جارێکی تر، بودجەی هەرێم



لەدوای حەوت ساڵ حکومەتی هەرێم، لە ڕێگەی هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانانەوە، لەهەوڵی ئەوەدایە بۆ ساڵی دارایی (2021) پرۆژەیاسای بودجە، ئامادە بکات.

کۆتا پرۆژە یاسای بودجەی هەرێم، ساڵی (2013)بوو، بڕەکەی بە زیاتر لە (15) ترلیۆن دینار خەمڵێنرابوو، لەو ساڵە بەدواوە حکومەتی هەرێم، نەیتوانیوە خاوەنی بودجەی ساڵانە بێت.

بێگومان ئەمەش بەهۆی چەندین کێشە و قەیرانی سیاسی و ئابوری و دارایی و شەڕی داعش، کۆتا قەیرانیش سەرهەڵدانی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە بووە.

هەرێم؛ جگە لە وەستان و ڕاگرتنی بەشە بودجەی وەبەرهێنان، لە خەرجی بەگەڕدا (المصروفات التشغیلیە) نەیتوانیوە بەتەواوی موچەی موچەخۆران دابینبکات، لە ساڵی (2020)دا تەنها پێنج موچەی دابەشکردوە، جگە لەیەک مانگ؛ چوار موچەکەی تر بە لێبڕینەوە دابەشکراوە.

بودجە؛ ئاوێنەی ڕەنگدانەوەی سیاسەتی دارایی هەر حکومەتێکە، لەماوەی ساڵێکدا خەرجی و داهاتەکانی بەژمارە دیاری دەکرێن. قەبارەی بودجە، دەرخەری ئاستی پێشکەوتن و گەشەپێدانی ئاب وری وڵاتە.

بودجەی گشتی، ئامڕازێکە بەدەست حکومەتەوە، تاوەکو لە ڕێگەیەوە ئامانجە ئابوری و دارایی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بهێنێتە دی، بێگومان لەژێر چاودێری پەرلەماندا.

حکومەتی هەرێم لەهەوڵدایە چ بەڕێکەوتن بێت لەگەڵ بەغدا، چ بەپشت بەستن بێت بەداهاتی نەوت و داهاتەکانی تری ناوخۆ و خاڵەسنورییەکان و هاوکارییەکانی هاوپەیمانان و ئەگەر بتوانێت قەرز بکات، هەرچۆنێک بێت بۆ ئەم ساڵی دارایی خاوەنی بودجەی یاسایی خۆی بێت. هەرچەندە کارێکی هەروا ئاسان نییە و ئاستەنگی زۆری لەبەردەمدایە.

لەلایەکی ترەوە، بەرزبونەوەی نرخی نەوت یارمەتیدەرێکی ڕاستەوخۆیە بۆ داهاتی هەرێم، هەرچەندە نرخی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەئاستی پێویستدا نییە، داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێم، بەڕێژەی کەمتر لە (30%) دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت، پێویستە چاکسازی لەم بوارە گرنگ و ستراتیژییەدا بکرێت.

باشترین بژاردە بۆ بودجەی هەرێم، ڕێکەوتنە لەگەڵ بەغدا بەمەرجی دروست نەبوونی کێشە بۆئەوەی بتوانرێت هەرێم خاوەنی پرۆژە یاسای بودجە بێت.

بودجەی گشتی عێراق، بۆ ساڵی دارایی (2021) ماوەی مانگێکە لەئەنجومەنی نوێنەرانە، تا ئێستا خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە و بڕیارە لەمانگی شوباتدا پەسەند بکرێت و ببێت بەیاسا.


گومانی تێدا نییە لەهەر حاڵەتێکدا بێت پڕۆژەی بودجەی هەرێم پڕکەموکورتییە، بەپێی پێوەرە زانستییەکان ئامادەناکرێت، چ لەڕووی کاتەوە بێت یان لەڕووی پێکهێنەرەکانی بودجەوە بێت لە خەرجی و داهاتەکان.

لەلایەکی ترەوە، بەمەبەستی ئامادەکردنی بودجە، حکومەت بەبڕیار و ڕێنمایی دەستی کردوە بە سەپاندنی باجەکان و ڕێکخستنەوەیان، تا لەم ڕێگەیەوە بتوانرێت باجەکان ببنە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتەکان، لەناو بودجەی گشتیدا کە بەداخەوە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەیە، ئەم سەرچاوە سەرەکییەی داهاتەکان گرنگی پێ نەدراوە. هەروەها لە هەوڵی ئەوەدایە داهاتی دەروازە سنورییەکان بەتەواوەتی کۆبکاتەوە.

هەرچۆنێک بێت ئەگەر توانرا هەرێم، خاوەنی بودجەی (2021) بێت ئەوا بودجەکە سیفەتی کەمکردنەوە و سنوردارکردنی خەرجیەکان و زیادکردنی داهاتەکان لە خۆدەگرێت، واتە بودجەیەکی تەقەشوفییە!

ئەوەی گرنگ و جێی بایەخە بەلای موچەخۆرانەوە، نەمانی لێبڕین و دابەشکردنی مانگانەیە، بەبێ دواکەوتن.

800 جار خوێندراوەتەوە