لێکەوتەی مەترسیداری ئەم هەڵبژاردنە تەنها لەوەدا نییە، دەسەڵات بە گەورەبونی
زیاترەوە هاتەوە ناومان! بەڵکو لێکەوتەی هەرە مەترسیدار ئەوەیە: خەڵکانی ناڕازی و ستەملێکراو،
خراونەتە ژێر باری ئەو گومانەی کە رابردویان لەبیرکردبێت و دەنگیان بە دەسەڵات دابێتەوە!.
سەرنج بدەن، ئێستا هەمو کەسێکی ستەملێکراو بە
چاوی گومانەوە لە هاومەزڵومەکانی خۆی دەڕوانێ، سەرکۆنەی یەکتر دەکەن.
لە کاتێکدا هیچ دۆکمۆێنتێک نییە بیسەلمێنێ ئایا
دەنگەکان بە ئەمانەتەوە وەک خۆیان رۆشتونەتە ناو سندوقەکانەوە یان نا؟.
واتە لەم چرکەساتەدا بارتەقای ئەوەی گومانێکی ئێجگار
گەورە هەیە، بۆ بونی تەزویرێکی زۆر رێکخراو، لە هەمان کاتدا خەریکە خەڵکی ناڕازی و
ستەملێکراو، وەک پاڵەوانی گەورەکردنی ئەم دەسەڵاتە لە هاوکێشەکە دێتە دەرێ.
قبوڵکردنی ئەنجامەکان بەم چەشنەی ئێستا، تەنها
قبوڵکردنی تەزویر نییە، بەڵکو بە زۆر ساغکردنەوە و سەپاندنی گومانێکە لەسەر سەدان
هەزار دەنگدەری توڕەو نیگەران، لە کاتێکدا هیچ بەڵگەیەک نیە بۆ کردنی ئەو تاوانە.
لێکەوتەی ئەمەش بۆ داهاتو هەزار جار مەترسیدارترە
لە خودی تەزویر، چونکە ئەو باوەڕە لای خەڵک دەچەسپێت، کە بە هیچ جۆرێک دیموکراسی سەرپێ
ناخرێت و پارتی و یەکێتی هەزار جار لە دەرگاوە بیانکەیتە دەرەوە، سەرئەنجام وەک
ساحیر لە درزو کەلێنی ترەوە دێنەوە ژورەوە، لە کاتێکدا ئەمە وا نییە.
بۆیە گرنگە پێکەوە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان (ئەوانەی
بەڵگەو گومانیان هەیە) بە هەر نرخێک بێت، نەچنە ژێر باری ئەنجامەکان، تا لێکۆڵینەوەی
ورد و بەراوردکاری دەکرێت و گومانەکان دەڕوێننەوە.
لە راستیدا سەلماندنی ئەستۆپاکی دەنگدەران و خەڵکی
ناڕازی لە ئەستۆی لایەن و کەسایەتیە موعارەزەکانە و دەبێ خاوەنداری لێبکەن.
ئەوەی بە ئێمەو مانیش بکرێ هاوکارو پشتیوانیان
دەبین.
399 جار خوێندراوەتەوە