كۆمەڵی ئیسلامی: راگەیاندنی ئەنجامی فەرمی كۆمسیۆن رەتدەكەینەوە

KNN : Kurdish News Network
03:50 - 23/10/2018
کوردستان
+
-

كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ڕایگه‌یاند، یەكێتی و پارتی لە سلێمانی و هەولێر و دهۆك ساختەكاری زۆریان كردووە و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ ئەنجامی فەرمی كۆمسیۆن رەتدەكەنەوە.

 

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌، رێگەی یاسایی دەگرنە بەر و سكاڵا تۆماردەكەن له‌سه‌ر ئه‌و پرۆسه‌ ته‌زویره‌ی كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا كراوه‌.

 

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، هیوایان وایە حكومەتی ئایندە كاری سەرەكی خزمەتكردنی هاوڵاتیان بێت.

كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌شیدا ئه‌وه‌شی وتووه‌، لەبارەی بەشداریكردنی لە حكومەتدا لە كات و ساتی خۆی بڕیاردەدەن.

 

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

لەكاتێكدا كە گەلەكەمان بەچەند قۆناغێكی گرنگ‌و چارەنووس سازدا تێپەڕیوە، كە گرنگترینیان هەڵبژاردنی 30/9/2018 لەهەرێمی كوردستان بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان.

كۆمەڵی ئیسلامیی وەك پارتێكی سیاسیی كاریگەر لە گۆڕەپانی سیاسیی‌و كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان یەكێك بوو لە لایەنە بەشداربووەكان‌و لەئەنجامدا متمانەی ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی بەدەست هێناو بەپێویست زانرا لەم هەل‌و مەرجەدا ئاماژە بەچەند خاڵێك بكەین:

یەك:
ئەنجوومەنی سەركردایەتیی نیگەرانیی خۆی دەربڕیی‌و بەتوندیی ئیدانەی ئەو لێشاوە ساختەكارییەی كرد، كە پارتیی‌و یەكێتیی هەریەكەیان لەسنووری دەستەڵاتیان ئەنجامیانداوەو بەهەزارەها دەنگی ساختەیان لەبەرژەوەندیی خۆیان داوەو كۆمسیۆنی باڵا لەكاتی خۆیدا هیچ جۆرە ئیجرائاتێكی نەكردوە بۆڕێگا گرتن لەساختەكارییەكان.

دوو:
ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كۆمەڵ ئیدانەی ئەو شێوازی ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵاوە كردو بەگرنگەوە لەسەر ئەم پرسە ڕاوەستاو ئەو ئالیەتەی كۆمسیۆنی بەزۆرینەو بێ‌ گوێدانە ڕاو سەرنج‌و پێشنیارو تانەی چوار ئەندامی كۆمسیۆن، بەهەڵە دانا.

سێ‌:
ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كۆمەڵ بڕیاری زۆرینەی سادەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ڕەت دەكاتەوە تایبەت بەو بنكە سوورانەی بەهۆی چوونە ژوورەوەی هێزی چەكداری پارتیی‌و یەكێتیی، كە دەنگی هەموولایەنەكانیان لەو بنكانە پووچەڵ كردەوەو ئەم بڕیارەش بووە مایەی زەرەر بۆ هێزەكانی تر جگە لەپارتیی‌و یەكێتیی، لەو ڕوانگەشەوە كۆمەڵی ئیسلامیی ڕێگای یاسایی گرتۆتەبەر بۆ تانە لێدان‌و سكاڵا تۆماركردن لەو بڕیارەی كۆمسیۆن‌و چاوەڕوانی دادگا دەكەین.

چوار:
ئەنجوومەنی سەركردایەتیی سوپاسی تەواوی ئەو هاوڵاتییانە دەكات كە متمانەیان بە لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی داو دەنگیان پێدا، ئەنجوومەنی سەركردایەتیی هەموولایەك دڵنیا دەكاتەوە پشتیوان بەخوا لەئاستی متمانەی دەنگدەرانی دەبێ‌ ‌و دەنگێكی بوێر دەبێ‌ لەپێناو دابینكردنی دادپەروەریی كۆمەڵایەتیی‌و ئابووریی‌و سیاسیی، وەك رابردوو پشتیوانی ستەملێكراوان دەبێت‌و دژی ستەم ‌و نادادیی دەوەستێتەوە.

پێنج:
ئەنجوومەنی سەركردایەتیی سوپاسی تەواوی ئۆرگان‌و مەڵبەندەكان‌و بەرپرسان‌و كاندیدان‌و كادیران‌و لایەنگرانی كۆمەڵ‌و دەزگاكانی ڕاگەیاندن‌و ناوەندی هەڵبژاردن‌و چاودێرانی سەرسندووقەكان دەكات، كە لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن‌و ڕۆژانی دەنگدان دڵسۆزانە شانیان خستە ژێر ئەركەكان‌و لیستی كۆمەڵی ئیسلامییان سەرخست.

شەش: 
تایبەت بە پرسی حكوومەت‌و كابینەی نوێ‌، كۆمەڵی ئیسلامیی هیوای خواست حكوومەتی ئاییندەو كاری سەرەكیی خزمەتی خەڵك‌و باشكردنی بژێوی هاوڵاتیان‌و لابردنی ستەمی پاشەكەوتكردنی مووچەو بنەبڕكردنی گەندەڵیی‌و بەرپاكردنی شەفافیەت‌و دادگەریی بێت‌و مۆركی حیزبیی بەسەر حكوومەتەوە نەمێنێ‌.

سەبارەت بە بەشداریی كردن یان نەكردنی كۆمەڵی ئیسلامیی لە كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پشتیوان بەخوا كۆمەڵ لەكاتی خۆیدا هەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە ڕادەگەیەنێت.
ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان.
23/10/2018
سلێمانیی

2434 جار خوێندراوەتەوە