ئاسمان ئێستا وەها چەرخاوە جاهیل غاڵبە
گوربە و ڕێوی خەیاڵی مەرتەبەی شێران ئەکەن٠
چەن کەسێکی تازە پیاکەوتو لە کورە دەرچون
پیاو کە چو بۆ ئیش لە پێشا یۆقڵەمەی گیرفان ئەکەن.
هەردەم چەرخ وا
دەسوڕێ کە هەمو شتێک بخاتەوە شوێنی خۆی، پاشا بۆ تەختی پاشای و گاڵتەجاڕیش بۆ
ناوەندی گۆڕەپانی سێرک و بەرەڵاش بۆ بەڕەڵاخانە.
لە هەرێمی
کوردستان گەلی کورد بەدەردی ئەو مەڕانە چون کە بەدرێژایی تەمەنیان لە گورگ دەترسان! بەڵام ئەوی کە ڕویدا پێچەوانەی مەترسێکانیان
بو کاکی شوان ڕانە مەڕی نەهێشت بە ساغی.
١٠ ساڵە
خەڵکی ئەم هەرێمە تاڵی و سوێری بێ موچەی دەچێژن بە پرت و بیانوی ئەوەی دەبێت
قەوارەی هەرێم بپارێزین !
تەنها مێشک لە
پاکەتەکاندا بڕوا بە نوکتەی پاراستنی قەوارەی هەرێم و پاڵەوانەکانی ئەم چیرۆکە
دەکەن ! نە بیری ورد و نە خەیاڵی بڵندی دەوێت تەنها بە ئەندازەی پاساریەک مۆخ لە
کەلەی سەرماندا بێت، دەزانین دوژمنی ڕاستەقینەی قەوارەی هەرێم و گەلە خێر لە خۆ
نەدیوەکەی کێیە.
ئەو قەوارەیەی کە لە دێگەڵەدا لە ناوگەڵەوە لەلایەن
باوانی خەباتکەری شاخەوە (نەک لەلایەن نەوەی هەرزەکاری بێ ئەزمونەوە) وەک قاشە کێک
کرا بە دو بەشەوە.
بەختی مکۆڕ و
نێوچەوانی ڕەشی کورد لەوەدایە کە دوژمنی ڕاستەقینەی قەوارەکەی ئەوانەن کە پێیان
دەوترێت حکومەتی هەرێم.
لێفە لەسەر
هەتیو هەڵنادەمەوە ئەگەر بڵێم دوژمنی هەرێم ئەوانەن کە نزیکەی ٣٥ ساڵە وەک مۆتەکە
هەناسەیان لەم هەرێمە بڕیوە.
دوژمنی هەرێم
ئەوانەن کە خراپەکار و تاوانبار و بێ توانا و ناشارەزا و ناشایستە هەڵدەبژێرن و
پۆست وپلە و پایە بەسەریاندا دابەشدەکەن، بەهرەدارانە ئەم کارە ئەنجام دەدەن.
دوژمنی هەرێم
ئەوانەن کە دەرکی قونی ئەم و ئەو چەورکردەکەن وەک کەڵەشێرەکەی شەماڵ صائیب بۆ
ئەوەی قوڕوقەپ بکەن و نەقوقێنن.
ئەوانەن کە
لەگەڵ کاری سیاسی و دەوڵەتداریدا خاوەنداری کۆمپانیا و بانک و پرۆژەن، ئەوانەن کوڕ
و برا و کەسوکاری خۆیان لە پۆستەکاندا جێگیردەکەن و ڕێگایان دەدەن ببنە پاڵەوانی
مێدیا و کۆمەڵگا.
ئەوانەن کە ٣٠
ساڵە لە ناوەندی هێز و بڕیاردا ماونەتەوە! ئابڕو
تکاوانەش بە ئیفلیجی و گۆجی و تەنانەت بە خڵە فاویش دەستەڵات جێ ناهێڵن، هێلم و
سیکۆتینی نێوان قون و کورسیەکانیان تەنها بە سحری وەفاتنامە دەتوێتەوە.
دوژمنی هەرێم
ئەوانەن کە پەرلەمان و ڕۆژنامە و دەسەڵاتە جیاوازەکان و دام و دەزگا گشتیەکان
و بانک و دامەزراوە ڕۆشنبیریەکان و
تەنانەت خەیاڵ و خولیای هەژار و داماوەکانی ئەم هەرێمە بەکاردەهێنێن بۆ بەرژەوەندی
خێڵ و خێزان.
دوژمنی هەرێم
ئەوانەن بوار دەڕەخسێنن بۆ ڕۆژنامەنوسی ئابڕو تکاو نوسەری ویژدان هەڕاجکراو.
دوژمنی هەرێم
ئەوانەن کە تەبا و یەک ڕیزین لە سەر سنورەکان بۆ قاچاخچێتی، بەڵام ناڕێک و دوبەرۆکن
بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عەوام .
ئەوانەن کە
حیزب دادەمەزرێنن بۆ ئەوەی تاپول و بێ پارە نەبن یان ئاڵوگۆڕی پێ دەکەن بە پلە و
پایە .
دوژمنی هەرێم
ئەوانەن کە شتەکان بە ناوی خۆیانەوە بانگ ناکەن!
بە دزیی دەڵێن
کەم و کورتی، بە تاوان دەڵێن هەڵە، بە
تاڵانکردنی موڵکی گشتی سودمەندی!
دوژمنی هەرێم
سەرکردەی بێ ئاگایە لە دام و دەزگاکانی خۆی.
دوژمنی هەرێم
ئەوانەن کە قەڵەمە ئازادەکان دەشکێنن و ڕەنگە جیاوازەکان و بەقژ هەڵدەواسن و ڕاوبۆچونە دژەکان دەخەنە کونجی بەندیخانە.
ئەوانەن کە لەم
هەرێمەدا موچەیان کردوە بە نوچە، ئەوانەن کە موچەی پیرەمێرد و پیرەژنە جەرگ سوتاوەکانیان
پێ دابین ناکرێ لە کاتێکدا کاکەی بەرپرس و جەنابی بەڕێوبەر و دادەی نوێنەری حکومەت
و ئاغای موستەشار و عاشق و
مەعشوقی ئەم و ئەو بە
ڕاست و چەپ پارە و پوڵ و قوتی ئەم گەلە بە فیڕۆدەدەن.
دوژمنی هەرێم
ئەوانەن کە بە بەردەوامی دەڵێن گوناحی حکومەتی پێشوە ئیستاش گەندەڵ و دز هەیە! کە هێشتا قاچاخچێتی و بەهەدەردانی ماڵ و موڵکی
دەوڵەت بەردەوامە! کە نوێنەری
حکومەت هەیە ١٥ ساڵە لە پۆستەکەی کەڕوی
کردوە و بۆنی دایبیە
دانەکراوەکەی مێشکی دۆستەکانمانی کاس کردوە.
دوژمنی هەرێم
ئەوانەن کە لەم کاتی بێ موچەییەدا وەزارەتێکی تایبەت بۆ کوڕە نازدارەکەی دادەمەزرێنێ
و بودجە و موچی بۆ کراوە دەکات لە سەر حیسابی فەرمانبەران وخانەنشینانی بێ دەرامەت.
دوژمنی هەرێم
ئەوانەن کە دەڵێن : ئەم بارودۆخ و
قەیرانە گوناحی دابەزینی نرخی نەوتە! گوناحی
کۆڤیدە! گوناحی جەنگی ئۆکرانیایە! گوناحی بەغدایە!
ڕەحمەت لە گۆڕت
ئەحمد مختار جاف کە دەڵێت:
جاهیلان بۆ ئیستیفادەی زاتی خۆیان ڕۆژ و شەو
لەم موحیتە مەنعی عیلم و سەنعەت و عیرفان ئەکەن.
293 جار خوێندراوەتەوە