ئەگەر سەیری
سایکۆلۆژیای هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکەین، لە لای زۆرینەیان ژیان بەهایەکی
ئەوتۆی نەماوە، چونکە ڕۆژبەڕۆژ مافەکانی هاوڵاتی مانایەکیان نامێنێت و نەخۆشی و
بێکاری و نەفامی باڵ بە سەر کۆمەڵگەدا دەکێشێت، لە ئێستادا پڕۆژەیەکیش لە ئارادا
نییە کەبەر بەم قەیرانانە بگرێت و هیوایەک بۆ خەڵک بگێڕێتەوە.
هەنوکە سەدان هەزار
گەنج کە دەرچوی زانکۆ و پەیمانگاکانن، بێکارن و بەم هۆیەشەوە خوێندن بایەخی تایبەتی
خۆی لە دەست داوە، کەرتەکانی تەندروستی و ژینگەش بەرەو وێرانی ڕۆیشتون و کۆی گشتی
کەرتەکانیش بەتایبەت کراوە بۆ کۆمپانیا حیزبییەکان، پەڕلەمان لەکار خراوە و حکومەت
کاربەڕێکەرە و داهاتی گشتیش بێجگە لەخوا و سەرانی دو بنەماڵەکە، کەس هیچی لێ نازانێت،
واتە گەندەڵی بە سیستماتیک کراوە، بۆ ئەم مەبەستەش دادگا و میدیا و ڕێکخراوەکانی
کۆمەڵگەی مەدەنی و بەشی زۆری پارتە ئۆ پۆسیۆنەکانیش خزمەت بە ئەم دۆخە دەکەن و خراونە
ژێر هەژمونی پارتە فەرمان ڕەواکان، لە ئێستادا ستەمکاری و گەندەڵی دەست لە ملانێی یەک بون و
بەم هۆیەشەوە دەسەڵاتە سیاسییەکە ڕەگی دا کوتاوە و ترسێکی نییە لە بەردەم ناڕەزایی
و خۆپیشاندان و بایکۆت و ڕەخنەی سۆشیال میدیا و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان، درێژەکێشانی
ئەم دۆخە بۆ ماوەی زیاتر لە سی و سێ ساڵ، بۆتە هۆی ئەوەی کە ڕەگی گەندەڵی و
ستەمکاریی زیاتر بەنێو خاکدا بچێت، بەم هۆیەشەوە ڕۆژ بۆ ڕۆژ بەهاکانی کۆمەڵگەی
کوردی لە ڕاستگۆیی و نیشتمان پەروەری و خۆشەویستی نەتەوە و فەزیلەت و لێبوردەیی و
هاوکاری و مرۆڤ دەستی لەنێو دەچن.
واتە ئاراستەی
کۆمەڵگە بەرەو ئەوە چوە کە کلتورێکی نوێ دروست ببێت، لەژێر هەژمونی گەندەڵی و
سکەمکاریدا، لەم ڕوانگەیەشەوە پارتە ئۆپۆسیۆنەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
و نوسەر و ڕۆشنبیر و میدیاکار و بزنسمانەکانیش زۆرینەیان بونە بەشێک لەم فەزا نوێیە، لەم بارودۆخەشدا ئەوەی پێی دەڵێن نیشتیمان
پەروەری و ئینتیما بۆ نەتەوەو خۆشەویستی بۆ سەروەری و سەربەخۆیی ڕۆژ بۆ ڕۆژ لاواز
دەبێت، چونکە ئەمانە وەک بازاڕ مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە دا دەکەن و قازانج لەچیدا
بێت ئەوان ڕوەو ئەو ئاڕاستەیە هەنگاو دەنێن، لێرەوە دەتوانی بپرسی ئێستا زۆربەی
چالاکوانە سیاسی و مەدەنی و نوسەرو ڕۆشنبیرەکانی (17ـی شوبات) لە کوێن؟ چونکە
نیشتیمان و نەتەوەو عەداڵەت و دیموکراسی و مافەکانی هاوڵاتی هەمویان کەوتونە ژێر
پرسیارو مانایەکیان نەماوە، گەشەکردنی ئەم چەمکانە هەرگیز لەژێر سایەی سیستمێکی
گەندەڵ و ستەمکاردا نایەنە دی، بەڵکو ئەمانە پێویستیان بە کەشێکی دیموکراسی کراوەو
بونی ئازادی و فرەیی ڕاستەقینە و سەروەری یاسا و بونی دەستور هەیە، لەبەر ئەوە لە
ئێستادا پێویستە پرۆژەیەکی سیاسی مەدەنی هەبێت بۆ ڕاگرتنی ئەم دۆخە و ئاراستەکردنی
خەڵک بۆ کۆبونەوە لە دەوری خەمێکی نیشتمانی، چونکەر ئەگەر ئەوە نەکرێت لە ئایندەیەکی
نزیکدا حکومەت و قەوارەی هەرێم و نیشتیمان و نەتەوەش، هەموی بەرەو هەرەس و وێرانی
دەچن.
135 جار خوێندراوەتەوە