ئەمڕۆ لە لوبنان چی رویدا؟ کاردانەوەکان چین؟

KNN : Kurdish News Network
10:35 - 17/09/2024
جیهان
+
-

دوانیوەرۆی ئەمڕۆ لە لوبنان بەهۆی تەقینەوەی ئامێری پەیوەندى بێتەل کە بە “پەیجەر” ناسراوە، 11 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکە 4 هەزار کەسی دیکەش  بریندار بون.


هەواڵ: KNNC


تەقینەوەی پەیجەرەکان و ژمارەی زۆری قوربانیەکان هەر زو کاردانەوەی ناوخۆی و جیهانی لێ کەوتەوە و حزبوڵای لوبنانیش ڕایگەیاندوە ئەمە گەورەترین هێرشی ئەلیکترۆنییە کراوەتە سەرمان، بەهۆی تەقینەوەی ئامێرە بێتەلەکانەوە دو ئەنداممان و منداڵێک گیانیان لەدەست داوە.

حزیبوڵای لوبنانی دەڵێت: تا ئێستا  هۆکاری تەقینەوەی ئامێرە بێتەلەکان ڕون نییە و ئەو ئامێرەی کە بەکاریان هێناوە لە نوێترینەکان بوە و داوای لە لایەنگرانیشی کردوە دورکەونەوە لە بەکارهێنانی ئەو جۆرە ئامێرانە.


لای خۆیشییەوە وەزیری تەندروستیی لوبنانیش بە میدیاکانی ڕاگەیاندوە؛ تا ئێستا بەهۆی تەقینەوەکانەوە 11 کەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 4 هەزار کەسیش بریندار بون، ئاماژەی بەوەشداوە 100 نەخۆشخانە خراونەتە ئامادەباشییەوە بۆ بەهاناوەچونی بریندارەکان.


دوای زیاتر لە حەوت کاتژمێر بەسەر روداوەکەدا؛ ئیسرائیل تا ئێستا بە رەسمی راینەگەیاندوە کە دەستی هەبوە لە روداوەکەدا، بەڵام سایتی ئەکسیۆسی ئەمریکی ئاشکرایکردوە، هەفتەیەک بەر لە ئێستا، لە کۆبونەوەیەکی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلدا، بڕیار لەتەقاندنەوەی ئامێرە بێ تەلەکانی حیزبوڵای لوبنانی دراوە.

ئەمەریکا لەسەر زاری ماتیۆ میلە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاندوە وڵاتەکەی هیچ رۆڵێکی نەبوە لە تەقاندنەوەی ئامێرە بێ تەلەکانی حیزبوڵادا و هیچ زانیارییەکیان لەو بارەیەوە نەبوە، ئەوانیش لە میدیاکانەوە زانیویانە.

 

ئێرانیش رایگەیاند ئەو روداوە کردەوەیەکی تیرۆرستی بوە و بە توندی شەرمەزاری دەکەین، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی رایگەیاند؛ بە توندی ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆریستییە دەکەین  کە لەرێگەی تەقاندنەوەی ئامێری پەیوەندییەکانەوە هاووڵاتیانی لوبنانی کردوەتە ئامانج، ئەوکارە  هاوشێوەی کوشتنی بەکۆمەڵە.





حیزبوڵڵای لوبنانی کە گروپێکی نزیک لە ئێرانە بە نەیاری ئەمەریکا و ئیسرائیل ناسراوە، بەمەبەستی پاراستنی ئەندامەکانی ئامێرە پەیوەندییە پێشکەوتووەکان بەکارناهێنن، بۆ ئەوەی پارێزراوبن لە بڵاوبونەوە زانیارییەکانیان پەنایان بۆ  ئامێری "پەیجەر" بردوە و لەو رێگەیەوە پەیامەکانیان ئاڵوگۆڕ کردوە.


669 جار خوێندراوەتەوە