پەرلەمانی 2025

پەرلەمانی داهاتوی کوردستان (دەنگدان لە 20ـی ئۆکتۆبەر) بە حوکمی ئەم خاڵانەی خوارەوە جیاواز دەبێت لە کۆی ئەو پێکهاتە پەرلەمانیەی لە 33 ساڵی رابردودا لە چەند خولێکدا پێکهات و ماوەکەی درێژکرایەوە.

 

هۆکارەکانی جیاوازبونی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان:

 

یەک: هەبونی ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز لە پەرلەماندا.

پەرلەمانی ئەمساڵ بەلانی کەمەوە 40 کورسی دەبێتە کورسی هێزە ناڕازییەکانی وڵات، حیزب و جوڵانەوەکانی وەک نەوەی نوێ، بەرەی گەل، بەرەی هەڵوێست و بزوتنەوەی گۆڕان، هەروەها هەردو حیزبی ئیسلامی کۆمەڵ و یەکگرتو پێکەوە دەتوانن ببنە بەرەیەکی فراوان و خاوەن پرۆژەی وا کە هەرگیز  پارتەکانی دەسەڵات روبەڕوی نەبونەتەوە، هێزە ناڕازییەکانی کوردستان، هەریەک لە جێی خۆیان، خاوەنی بەرنامە و کەسایەتی دیار و پرۆژەی چاکسازین و لە مەودای ساڵانی رابردودا بە ئەندازەیەک لە ململانێی شەقام و میدیا و پەرلەمانیدا قاڵبونەتەوە کە پارتی و یەکێتی، وەک دوو حزبی خاوەن ئەزمونی زیاتر لە چوار دەیە لە حوکمڕانی شاخ و شار، زەحمەتە بتوانن بە شێوازەکانی جاران ( داخستنی پەرلەمان، هاوپەیمانی ستراتیژی نهێنی، سەپاندنی زۆرینە هتد)  هەژمونی  خۆیان بەسەر دەسگای یاساداناندا بسەپێنن.

 

دو: کاریگەریی لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان:

 بە هۆی  شکستی ریفراندۆمی 2017و  لەدەستدانی 50%ـى خاکی کوردستان، سەنگ و قورسایی هەردو هێزی دەسەڵاتداری کوردستانی تا رادەیەکی زۆر لە ئاستی عێراقی و ئیقلیمی و پەرلەمانیدا هاتوەتەخوار.

دوای ریفراندۆم و لەدەستدانی کەرکوک و ناوچەکێشەلەسەرەکان، هەژمونی بەغداد بەسەر کوردستانەوە بەتەواوی زیادی کردو دەزگاکانی وەک دادگای فیدراڵی و پەرلەمانی ناوەند بە ئاشکرا و بێ سڵەمینەوە سەبارەت بە سیستمی ئیداری و یاسایی و ئابوری کوردستان دەستوەردان ئەکەن و بواری مانۆڕو گەمەی سیاسی بۆ حکومەتی هەریم بەتەواوی بەرتەسک کراوەتەوە، ئەم حاڵەتە فەزای پەرلەمان بۆ دوو حزبی خاوەن دەسەڵاتی پێشو بە تەواوی  تەماوی و گرژ و بەرتەسک دەکات و دەنگیان ئەو دەنگە نابێت کە پێش ریفراندۆم و پیش 16 ئۆکتۆبەر لە ناو ئەنجومەنی نیشتیمانی هەیانبو.

 

سێ: قەیران و شکستی ئابوری سەربەخۆ:

شکستی ئابوری سەربەخۆ و فروشتنی نەوتی کوردستان بەدەر لە یاسا کارپێکراوەکانی عێراق و بەدەر لە چاودێری دەزگا پەیوەندیدارەکانی ناوەند و ناوخۆ، دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی خستوەتە دۆخێکەوە کە  تەنانەت خۆیشیان بە تەواوی لێی وەڕز و هیلاکن.. شکستی «ئابوری سەربەخۆ» بەو میتۆدەی لە « گریبەستی پەنجا ساڵە» ی نهێنی نێوان بەشێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێم و تورکیادا مۆر کراوە، بە ئەندازەیەک قەیرانی متمانەی لە نیوان خەڵک و حکومەت و هەرێم و ناوەنددا دروستکردوە کە بۆ پەرلەمانتارانی دوو حیزبی دەسەڵات لە پەرلەمانی 2025 دا ئیجگار قورس دەبێت داکۆکی لە سیاسەت و پرەنسیپەکانی ئەو جۆرە لە گرێبەست و پیکهاتنە ژێربەژێریە بکەن.

 

چوار: دۆخی  ئابوری و کارگیری وڵات :

 هەبونی یەک ملیۆن و 400 هەزار کەسی موچەخۆر لە کوردستان ( بە ئەندازەی بەریتانیای حەفتا ملیۆنی!)  کارێک دەکات کۆی پرۆسەی بەرێوەبردنی وڵات سەرلەنوێ بخرێتەوەبەر پیاچونەوە و هەردو حیزبی دەسەڵاتدار لە پەرلەمان و دەرەوەیدا بکەونەوە بەر چەکوچکاریەکی سەخت و بیئامان لە لایەن حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە لە پێناوی سەرلەنوێ رێکخستنەوەی کۆى ژیانی کارگێڕی وڵات و پاککردنەوەی لیستی موچەخۆران لە کەسانی گەندە و بیخێر و ناڕەوا.

 

پێنج: پەیوەندی یەکێتی و پارتی:

پەیوەندی حیزبی یەکێتی و پارتی لە سەردەمی ریفراندۆم و 16ـى ئۆکتۆبەری 2017 وە گۆڕانی ریشەیی بەسەردا هاتوە، ئەم گۆڕانە باڵی کێشا بەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی حەوت ساڵی رابردو و هەڵمەتی هەڵبژاردندا، پەیوەندییەکانی ئەم دو حیزبە هاوپەیمانە تەنها لەو کاتەدا ئاسایی و دۆستانەیە کە مەترسی جددی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان  یاخود ئەگەری مەترسی راپەرین و نارەزایەتی جەماوەری فراوان لەئارادا بێت، بەدەر لەو دو حاڵەتە، بەتایبەت دوای کۆچی مام جەلال، پەیوەندی ئەم دوو هێزە هەرگیز ناچێتەوە دۆخی جاران و سەردەمی پێش رفراندۆم... لەو سۆنگەیەوە و هەروەها بە هۆکاری تری ئیقلیمی و جیهانی ( پەیوەندی هەرکام لەو دوو حیزبە بە ئێران و تورکیاوە) ئەگەری زۆر هەیە پەرلەمانی داهاتو شایەتی جۆرێک لە « نیگەرانی» و تەنانەت « فەوزا» ی متمانە بێت لە نێوان هەردو هێزی کلاسیکی دەسەڵاتدا و ئەوەش رێگا خۆش دەکات بۆ پەنابردنی هەرکام لەو دو لایەنە بۆ هاوپەیمانی و رێککەوتن لەگەڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و سەرەنجام پەسەندکردنی ئەو پرۆژانەی لە قازانجی کۆی دانیشتوانی کوردستانن .

 

شەش:  ئازادی یان ئاوەدانی؟
یەکێتی و پارتی هەرکامیان بە جۆرێک دروشمی بنچینەیی خۆیان بە خەڵک ناساندوە: دروشمی بناغەیی پارتی و نوێنەرە یاساییەکانی هەمیشە بریتی بوە لە "ئاوەدانی"،  لە کاتێکا مەشخەڵی سەرەتا و کۆتایی یەکێتی جەختکردنە لە چەمک و رێزگرتن لە " ئازادی".

 

سەرباری کۆی سیاسەت و پراکتیکی چەوت و هەڵە و ناڕاست و پڕ لە گرفتی ستەمکاری و وێرانسازی ینک و پدک، دەشێ هەرکام لەو دوو حیزبە لە لایەن یەکتر و لەلایەن حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە قۆڵیان بابدرێت ئاخۆ بەڕاستی و بە کردەوە چیان کردوە بۆ ئازادی و ئاوەدانی؟ ئایا ئەوەی ئیدارەی پارتی لە زۆنی زەرد(ی جاران)  و یەکێتی لە زۆنی سەوز(ی جاران) ئەنجامیانداوە لە ئاست ئەو داهاتە زۆر و هوشیاریە بێسنورەی خەڵکی کوردستانە یان قسە و دروشمەکانیان هەر بۆ ریکلام و فریودانی جەماوەر و  قایمکردنی دەسەڵاتی ئەبەدی و بنەماڵەیی خۆیانە.

 

ئۆپۆزسیۆنی داهاتو دەتوانێ هەر بە دروشمەکانی خۆیان، یەکێتی و پارتی بخاتە ژێر باری لێپرسراوەتیەکی قورس کە زەحمەت بێت بتوانن بە ئاسانی شانی خۆیان لە ژێریا خاڵی بکەنەوە.

 

پەرلەمانی داهاتوی کوردستان بە هەمو لێکدانەوەیەک جیاوازە لەو پێکهاتە پەرلەمانی و یاساییەی 32 ساڵی رابردوی کوردستان بەخۆیەوە بینیوە.

 

هیوادارین هەردو گروپی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە ئەرکی مێژویی خۆیان تێبگەن و بزانن سەرەنجام ئەوانیش وەک کۆی مرۆڤەکانی سەر زەوی دەڕۆن و ناگەڕێنەوە..

424 جار خوێندراوەتەوە