جا گۆیژە چییە؟

ئەم بێدەنگیە هەموومان دەخنکێنێت


کەمێک سەرنج بدەن.


گەنجیان لە مەملەکەتدا نەهێشت، هەزاران گەنج لەو ڕێگەی قاچاغ و ناو دەریایانەدا  خنکان و قرش خواردنی، دڵی هەزاران باوک قرچەی لێ هەستا، هەزاران دایک جەرگیان سوتا، کەس باکی نەبوو.


ئەخلاقی کۆمەڵگەیان تێکدا و قیەم و ڕێزیان لە نێوان کەسدا نەهێشت، تا کار گەیشتە ئەوەی بەشەق لە مامۆستایان هەڵدا و کچە مۆدێلیان گەیاندە کەشکەڵانی فەلەک و میدیایان کردە باشترین مینبەر بۆ گەیاندنی بە هەموان، کەس باکی نەبوو.


دەستیان خستە قوتی منداڵی سەر بێشکە و بە ڕۆژی نیوەڕۆ پارەی نەخۆشخانەکەنیان برد و دەیان خانەنشین لەسەرەی وەرگرتنی موچەدا سەریان نایەوە، پیاویان لە پیاوەتی خست، مادەی هۆشبەر و کوشتن و خۆکوشتینای کردە مۆدێل، کەس باکی نەبوو.


زیندانەکانیان پڕ کردوە لە دزی بچوک و دزی گەوەرەش بە ئاشکرا بەناوماندا پیاسەدەکات، ماڵمان داگیر دەکات، شارمان داگیر دەکات، شاخ و گرد و کۆڵانەکانمان دەکات بە ناوی خۆیەوە، ئۆپۆزسیۆنی ساختەیان کرد بە قورگی هەمووماندا و لەو ڕێگەیەوە هەموانیان بێدەنگ کرد، کەس باکی نەبوو.


ئەوان باکیان بە هیچ نییە و کەسیش باکی بە هیچ نییە، ئەمڕۆ نا سبەی، دێن و یەک یەک دەمانکەن بە (بەرد) بەری دروستکردنی ئاپارتمانەکانیان و منداڵەکانیشمان دەکەونە ژێر ڕەحمەتی منداڵەکانیانەوە.


جا گۆیژە چییە؟ ئەوان خۆمانیان وردخاش کردوە، ئەوان تەمەنی هەموومانیان بە فیڕۆداوە، ئەوان هیچ جوانییەکیان بۆ نەهێشتوین، ژیانیان لێ سەندوین، جا گۆیژە چییە؟

268 جار خوێندراوەتەوە