کارامەییەکانى سەدەى بیست و یەک

مرۆڤ لە هەمو کات و ساتێکدا هەوڵیداوە بە ڕێگاى جیاواز قۆناغەکانى ژیان و بەرهەمى شارستانییەتە جۆراوجۆرەکان،  تۆمار بکات و پەیام و هەوڵ و کۆششەکانی خۆى بە نەوەکانى دواى خۆى بگەیەنێت.

 

ئاماژەکان و بەدواداچونەکان لە سەرچاوە مێژووییەکان ئەوەیان دەرخستووە،  کە دەرکەوتنى یەکەم نووسین دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەى (٥٥٠٠) ساڵ پێش ئێستا، بەگوێرەى ماڵپەڕى(livescience)1 دەستنووسە کۆنەکان کە دۆزراونەتەوە لە شارستانییەتى نێوان دوو ڕووبار لە سوریا و عێراق (باشورى عێراق) نووسراون کە بە نزیکەیى دەکاتە ساڵى  (٣٥٠٠ پ.ز)، هەروەها بەپێى گۆڤارى (Antiquity)ى بەریتانى ئەو نووسینانە پێکدێن لە کۆمەڵێک هێما و نەخشى بەکارهاتوو لە کاتى ئاڵوگۆڕى بەروبوومى کشتوکاڵیدا 2.

 

گۆڕانکارى و پێشکەوتنەکانى مرۆڤ بە تێپەڕبوونى کات ڕوویانداوە، بەڵام زیادەڕۆیى نییە ئەگەر بوترێ لە ٤٠ تا ٥٠ ساڵى ڕابوردوودا ڕێژەى پێشکەوتنەکان بە ئەندازەى هەموو تەمەنى مرۆڤایەتیى بوون.

 

کەواتە نووسین و خوێندنەوە تەریب لەگەڵ گەشەپێدانى ژیارى و ژیانى مرۆڤدا هاتووە و جیاوازى نێوان خوێندەوار و نەخوێندەوار ئاسمان و ڕێسمانە، هەروەها ئایینە ئاسمانییەکانیش پێداگرى دەکەن لەسەر هەوڵ و کۆششى بەردەوام بۆ فێربوون و گەشەى زانین و مەعریفى و زانستى،  بۆ نموونە دوا پەیامى خوایى بۆ مرۆڤ کە قورئانى پیرۆزە بە وشەى( بخوێنە) دەستى پێکردووە، کەهێمای  گەورەیى خوێندن و زانستى بەسەر شتەکانى دیکەدا داوە.

 

تاوەکو کۆتاییەکانى سەدەى رابردو خوێندەوار کەسێک بوو کە تواناى خوێندنەوە و نووسینى هەبێت، بەڵام لە سەدەى بیست ویەکدا پێناسەکە لەلایەن ڕێکخراوى یونسکۆ و ناوەندە ئەکادیمى و زانستییەکانەوە گۆڕانى بەسەردا هاتووە.

 

ئێستا خوێندەوار پێویستە زیاتر لە دوانزە کارامەیى و لێهاتوویى جۆراو جۆرى هەبێت، هەندێک ناوى دەبەن بە کارامەییەکانى ( 4C) کە بریتین لە (Communication پەیوەندییەکان)، ( Critical Thinking And Problem Solving بیرکردنەوەى ڕەخنەگرانە و چارەسەرى کێشەکان)، ( Collaborationهەرەوەزى) و (Creativity داهێنان).

 

هەندێک سەرچاوەش ئەم کارامەییانە پۆلێن دەکەن بۆ سێ جۆر: کارامەییەکانى فێربوون، کارامەییەکانى خوێندەوارى و کارامەییەکانى ژیان.
یەکەم/ کارامەییەکانى فێربوون: هەموو ئەو لێهاتووییانە دەگرێتەوە کە پەیوەستن بە کارى تیم و هەرەوەزى، بیرکردنەوەى ڕەخنەگرانە، داهێنان و نوێبوونەوە، پەیوەندییەکان و فێربوونى زمانە جیاوازەکان.

 

دووەم/ کارامەییەکانى خوێندەوارى: ئەمیش فێربوون و خوێندەوارى دەگرێتەوە لە بوارەکانى زانیارى و داتا ، ماس میدیا و سۆشیال میدیا، تەکنەلۆجیا و تەکنەلۆجیاى زانیارى ، جۆرەکانى زیرەکى و زیرەکى دەستکرد.

 

سێهەم/ کارامەییەکانى ژیان: ژیانکردن و ژیانسازى لەم سەردەمەدا پێویستى بە خۆگونجاندن هەیە لەگەڵ بارودۆخە جیاوازەکاندا، هەروەها جۆر و کوالیتى سەرکردایەتیکردن و پێشەنگ بوون، دەستپێشخەرى و داهێنان لە بوارى پیشەیى و ژیاریدا، جگە لەمانە ڕاهێنان و پەرەپێدانى خود لەسەر کارامەییە کۆمەڵایەتییەکان بەشێکن لەو سەرمایە مەعریفى و زانستییەى مرۆڤى ئەم سەردەمە دەکاتە سەرمەشق و پێشەنگ.

 

ئەوەى لەم بابەتەدا جێی بایەخە و گرنگە و هەڵوێستەکردنی گەرەکە ئەوەیە؛ ئایا خوێندن و پرۆگرامەکانى خوێندنى ئەکادیمى قۆناغەکانى بنەڕەتى تاوەکو زانکۆیى لە هەرێمى کوردستان و عێراق کاردەکەن بۆ ئامادەکردنى تاکێکى تێگەیشتوو و پێگەیشتوو بۆ ئەم سەردەمە یان ئێمە خوێندنمان تەنها بۆ وەرگرتنى بڕوانامەیەکى هەڵواسراوە بە دیوارەوە لەگەڵ چەند وێنەیەکى ڕۆژى ئاهەنگى دەرچوونمان لە زانکۆیەک یان پەیمانگایەک؟!

 

ئامادەکردنى تاک بۆ چوونە ناو کۆمەڵگە فراوانەکە لە سەردەمێکدا کە تەکنەلۆجیا و کولتوور و فەرهەنگەکان بەناویەکدا چوون کارێکى قورس و سەختە، بەڵکو نیمچە ئەستەمە! ئەوەى لەسەر پەروەردەکاران و مامۆستایانى پەروەردە و خوێندنى باڵا پێویستە هەڵوێستەکردنە لەسەر مەسەلەکان و پێداچوونەوەیە بە ڕۆڵ و پێگەى ئەکادیمیست و پەروەردەکاران لە کارکردن و هەوڵدان بۆ یەکخستنى تواناکانیان لەپێناو گەشەدان بە بیرکردنەوەى ڕەخنەگرانە و فێرکردنى فێربوون لە هەموو ئاست و ناوەند و کایەکانى پەروەردەدا، چونکە ئەم کارە تەنها بە پەروەردە دەکرێ.

 

ئەزانین کە مامۆستایان گۆچانی  سیحریان پێ نییە، بەڵام ئەبێ دان بەوەدا بنێین کە باخچە و قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان وەکو دامەزراوەى فەرمى و ڕێکخراو دەبنە داڕێژەرى هێڵە گشتییەکانى کەسایەتیى مەعریفى و ڕەفتارى تاکەکان، لەم سۆنگەیەوە دەبێ خۆمان بە بەرپرس بزانین لە ئاڕاستەکردنى کۆمەڵگە بەرەو دەربازبوون لە قوڕ و لیتاوى نەزانى و گەندەڵى و بێباکى!

 

بەو هیوایەى وەزارەتەکانى پەروەردە و خوێندنى باڵا درک بە پێویستی و گرنگی ئەم باسانە بکەن و کارى لەسەر بکەن، بەڵکو لەم مەملەکەتە بێخاوەنەدا ڕۆژێک بێت و ئاوابوونى خۆرى بێهیوایى و بۆڵەبۆڵ و بیرى چەقبەستوو بە چاوى ئومێد و هیوا ببینین.

73 جار خوێندراوەتەوە