەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئاشکرایدەکات کە لەم دوو رۆژەدا ئەنجومەنى کۆمیسیاران کۆدەبێتەوە و وادەى بانگەشەى هەڵبژاردن دیاریدەکات، ئاشکرایدەکات کە دەستپێکردنى بانگەشە لە سەرەتاى هەفتەى داهاتو دەبێت.

 

هەواڵ:KNNC

 

نەبەرد عومەر، سەرۆکى دەستەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە کەى ئێن ئێن،ى راگەیاند؛ کارەکانى کۆمیسیۆن لە تەواوبوندایە و بڕیارە سبەینێ یان دوو سبەى ئەنجومەنى کۆمیسیاران کۆببێتەوە و وادەیەک بۆ راگەیاندنى بانگەشەى هەڵبژاردن دیاریبکەن.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە پێشبینى دەکەن سەرەتاى هەفتەى داهاتو وەک دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دیاریبکرێت.

 

وتیشى: کۆمیسیۆن وادەى بانگەشەى هەڵبژاردنى کەم نەکردوەتەوە، بەڵام رێکارەکانى ناردنى ناوى کاندیدەکان و گەڕانەوەى لە بەغدادەوە کاتى ویستوە بۆیە تا ئێستا بانگەشەى هەڵبژاردن دیارینەکراوە و وتیشى: هەڵبژاردنى ئەمجارە بەشێوەى بازنەیە و کاندیدەکان تەنها لە ناوچەکانى خۆیان بانگەشە دەکەن بۆیە کاتێکى کەمتریان پێویستە.

 

ئەوەشى ئاشکرا کرد کە لە ئێستادا لە شارەکانى هەولێر و سلێمانى و دهۆک 180 هەزار کارتى بایۆمەترى ماوە و وەرنەگیراونەتەوە و پرۆسەى دابەشکردنى کارتى دەنگدانیش تا رۆژى هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت و داواى کرد هاوڵاتییان بڕۆن و کارتەکانیان وەربگرنەوە.

670 جار خوێندراوەتەوە