16ی ئۆکتۆبەرو ھەژدیھاکەی ھەناوی ناسیونالیزمی کوردی

ناسیونالیزمی کوردی بەکاریگەری ھەژدیھای ناکۆکی و دوژمنایەتیەکەی نێوان باڵەکانی ، لە ڕۆژی ڕەشی ١٦ ی ئۆکتۆبەردا، جارێکی تر نەیتوانی وێنای کورد وەك گەلێکی خاوەن مافی مێژویی و ھەست و ئامانج و ستراتیژی ھاوبەش، بۆ دەرەوەی خۆی و جیھان نمایش بکات وکەرامەتی بپارێزێت.

 ھەندێ ڕوداو جەنگ وێستگەش لەژیانی میللەتاندا، لەڕو ھەڵماڵ و دەرخەرو مێژو دابەشکەرن.

 بەحوکمی ئەوەی ساتەوەختی قەیران و شکست، ساتە وەختێکی دیموکراسی دەگمەنن.

 بەومانایەی پڕۆژەو ناسیونالیزم و سیستم و ھێزو ئایدۆلۆژیاکان، بێڕتوش و بەسیما دزێوە بێ میکیاجەکەی خۆیانەوە، دەردەکەون و حەقیقەتی خۆیان دەخەنە ڕو.

بەسروشتی حاڵیش ڕو داوە گەورەکان بەگشتی ڕۆڵەی ساتەوەختی خۆیان نین. بەڵکو بەرەنجامی کەڵەکەبون و زەمینەسازی پێش خۆیانن.

۱٦ی ئۆکتۆبەریش کەبەیەکێ لە ڕۆژە لەڕو ھەڵماڵەرەکان و تاقیکردنەوەی ناسیونالیزمی کوردی لە باشورلەقەڵەم دەدرێت.

تەنھا دەرکەوتەیەکی ئەژدیھای ئەو ناکۆکی و جەنگە ناوخۆییەیە، کەلەشەستەکانەوە، ھەناوی ئەم ناسیونالیزمەی خواردوەو توانای جوڵەو دەستپێشخەری بۆ ئاستێکی ڕۆح تاسێنەر ھێناوەتە خوارەوەو سنوردار کردوە.

لەھەندێ ڕوشەوە ھەر لەبنەرەتەوە لەناسیونالیزمی خستوە، بەھۆی ئەوعەقڵە تایەفەگەرییەی لەسەرحسابی گەشانەوەو دواڕۆژی ئەو، سڵ لە قێزەونترین مانۆڕو پێچ لێدان و خۆھەڕاجکردن ناکاتەوە!

بۆنمونە بەشێوەیەکی گشتی، کاتێك ناسیۆنالیزمێك دەکەوێتە بەر پەلاماری دەرەکی و ھەرەشەی ھاوبەش دێتە کایەوە، ھێزو توانا نیشتیمانە جییاوازەکان تواناکانییان یەك دەخەن، ھەستکردن بە ناسنامەو ئەرکە ھاوبەشەکانییان پەرە پێدەدەن، بەوەش ساتەوەختی بەرگری ھاوبەش دەگۆڕێت بۆ دەرفەتێکی مێژویی بۆ دوبارە گەشانەوەو خۆبیناکردنەوەی ناسیۆنالیزمی میللەتێك.

 کەچی لە ئەزمونە کوردییەکەی ناسیونالیزمی کوردیدا، بەشێوەیەکی گشتی، ئەم ڕێسایە لەکار دەکەوێت و ڕۆڵی خۆی بۆ سنوردارکردنی ناکۆکییەکان نابینێت! بەڵگەش بۆ ئەمە گەڕەکان شەرەکانی ناوخۆن، کەچۆن لەکاتێکدا ئەنجام دراون، کوردو ناسیونالیزمەکەی لەژێر ھەرەشەی لەناوچوندا بون.

ئەمەش وادەکات ھاوشێوەی پێشەوا سەعیدی نەورەسی، بڵێین، زۆر جار باڵەکانی کوردایەتی و ناسیونالیزمی کوردی بەئاستی جیاواز نەیانتوانییوە ببنە ھەڵگری فەزیلەتی دواکەوتوترین خێڵەکانی دونیا، نەورەسی ئاماژە بەوەدەکات:

دواکەوتوترین خێڵەکانی جیھان لە مەترسی ھەرەشەی ھاوبەشی سەریان تێدەگەن، ھەربۆیە دەستبەرداری ناکۆکییەکانی نێوخۆیان دەبن و دوژمنایەتیە لاوەکییەکان لەپێناو ڕو بەڕو بونەوەی پەلاماری سەریان دەخەنە لاوە. بەوەش بەجوانی پەی بە بەرژوەندییە کۆمەڵاتیە ھاوبەشەکەی نێوانییان دەبەن و دەیپارێزن، لەکاتێکداھەندێ لە موسولمانان توانای لەبیربردنەوەی دوژمنایەتیە لاوەکییەکەی نێوانییان نییەو خۆیان ڕێگە بۆ دوژمنانیان خۆش دەکەن و دەیبەنە سەر یەکتر(المکتوبات ل٣٤٩)

 لێرەدا وشەی کورد بخرێتە شوێنی وشەی موسوڵمان، پڕاوپڕ گوزارشت لەواقیعی ئێمەو ناسیونالیزمە کوردییە دەردەدارەکە دەکات.

ھێزە ناکۆکەکان و باڵەکانی ئەم ناسیۆنالیزمە، لەبەردەم گەورەترین مەترسیدا، ناتوانن دوژمنایەتیە لاوەکییەکانی نێوانییان لەبیر بەرنەوەو ھاوشێوەی تەوژمێکی خاوەن دیدو بەھاو بەرژەوەندی ھاوبەش بجوڵێنەوە، لەبەردەم دەرفەت و ئاڵنگارییە گەورەکانیشدا بەئاستی جیاواز ناتوانن خۆ لەو پاشخان و ناکۆکی و دوژمنایەتیەی نێوانییان دەرباز بکەن و تەنھا لەدیدی بەرژەوەندی نیشتیمانی و گەل و ناسیونالیزمەکەیانەوە بیربکەنەوەو سیاسەتەکان دابڕێژن و ئامانج و تاکتیکەکان دیاری بکەن!

بەڵکو ھەربیریان لای ئەوەیە چۆن دەرفەتە بۆ تۆلە کردنەوەو ڕسواکردنی بەرامبەری حیزبی و تایەفەیی بقۆزنەوە! چونکە ھەروەك سەرۆکی یەکێتی ڕاشکاوانە ئاماژەی پێکرد، یەکتر بەدوژمن لەقەڵەم دەدەن و بەدوای قۆستنەوەی دەرفەتن بۆ شکاندنی یەکتر!

دیاریکردنی دوژمنیش لەناو ماڵی نەتەوەیدا لەسۆنگەی ڕق و بەرژەوەندی گروپییەوە، جاڕدانی کۆتایی ناسیونالیزمی نەتەوەو نیشتیمان سازە.

ئەوەی جێگەی داخیشە لەکاتێکدا بەھۆی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە کوردو ناسیونالیزمی کوردی دوچاری ڕسوایی و کارەساتێکی مێژویی کرایەوە، کەچی نەبوە ھۆی دابەشکردنی مێژو بۆ پێش و پاش ئەو ڕوداوە!

ھیچ بەخۆداچونەوەیەکی جددی بەدوای خۆیدا نەھێنا، ئەو بیرکردنەوەو پەیوەندییانەی مەرگەساتی ۱٦ی ئۆکتۆبەریان بەرھەمھێنا، لەشوێنی خۆیانن! بەرەو خراپتر نەچوبن باشتر نەبون و دۆخەکە لەبازنەیەکی خنکاوی داخراودا دێت و دەچێت؟!

111 جار خوێندراوەتەوە