شۆڕش ‌و مردن

(ڕەنگە شۆڕش دوایی بە ملهوڕی تاكە كەسیی و سەركوتكردنی سودخوازانە و ملهوڕانە بهێنێ، بەڵام هەرگیز لەتوانایدا نییە وەك ئەوەی دەبێ ببێ‌، بیركردنەوە بگۆڕێ).. كانت.

بۆ ئەوەی كتێب مانایی هەبێت، دەبێت وشەكانی بگەیەنن بە چەند حەقیقەتێك، نەك خولانەوە لەناو بازنەكانی وەهم ‌و خۆ بە پاڵەوانكردن ‌و شكاندن ‌و تێكدانی دەیان وێنە كە هی ئەوەنین بەكەس لەكەداربكرێن، ئەم كتێبە (ڕامانێك لە نەوشیروان مستەفا) كە 709 لاپەڕەی قەبارە گەورەیە، جارێكی تر دەتباتەوە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی ژیانی (نەوشیروان مستەفا) كە بە درێژایی زیاتر لە پەنجا ساڵی تەمەنی ببووە جێگەی تێڕامانی دۆست ‌و دووژمنەكانی، ئەو لە تافی لاوێتیدا لە شاردا وەكو منەوەرێك لەناو هاوڕێكانیدا دەركەوت، لە ناو شۆڕشیدا وەكو شۆڕشگێڕێكی دیار هاتە مەیدانی تێكۆشانەوە، بۆ دۆستەكانی دۆستێكی گرنگ ‌و بۆ دووژمنەكانیشی نەیارێكی هێجگار سەرسەختبووە، ئەم كتێبە ئاوا زۆر بە وردی دەتخاتە ناو ئەو كایە دژوارانەوە كە تەمەنی ئەم پیاوەی پێدا گوزەری كردووە، لاپەڕەكانی ئەم كتێبە بە كەسێكمان دەناسێنێت كە تا ئەمڕۆش دوای مردنی خەبات ‌و جوڵەكانی جێگەی باس ‌و لێدوان ‌و تێڕامانە لەلایەن دۆست ‌و دوژمنەكانیشیەوە وەكو شۆڕشگێڕێك، بە دیوەكەی تریشدا ئەم كتێبە وەڵامە بۆ ئەوانەی كە تا زیندووبوو بەشێك لە هاوسەنگەرەكانی خۆی بە درێژایی دەیان ساڵ بە قەدەر دووژمنەكانی خراپ دەیانویست لەڕێگەی كۆمەڵێك وێنەی سواو ‌و وەهمیە لەناو كۆمەڵانی خەڵك ‌و تێكۆشەرانی وڵاتدا بیشكێنن، دوای مردنەكەشی بەهەمان نەهجی جاران كۆڵیان لەم جوڵە خراپانەیان نەدا، ئەوەی جێگەی سەرنجە بەشێك لە دووژمنەكانی نەوشیروان مستەفا نەیاندەتوانی هیچ تۆمەتێك لەسەر بوونی تاڵانی ‌و دزی ‌و بەدخووی ‌و خۆفرۆشی ‌و جاسووسی بدەنە پەنای، كەچی بەشێك لەوانەی كە ئەم پیاوە پێگەیاندن دواتر هاتن دەیانوویست لەڕێگەی دەیان تۆمەتی سواوەوە ژیانی لەكەداربكەن. بەڵام دواجار وەكو لەم كتێبەدا پێدەگەین ‌و دەیخوێنینەوە، ورد لە ناو بەشە جیاجیاكانیدا بەوە مەودا گرنگە دەگەین كە نەوشیروان مستەفا جیا لەوەی كە دەیان كتێبی گرنگی لە دوای خۆی بۆ نەوەكانی بەجێهێشت، لە شۆڕشیشدا وەكو نەمرێك لەناو كۆمەڵانی خەڵكدا مایەوە ‌و كەس نەیتوانی لەكەیەك لە ژیانی بكاتە بەڵگە بۆ شكست پێهێنانی، پرسە و یاد ‌و كتێبەكانی دەكەنە ئەو بەڵگانەی كە نەوشیروان مستەفا نەك دۆست ‌و هاوسەنگەرەكانی خۆی، بەڵكو دووژمنەكانیشی نەیانتوانی شكستی پێبهێن، بەڵكو بووە سومبڵی ناو خوێنەران ‌و كۆمەڵانی خەڵك بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی گەل... بووە كەسێك كە وەكو شۆڕشگێڕێكی مەزن مایەوە، بەڵام دواجار نەیار و دوژمنەكانی خراپ بوونە كەسانێك كە لەناو كۆمەڵانی خەڵكدا هەر بە زیندوویەتی مردن ‌و نەیانتوانی حورمەتی خەبات ‌و بیری خۆیان بگرن ‌و بوونە دووژمنی خواستەكانی هاووڵاتیان.   


ئەم كتێبە لە نۆ بەشی چڕ و پڕدا دەمانباتە سەر گەلێك وێنەی زیندووی بەڵگەدارانە بۆ هەڵماڵینی دەیان وێنەی ئاژەوەژووكراو كە دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا نەیارەكانی دەیانویست وردوخاشی بكەن لە پێناو بە پاڵەوانبوونی خۆیاندا، كتێبەكە لەوەدا ڕامان دەگرێت كە كێ لە دواجاردا بووە شۆڕشگێڕ ‌و نەمر ‌و كێیش لەناو خەڵكدا هەر زوو بەرگی مردنی بەبەردا كرا.


ئەم كتێبە دەمانخاتە ناو ئەو چەمك ‌و پرسانەوە كە دەچنە سەر كایەكانی ژیانی ڕابەرەكانی ناو شۆڕش، بۆ بەشێك لە ڕابەرەكانی ناو شۆڕش لە زۆربەی شۆڕشەكانی جیهاندا، ئەو ئامادەبوونە هەیە كە دەكرێت بە ساتی مردن ناوببرێت، مردن بە مانایی لە گۆڕنانی جەستەنا دوای شۆڕش، بەڵكو مردنێك كە هەر بە زیندوویەتی زۆربەی ڕابەرەكان لەناو كۆمەڵانی خەڵك ‌و لەناو خودی دۆست ‌و هاوسەنگەرەكانی خۆیشیاندا بەخێرایی دەمرن ‌و لەبیردەچنەوە، ئەمانە دەبنە دژە شۆڕش ‌و نەیاری هاوسەنگەرەكانی خۆیان ‌و بەشوێن دەستەكەوتەكانی خۆیاندا هەڵوەدایانە ‌و شەرم لە هیچ بەهایەكی شۆڕش ‌و بیروباوەڕیان ناكەن، شۆڕش دەكەنە هۆكاری پۆست ‌و بازرگانی ‌و گیانی تۆڵەكردنەوە ‌و هێنانەكایەی ڕ‌وژگارێك كە دەكاتە جێگرەوەی ستەمكاری لە بری ئازادی ‌و دادپەروەری ‌و خۆشگوزەرانی بۆ كۆمەڵانی خەڵك... شۆڕشەكانی جیهان پڕن لەم گیانە مردووانە، ئاخر كێ درك بەوەناكات كە لە شۆڕشی كوبادا كە فیدل كاسترو دوای شۆڕش بووە گیانێكی مردوو، بەڵام ئەرنستو جیڤارا تا ئەم ساتانەش لە ناو یار و نەیاریدا ئازیزترین كەسی ناو ئەو شۆڕشەیە، لە شۆڕشی ساڵی 1917 ڕوسیا لینین لە لوتكەی نەمریدا مایەوە بەڵام ستالین بووە گیانێكی مردوو لە جیهاندا...

ئێجگار جێگەی سەرنجە ئەگەر بە خێرای بگەڕێینەوە بۆ تەماشاكردنێكی ناو لاپەڕەكانی شۆڕشەكانی كورد، لە نێوان ئەم لاپەڕانەدا بە مەرگەسات دەگەین دوای شۆڕش، دەبینین بەدەگەمەن تێیاندایە ڕابەرانی ئەم شۆڕشانە لەناو كۆمەڵانی خەڵك ‌و هاوسەنگەرانی خۆیشیاندا وەكو گیانێكی زیندوو مابێتنەوە، لەناو چین ‌و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردیدا زۆری نەبرد دوای ڕاپەڕین ئەم ڕابەرانە كە هەڵگری بیری نەتەوەیی ‌و سوشیالیزم ‌و ئیسلامی بوون، لە ژێر ناوی جیا جیای شۆڕشدا ساڵانێك تێدەكۆشان، بەڵام زۆر بەخێرای ئەمانە بوونە گیانێكی مردوو، بوونە گیانێك بۆ داڕزانی شۆڕشەكانی خۆیان ‌و تێكوپێكدانی ژیانی خەڵكی، ئێستا لەناو خەڵكدا هەرچی پەیام ‌و بیر و ڕابووردووی ئەم ڕابەرانەیە وەكو شتێكی مردوو تەماشادەكرێت، نەك خەڵك ناتوانن لەگەڵیاندا بە ئومێدبگەن بەڵكو بوونەتە گیانێكی هێجگار مەترسیدار بۆ ئایندەی كۆمەڵانی خەڵك. ئەمە ئەو تێڕامانەیە كە وادەكات گیانی مردووی ئەم ڕابەرانە بە زیندووی خۆی لە خۆیدا هۆكاری گەورەبوو بۆ مردنی شۆڕشەكانیشیان لەناو خەڵكدا.   

 

هەر شتێك وەكو وەڵام دانەوە هۆكارێكی گەورەی لە پشتەوەیە، بەڵام وەڵام دانەوە لەژێر ناوی ڕق ‌و نەهجی شكاندنی ناڕاستدانا، تێكەڵكردن ‌و شێواندنی ڕاستیەكان نا بۆ خۆكردنە پاڵەوان دوای مەرگی نەیارەكانت، بیری ڕۆشنگەری لەوەدایە كە وەڵامدانەوە لە زەمەنی زیندوویەتیدا هەبێت نەك وەڵامی گیانە لە گۆڕنراوەكان، وەڵامدانەوە زۆركات ماسكی ئەو كەسانەت بۆ دەردەخات كە دوای شۆڕش دەیانەوێت بنووسن ‌و بگەڕێنەوە بۆ هەندێك بابەتی نەزانراوی سەردەمی تێكۆشان، وەڵامدانەوە بە تایبەتی دوای مەرگی ئەوانەی كە كەسانێك دەیانەوێت وەڵامی هەندێك نووسین ‌و هەڵوێستیان بدەنەوە خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆكاری بێ نرخ ‌و گرنگیدان لەلای خوێنەران، چونكە خوێنەران زۆر لەوە باشتر دەزانن كە ئەو وەڵامانە لە كوێوە سەرچاوە دەگرێت، وەڵامێك كە لەناو خوێنەراندا دركی پێبكرێت ‌و ببێتە جێگەی گرنگیدان ‌و هەڵماڵینی ڕاستیەكان دەبێت خاوەنی وەڵامە خۆی داببڕێت لە كۆنە قین ‌و وێنەی وەهمی، ئەگەر ئەمە نەكرا ئەو وەڵامانە دەبنە وەڵامی مردوو.

ئەم كتێبە (ڕامانێك لە نەوشیروان مستەفا) لەمەدا ڕاماندەگرێت كە هەموو كتێبێك نابێتە كتێب لەلای خوێنەران، قووڵایی ئەم كتێبە دەتباتە سەر ڕاستكردنەوەی ئەو هەموو وێنە شێواوانەی كە نەیارەكانی نەوشیروان مستەفا ساڵانێك پێوەی خەریك بوون ‌و شكستیشیان خوارد، نەك هەر ئەوە دواجار ئەو كتێب ‌و گۆڤار و ڕۆژنامانەشی كە ساڵانێك بۆ شكست پێهێنانی نەوشیروان مستەفا  بە دیدەوانی ئەوكەسانە دەردەچوون بوونە خاشاكی ناو مێژوو. 

ئەو پاڵنەرانەی وادەكات زۆركات كتێبێك بنووسیت دەشێ ڕق بێت، بەڵام دەبێت بەڵگە و وێنە و شایەت ‌و ڕۆژژمێری لەگەڵدابێت، ڕق خۆی لە خۆیدا هۆكارێكی گرنگە بۆ نووسینی كتێب، ئەوە زۆربەی نووسەران لە دونیادا وەكو ڕق بە نووسین دەچنەوە بە گژ ستەمكار ‌و دیكتاتۆر و مڵهوڕەكاندا، بەڵام ئەو كەسانەی دێن لە ژێر ڕقدا وێنەكان دەشێوێن و دەیانەوێت وەكو وەڵام كتێبێك بنووسن، ئەو كتێبانە زۆر زوو دەمردن ‌و لە سەر ڕەفەكان خۆڵا دایان دەپۆشێت... بەڵام ئەم كتێبە ڕەنگە وەكو وەڵام بۆ زۆركەسی نەیاری نەوشیروان مستەفا نووسرابێت، لەوەدا گرنگی ناوەرۆكەكەی دەخوێنینەوە كە ڕق نەبۆتە پاڵنەری نووسینی، بەڵكو تێیدا هاتووە كە زۆر وێنەی شێواو بۆ نەیارەكانی ڕاستكردۆتەوە...

ئەو بەڵگە و وێنە و دێڕانەی لەم كتێبەدان، دەكەنە وەڵامێك بۆ ئەو كەسانەی كە دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا خراپ خۆیان خزاندە ناو بەرەیەكەوە كە دەمێك ساڵبوو بە دەیان نووسراو ‌و وێنەی وەهمی، دەیانویست گیانی كەسێك لەكەداربكەن، بەڵام نەگەیشتن بە ئامانجی خۆیان. نەگەیشتنیش بە ئامانج لە فەرهەنگی سیاسەتدا بە واتای مردنی خاوەنەكەی دێن نەك گەیشتن بە لوتكە.

•  ڕامانێك لە نەوشیروان مستەفا 709 لاپەڕە
• لە نووسینی مەجید سالح 2021

393 جار خوێندراوەتەوە