هەروەك لەوتارێکی پێشوتردا ئاماژەمان پێکرد، رۆژئاوا لەبەردەم رۆژانێکی
یەکلاکەرەوەی خۆیدایە، هوشیاریپێدانە توندەکەشمان هەرلەوسۆنگەو بۆ خێرا خۆکۆکردنەوەو
فریاکەوتنی رەوشەکە ودەستکاریکردنی هاوکێشەکان بو. سوریاش بەقۆناغێکی راگوزەری هەستیاردا
تێدەپەڕێت، دوای روخانی دکتاتۆرییەت،سەرلەنوێ خۆی پێناسە دەکاتەوە. بریارە دەستورێکی
نوێ بنوسێتەوەو سیستم وناسنامە نوێکەی تێدا دیاریبکات، بەم جۆرەش دەوڵەت بەواتایەك
لەواتاکان( لەبەرئەوەی سوریا زیاتر لەوەی دەوڵەت بێت قەوارەی نێودەوڵەتیە) پایەکانی
دادەڕێژرێتەوە. هەمو ئەوەش دەیخاتە رو،کە ئێمە لەو پارچەی نیشتیمانە پارچەکراوەکەماندا
بۆ چەندین ساڵ وعەیامی تر، چارەنوسمان بەهەرشێوەیەك بێت دیاریدەکرێت، ناسکی قۆناغەکەو
گەورەیی لێکەوتەکانیشی بەسەر کوردستانیانی ئەوپارچەو کۆی کێشەی کورد لەخۆرهەڵاتی
ناوەڕاستدا پێمان دەڵێت، هەمو هەڵەیەکی سیاسی و خراپ خوێندنەوەیەکی دۆخەکەو خراپ هەڵسەنگاندنی،
کارەساتی بەدوادا دێت وقبوڵکراو نییە.
هەربۆیە ساتەوەختەکە، هۆڵی تاقیکردنەوەیەکی سەخت ومێژویی وئەخلاقیی،
عەقڵییەتی سیاسی کوردو هێزو سەرکردەو نوخبە کوردستانییەکان ودیاریکردنی ئاستی لێپرسراوێتی
لەئەستۆ گرتنیانە. ئەگەر توانای خۆراگریشمان بەگوێرەی پێویست و تاسەر هەبێت، وێنای
گەلێکی خاوەن مەسەلەیەکی مێژویی چارەسەر نەکراوی رەوا لەخۆمان نیشانبدەین، بتوانین
لەبازنە سنوردارە حیزبی وئایدۆلۆژییەکە بێینە دەرەوەو لەفەزایەکی نیشتیمانی کراوەدا
هەناسە بدەین وبیر بکەینەوە، دیلی رابردو نەبین،کە لەهەندێ ئاستی سەرەتاییدا سەرەتاکانی
دەرکەوتون وئەوەش لە کۆبونەوەکەی مەزڵوم عەبدی و وەفدی ئەنەکەسەدا بەرجەستە دەبێت،
دەرفەتەکان هێشتا لەدەست نەچون.
لەم
چوار چێوەشدا ئەگەر پرۆسەی ئاشتبونەوەو رێککەوتنی پەیەدەو ئەنەکەسە لەسەر نەخشەرێگەیەکی
هاوبەش بەخێرایی بەئەنجام بگات،کەهێشتا ئاڵنگارییە، بەسەیرکردنیێکی گشتی وخێرای دیمەنە
سیاسییەکە، ئەوباوەرەمان لادروست دەبێت کە رۆژئاوا جگەلەهەندێ شت کەوتارێکی تری بۆ
تەرخان دەکەین، لەسەر رێگا راستەکەیە. مەبەستمان
لەرێگە راستەکەش هاوکاتبونی ئەم شتانەی خوادەوەیە،کرانەوە بەروی دیمەشق وخۆگونجاندن
لەگەڵ بارودۆخە نوێکە وکەمکردنەوەی بەربەست وبیانوەکان، هەوڵدان بۆ یەکخستنی هەڵوێستی
هێزو ناونیشانە کوردییەکان لەسەر ناوەرۆکی داواکارییەکان وجۆری نوێنەرایەتیکردن،
داوای دیالۆگ لەگەڵ تورکیاو بانگەوازکردن بۆ ئاگربەست، بەرێوەبردنی بەرگرییەکی سەر
سەختانەی سەربازی دژ بە گروپە شەرەنگێزەکانی سوپای نیشتیمانی. لەم نێوەندەشدا هاتنەدەرەوەی
هێزە کوردییەکانی ئەوپارچە لەژێرفشاری ئەوهاوکێشەو ناونیشانانەی لەرابردودا حوکمی
پەیوەندییەکانی نێوانیانی کردوە وسەرکەوتنی گفتوگۆکانی ئێستایان، بایەخێکی سیاسی
وئەخلاقی ونیشتیمانیی یەکجار گەورەی هەیە.
چونکە جگە لەوەی دەرگا بەروی ناحەزان بۆ وەبەرهێنانی سیاسی لەناکۆکی
نێوانیان دادەخات، یارمەتیەکی زۆری دۆستەکانیشمان دەدات وپێگەیان بەهێزتر دەکات ولەئیحراجی
رزگاریان دەکات.
لەهەموشی گرنگترئەوەیە کوردوەك گەلێکی خاوەن مافێکی زەوتکراو مەسەلەیەکی
چارەسەرنەکراوی ڕەوا، لە شانۆی سوریاو ناوچەکەدا ئامادە ونمایش دەکات، کە کێشەکەی
پێویستی بەچارەسەری سیاسی ودابەشکردنی سەروەری ناوخۆییە، نەك وەك کۆمەڵێ خێڵی سیاسی
لەبەرگی حیزبدا. ئەم هەنگاوە لەحاڵەتی سەرکەوتنیدا مانایەکی نوێ بە بەرخۆدانە سەر
بازییەکەی ئێستاش دەدات ودەیخاتە چوارچێوە سیاسی ونیشتیمانییە سروشتیەکەی خۆیەوە.
بیانوی تورکیا کەم دەکاتەوەو خەباتەکە دەخاتەوە نێوبازنەی رۆژئاواو دەوڵەتی سوریا،
ئەوەش دەرگای نوێ بۆ قسەکردن لەگەڵ تورکەکان و داوا لێکردنیان بۆئەوەی خۆیان لەگەڵ
بارودۆخی نوێی کورد لەخۆرهەڵاتی ناوەراستدا بگونجێنن دەکاتەوە، بۆئەوەی دژ بەتەوژمی
مێژو لەئێستادا سەبارەت بە نەتەوەی مەزنی کورد نەوەستنەوە ولەبیری هاوپەیمانیکردندا
بن لەگەڵیدا،کرانەوەش بەروی دیمەشق وئامادە بون بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکان دوای رێکەوتن
لەسەر دەستورو پێکهێنانی سوپای نوێی سوریا، جگەلەوەی دڵنیاکردنەوەی تێدایە، ئامادەیی
نیشاندانیشە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخە نوێداکەداو خۆپێناسەکردن وەك بەشێ لەشۆرشی گەلانی
سوریا، هەروەها پەیامناردنێکی ئەرێنیشە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وهەرێمی.
بەکورتی، ئەگەر مەسەلەکە بەم جۆرە برواتە پێش، کورد توانای رێکخستنی
ریزەکانی وکۆکردنەوەی سەرجەم توانا نیشتیمانییەکانی هەبێت، بتوانێت بەرگری لەخۆی
ودەستکەوتەکانی وهێزەکەی تا نوسینەوەی دەستور بکات، سەرەنجام چاوەڕێدەکرێت تورکیاش
بهێنێتە سەرخەت. بەحوکمی ئەوەی ئەوانەی حوکمی تورکیا دەکەن، کەسانێکی پراگماتین، هەرکاتێك
زانیان ئەوەی دەیانەوێت ناتوانن لەرێی جەنگ و هێزی زبرەوە بەدەستی بهێنن، بۆپاراستنی
بەرژەوەندییەکانیان، هەوڵدەدەن خۆیان لەگەڵ دۆخ وجەبرە نوێکان بگونجێنن وپەیوەندییەکان
لەسەر دیدو بناغەیەکی نوێ لەگەڵ نەیارە کۆنەکانیان دابڕێژنەوە. باشوری کوردستانیش
لەم روەوە نمونەیەکی زیندوە.
بۆ نمونە کاتێك کەناڵی ئاسمانی کوردستان تیڤی دامەزرا هەرەشەی
خاپورکردنیان لێکرد، بۆئەوەی کوردی باشور کارنەکاتە سەر باکورو دەنگیشی بەدنیا نەگات،
وەك گەلێکیش دەرنەکەوێت توانای سودوەرگرتنی لە تەکنەلۆژیاو ئامرازەکانی جیهانگیری
هەیە ودەتوانێت لەم جیهانەدا ئامادە بێت. هەروەها دژایەتی کردنەوەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی
بون لەهەرێم، بەحوکمی ئەوەی پێیان وابو رواڵەتێکی سەربەخۆییە ونابێت لەهەرێمدا بونی
هەبێت.کەچی دواتر وازیان لەم چیرۆکانە هێناو لەسۆنگەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیانەوە
چونە نێو پەیوەندییەکی ئابوری وسیاسی وئەمنی لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا گەرچی لەروی تیۆرییەوە
تائێستا ئامادەی داننان بەهەندێك شتدا نیین.بۆیە ئەوەی بەپلەی یەکەم لەم هاوکێشەدا
گرنگە خۆمانین، توانای خۆمانە لەمەر کۆکردنەوەی تواناکان و وەلا نانی ناکۆکی وکینەکان،ئیدارەدانێکی
عەقڵانی ململانێکان لەقۆناغی راگوزەریدا، متمانە بونە بەخۆمان، چونکە کورد تائەم
ساتەوەختەش سەرەرای هەمو ناکۆکی وکێشەکانمان لەدو پارچەدا بەشی خۆی هێزو ئەکتەری
نادەوڵەتیە، چاوەرێ دەکرێت دوبەشەکەی تریش هەریەکەو بەتایبەتمەندی خۆیەوە لەئایندەدا
وێنەکە لەسەرئاستی خۆرهەڵاتی ناوەراستدا تەواو بکەن، بۆیەکەم جاریش کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی
بەشێوەیەکی گشتی نەك هەر دوژمن ورێگر نییە، بەڵکو لانی کەم تێگەیشتنی بۆ ئەم واقیعە
هەیەو لەهەندێ ئاستیشدا پشتیوانە.
420 جار خوێندراوەتەوە