مەرگی ئیسماعیل عەبدوڵا نەفرەتی ئەوانی تر

 


مەهێڵن كە پیاوی بەرزەوەكراو بۆ نزمایی خۆی بگەڕێتەوە... نیچە  

 

دوێنێ (ئیسماعیل عەبدوڵا) دەنگە ئازادی خوازەكەی سەرای ئازادی و ڕۆژانی حەڤدەی شوبات مرد، ئازیزم سەفەرت بەخێر و یاد و باوەڕەكەت هەر دەمێننەوە و لەوە دڵنیابە ئازادی خوازان درەنگ یان زو هەر بە سەركەوتن دەگەن، شەرمەزاریشە بۆ هەندێك لەوانەی كە پشتیان كردە خواستی گۆڕانخوازان و ئێستا هاتون وێنەی تۆ لەگەڵ خۆیاندا بڵاودەكەنەوە.

 

براكەم دوای مەرگیشت هەزاران ڕێگای پڕ لە ئازارت بەجێدێڵاو و سەدان پرسیارت دەربارەی ئەو بەناو گۆڕانخوازانە بۆ بەجێهێشتن كە بەر نەفرەتی كۆمەڵگا كەوتن لەم ئەمڕۆدا، ئەوانەی كە درۆیان كرد و گەڕانەوە بۆ نزمایی تەمەنی خۆیان و ماهیەتیان وەكو كەسانی شكستخوارد و كەوتە بەر دیدەی كۆمەڵگا، بەڵام تۆ بۆ نزمایی نەگەڕایتەوە و سەربەرزانە مردیت و جێگای شانازیت، دەبێت لە مەرگی تۆی ئازادی خوازەوە بگەڕێینەوە بۆ هەڵدانەوەی كردار و بیری نەفرەتی ئەوانەی كە تادێ نەك بۆگۆڕانكاری هەوڵیاندا لە ژێر چەتری گۆڕان دا بەڵكو لە پێناو هەندێك پۆستی پوچ و پڕكردنی خەزێنەی ماڵەكانیان بونە هۆكاری داڕمانی خەونی هەزاران گۆڕانخواز و شكستیان بە دەیان پڕۆژەی گرنگ هێنا بۆ ئایندەی كۆمەڵگا، ئەو گروپ و دەستانەی كە لە گردی زەرگەتەوە دەركەوتن و شان بە شانی یەكێتی و پارتی لەم دەسەڵاتەدا بونە هۆكاری داڕمانی بیری ئازادی و لە گۆڕنانی خواستەكانی خەڵكی بەشمەینەت.

 

دەبێت لە مەرگی تۆوە بگەڕێنەوە و هەزاران پرسیار لە وەزیر و پەرلەمانتار و كاربەدەستانی گۆڕان بكەین و بیان خەینە بەردەم دادگای گەلە و لێیان بپرسن: تو ویژدانتان ئەوەتی ئێوە چونەتە ناو ئەم دەسەڵاتەوە لە حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم و جومگەكانی تری دەسەڵاتدا چیتان بۆ خەڵك كردوە جگە لە بەرژەوەندیەكانی خۆتان؟ ڕۆژێك بیرتان كردۆتەوە و لە خۆتان پرسیوە بۆچی لەم دەسەڵاتەدا بەشداریان كرد و بونە هۆكاری نەهامەتی و برسیكردنی خەڵك، بۆچی لەپای هەزاران تاوان و سەركوتكردنی ئازادی و گرتن و سزادانی نوسەران و ڕۆژنامەنوسان و موچەبڕینی تاك بە تاكی فەرمانبەران و مامۆستایان و قوتی كاسبكاران ئێوە شەرمەزارنەبون و دەستان لەكارنەكێشایەوە؟

 

ئێوەی كاربەدەستانی گۆڕان لە خۆتان پرسیوە لە ئەمڕۆدا لە میدیاكان و لە ناو خەڵكدا چ جۆرە مرۆڤێكن؟ لە خۆتان پرسیوە دوای ئەم دەسەڵاتە بە چ ڕویەكەوە باسی گۆڕان دەكەن و دەگەڕێنەوە ناو خەڵك و سەرشەقامەكان؟ لە خۆتان پرسیوە ئەوەتی لەم دەسەڵاتەدان چ سودێكتان بە پڕۆژەكانی گۆڕان گەیاندوە؟ ئەوەی دوێنی لەگەڵ مەرگی ئیسماعیل عەبدوڵا بیستم دەربارەی ئێوەی بەناو گۆڕانخواز بۆ شكست و لە گۆڕنانی دەنگی گۆڕانخوازان لەماوەی دەسەڵاتەكانتان لەناو ئەم دەسەڵاتەدا دەكاتە هێزی ئەو دەنگانەی كە زۆرخراپ ئێوە دەخەنە بەردەم دادگای گەلەوە لە ئایندەدا، ئاخر ببینن ئەی ئەوانەی كە لەژێر چەتری گۆڕاندا بونە كاربەدەست و ماڵەكانتان پڕكرد پارە و خۆشگوزەرانی.

 

ببیین ئیسماعیل عەبدوڵای گۆڕانخواز سەربەرزانە مرد و خەڵك حورمەتی تەمەن و گۆڕەكەیان گرت، بەڵام ئێوە بە زیندویش كەوتونەتە بەردەم نەفرەتی خەڵك و ڕۆژانە هەزاران كەس سەرزەنشتتان دەكەن، ئەی دەبێت بە مەرگتان خەڵك چیتان پێ بڵێن؟ ئاخر باشتر نەبو ئێوە لە پێناو هەندێك پۆستی پوچ و بەتاڵدا پشت نەكەنە خواستی گۆڕانخوازان و ئیرادەی ئەم میللەتە؟ باشتر نەبو لە لوتكەدا بمردنایە نەك ئاوا لە نزماییدا لەگەڵ نەفرەتی خەڵكدا بمرن؟

115 جار خوێندراوەتەوە