ئامانجە ڕاستەقینەکانی پشت سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا بۆ بەغداو هەولێر؟


پێم وایە دەستکەوتەکانی سەردانەی سەرۆکی تورکیا بۆ عێراق لەو دەنگ و باسەی بۆی دروستکراوە کەمتر دەبێت. چونکە  لەساڵانی پێشووشدا چەندین یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وڵاتدا  ئیمزاکراون و دوواتر فەرامۆشکراون و کاریگەری ئەوتۆیان نەبووە.
 ئەوەش لەو سۆنگەوەیە کە جگە لەوەی عێراق، بەدەست جۆرەها کێشەی بوونیادی و ناسەقامگیری پەردەپۆشکراوەوە دەناڵێنێت، خاوەن سەرەوەری و بڕیاری سیاسی تەواوی خۆشی نییە، ئەوە جگە لەوەی بەکردەوە زیاد لە عێراقێکمان هەیە، عێراقی حکومەت و سەرۆک وەزیران و عێراقی حەشدو گرووپەکان. 

هێڵە سوورەکانی دراوسێی ڕۆژهەڵاتیش بەڕوونی لەئارادان، بەچەشنێك دەبێت لە چوارچێوەی پێدراوەکانی دۆخی ئێستای عێراقدا، وەك چەسپاوو دیاریکەر لە لایەن کاربەدەستی عێراقییەوە ببینرێن و ڕەچاوبکرێن. دەنا عێراقی ئایدۆلۆژیاو بەشێك لەبەرەی بەرەنگاری و بلۆکبەندییە ناوچەییەکان، دێتە قسەو شتەکان دەخاتەوە چوارچێوەکەی خۆیەوەیەو جددییەتی هێڵەکان و سازش لەسەرنەکردنیان، بۆ هەمووان دەخاتەوە روو، گەر چی ئەمە بە سەری هەندێ  کەس و سیاسەتمەدارو کاربەدەستیش تەواو ببێت.

دیارە تورکەکان ئەم واقیعە جووان دەزانن و لێیان شاراوە نییە، بۆیە پێم وانییە لەئاستێکی گەورەدا گرەو لەسەر دەقە ئیمزاکراوەکان بکەن، بەتایبەتیش کەدیدو پێناسەیان بۆ عێراق ئەوەیە : دەوڵەتێکی نیمچە شکستخوواردووەو بەو ئاسانییەش لەو دۆخە دەرناچێت، ئەوەش وایکردووە هەرکەس  هەوڵبدات بەشی خۆی لە کێکەکەی بەرێت و خۆشی لە دەرکەوتەکانی بپارێزێت، بۆیە وادەبینم ئەوەی لەئێستادا بەدواوەین و دەیانەوێت لەعێراقدا بیهێننە دی چەند ئامانجێکە لەوانەش:

١- فراوانکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

٢- تەواوکردنی پرۆسەی دەووبارە پێناسەو بیناکردنەوەی پەیوەندییە دەرەکییەکانیان لەکۆی ناوچەکەدا.

٣- کەمکردنەوەی تووانای عێراق وەك سەرچاوەی هەرەشە بۆسەر بەرژوەندییەکانیان و ڕێگرتن لەوەی بچێتە سەنگەربەندی بەرامبەریان یاخود بەشێ لەهێزو توواناکانی دژ بە وان بەکاربهێنرێن.

٤- چاوپۆشیکردنی عێراق لەپرسی قەندیل و ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکە، لەپەیوەندی بەهاتنە ژوورەوەی زیاتری هێزەکانی تورکیا بۆ قوڵایی خاکی هەرێم وعێراق و بەشداریکردنیان بە زانیاری هەواڵگیریی.

٥- کاریگەر بوون بەسەر پێشهات و گۆڕانکارییەکان لەم وڵاتەدا.

 واشدەبینم بڕیاری سەردانکردنیشی بۆ هەولێر چەند هۆکارێکی لە پشتەوەبێت، لەوانەش:

* ڕازینەبوونی  پێویست لە هەڵوێست و ئاستی ئامادەیی عێراق لە پەیوەندی بە ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەوە.

* بەکردەوەی ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکە چاوەروانکراوەکە لەژێر دەسەڵاتی پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم و بەتایبەتیش پارتیدایەو دەتوانن ڕۆڵی ڕاستەوخۆ بگێڕن و هێزیان هەیەو کاریگەرن.

* هاندانی هەرێم و بەتایبەتیش پارتی  بۆ بەشداریکردنێکی زیاتر لە ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی سووپاکەی.

*  هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی هەستیاری ئۆپەراسیۆنەکە بۆ سەر ڕای گشتی کوردی و گۆشەگیرکردنی پەکەکە.

* تاکو ئێستاش هەرێم دەروازە گرنگەکەی پەیوەندی تورکیا بەعێراق و ڕێرەوی هێنانە ناوەوەی کاڵا بازرگانییەکانییەتی بۆئەم وڵاتە.
 
*  کاریگەری و بەشداریکردنی هاکان فیدان  وەك دۆستی بارزانییەکان و بەتایبەتیش نێچیرڤان بارزانی لە قەناعەتپێکردنی ئۆردووگان بۆ ئەنجامدانی سەردانەکە؟
ئەبوبەکر کاروانی

116 جار خوێندراوەتەوە