ماوەیەکە هەڵمەتێکی زۆر ڕێکخراو دژی بزوتنەوەی گۆڕان خراوەتە ڕێ،
دەیان پەیج و ئەکاونتی فیسبوک بەردەوام قسە و جوێن و تۆمەتی خراپ بۆ بزوتنەوەی
گۆڕان هەڵەبەستن و ئەیانەوێ کێچێکی لێبکەن بە گایەک و سەروەریەکانی ئێستاو
ڕابوردویشی بسڕنەوە..
یەکێک لەو پرسیارانەی کە ناحەزە هوشیارو ناهوشیارەکانی گۆڕان
بەردەوام دوبارەی دەکەنەوە ئەم پرسیارەیە:
ئایا گۆڕان ماوە؟؟
ناوەرۆکی ئەم پرسیارە ، وەک ڤایرۆس و پەتای ترسناک، دو مەبەستی
نگریسی لەخۆیا شاردۆتەوە:
یەکەم:
گومان لە هەبونی بزوتنەوەیەکی گەورە بڵاودەکاتەوە کە هەزاران هەڵسوڕاوی هەیە جگە
لە فراکسێۆنێکی پەرلەمانی بەهێز و گروپێکی وەزاری بەتوانا.
دوەم: شەڕێکی نەفسی لەگەڵ لایەنگرانی گۆڕان بەڕێدەخات کە گوایە
جوڵانەوەکەیان ئیتر لە نێوان مان و نەماندایە و ئەمەش بێگومان درۆیەکی زل و
ناڕاستیەکی ئاشکرایەو ڕق و قینی سیاسی و دوژمنایەتی لەگەڵ حەق و عەدالەت و خاوێنی
لەخۆیا هەڵئەگرێ.
بزوتنەوەی گۆڕان قۆناغی زۆر سەختی بەڕێکرد.. پێرار ، دوای کۆچی کاک
نەوشیروان ئێمە وەزعمان تەواو شێواو بو، بەڵام بە دیاریکردنی خانەی ڕاپەڕاندن ی
دوای کاک ئێمە ئەو قۆناغەمان تێپەڕاند...
دواتر هەڵمەتی " هاوڕێ" ٚناوخۆیی و دەرەکیەکان سەبارەت
بە تەوریس دەستی پێکرد و ئەویش جەزرەبەی قورسی لێوەشاندین بە ڕادەیەک وایلێهاتبو
سەردانی گردەکە بۆ هەنێ کەس وەک قارەمانی حساب دەکرا چونکە پێیان وابو "ٚ
ئیتر گۆڕان تەواو.. کۆتایی هات..
هەڵبژاردنەوەی خانە و ڕێکخستنەوەی هەنێ لە میدیاکانی وشەو جوڵەی
بەردەوامی هاوڕێکان لە هەمو ئاقارەکاندا چاوی ڕەشی زۆر کەسی ترییشی کاڵ کردەوەو
پێی وتن کە : گۆڕان دار بی یەک نیە کە بەو جۆرە بایانە بلەرزێ.
گۆڕان لە جوڵەو نوێبونەوەدایە.
جوڵەو خۆڕێکخستنەوەی گۆڕان بەردەوامەو ئەرکێکە دەبێ ئەنجام بدرێ.
فەزیلەی پیاوچاکان نیە.ئەرکی هەمو ئەوانەیە کە بیر لە ئێستاو ئایندەی ئەم وڵاتە
دەکەنەوە و هیوایان بە ئازادی و عەدالەت لەق نەبوەو لەق نابێ.
ئەمڕۆش لە کۆبونەوەیەکدا هاوڕێیان باسیان لە ڕێکخستنەوەی میدیایی
گۆڕان کرد.
پێشنیاری من بۆ هاوڕێکانم بەم جۆرە بو:
بزوتنەوەی گۆران بزوتنەوەیەکی سیاسیە، بەو مانایەش دەبێ سەرجەم
ڕەهەندەکانی کاری سیاسی خۆی ڕون بکاتەوەو بە وردی بەرنامەیان بۆ داڕێژێ.
شتێک نیە بە ناوی " میدیا"ٚ ی سیاسی و حزبی لە دەرەوەی
پراتیکی گشتی حزبی بە شێوەیەکی گشتی.
بە واتایەکی تر، تەنها کاتێ بزوتنەوەی گۆڕان میدیایەکی جەماوەری و
سەرنجڕاکێش و سەرکەوتوی دەبێ کە لەم بوارانەدا بەتەواوی نەخشەی هەبێ و بەرچاوی
ڕوون بێ:
یەکەم : سیاسەتی ڕێکخستن و ڕێکخراوەیی،
دوەم :ٚ سیاسەتی نەتەوەیی. ( لە ئاستی عیراق و لە ئاستی کوردستانی
گەورە)٫
سێهەم : سیاسەتی کلتوری،
چوارەم : سیاسەتی ئابوری...( مەسەلەی باج و ڕسومات و سنور و هتد)
پێنجەم : سیاسەتی پەرلەمانی،
شەشەم: سیاسەتی دبلۆماسی،
حەوتەم: سیاسەتی تەندروستی،
هەشتەم:
سیاسەتی ناوچەیی و دراوسێکان..
نۆیەم: سیاسەت و بڕیار لە حکومەتە لۆکاڵیەکان.
دەیەم: سیاسەتی میدیایی..
واتە سیاسەتی میدیایی گۆڕان بەشێک و تەنها بەشێک لە کۆی مۆراڵ و
پراتیکی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان پێکدەهێنێ و ناتوانێ ببێتە بەدیل بۆ کۆی پرۆسەی
کاری سیاسی بروتنەوەکە..
نمونەی ئەوەش لەوەدا دەرئەکەوێت کاتێک وزیرێکی گۆڕان یان بەڕێوەبەرێکی
گشتی هەڵە یاخود کەمتەرخەمیەکیان هەبێ، میدیای گۆڕان ناتوانێ ببێتە پینەکاری
هەڵەکە و ناتوانێ داکۆکی لە هەڵەی ئەندامێکی بزوتنەوەکە بکات... بەڵام ئەگەر کۆی
جومگەکان پێکەوە هارمۆنی بن و خانەی ڕاپەڕاندن قاتعانە سەرپەرشتی هەموان بکات،
بێگوان مەکینەی گۆڕان وەک جاران دەکەوێتەوە جوڵەو ئەوەی بنیات نراوە دەتوانێ ببێتە
ڕێنیشاندەر بۆ کاری بەردەوام و جددی.
ئێمە ناچارین لێرەوە بە ناحەزە دیارو نادیارەکانی خۆمان بڵێێین کە:
دەستتان کەشفە.. خۆتان ماندو کرد و زۆرتان بوختان بۆ هەڵبەستوین.. بەڵام دڵنیابن
کە:
گۆڕان بەردەوامە..،
گۆڕان لەسەر هەمان ڕێچکەی پێشوی درێژە بە خەبات دەدات،..
گۆڕان ملکەچی هیچ هێزو حزبێک نابێت و پرەنسیپەکانی خۆی دەپارێزێ..
گۆڕان حزبی تێکۆشەڕە ڕاستەقینەکانی عەدالەت و ئازادی یە..
درەختێکی بەڕو ئاسایە و بە هیج ڕەشەبایەک ناکەوێتە زەوی......
2100 جار خوێندراوەتەوە