بەڕێزان؛ جارێکی تریش
وتومە: من گۆڕان نیم، ئەما بۆ ئەم هەڵبژاردنە پشتگیری گۆڕان دەکەم.
سەبارەت بە (هەڵە) ناسینەوە،
فەیلەسوفی گەورەی سلاڤی، سلاڤۆ ژیژەک دەڵێت: گەر بمانەوێت خۆمان لە چەرمەسەری ڕێگای
پڕ زەحمەتی هەڵەناسینەوە دەرباز بکەین، ئەوا لەم حاڵەتەدا خودی ناسینەوە و حەقیقەت
لە دەست دەدەین؛ کەواتە تەنیا لە رێگەی تێپەڕین بە ناو هەڵەناسینەوەدایە، دەتوانین
بگەین بە سروستی راستەقینەی ئەوی تر و هاوکات بە سەر کەموکورتی خۆماشماندا زاڵ ببین.
لەمەدا ژیژەک دەیەوێت
بڵێت: مرۆڤ بۆ ئەوەی بگات بە راستی، دەبێت ئەزمونی هەڵە بکات و بە ناو هەڵەدا تێپەڕێت.
بەو مانایەی، مرۆڤ جار
لە دوای جار دەبێت لە کاردابێت تا ئەو کاتەی هەم دەگات بە ئامانج، هەم کەموکورتی و
هەڵەی خۆی دەدۆزێتەوەو چارەسەری دەکات.
واتە ژیژەک پێمان دەڵێت:
گەر تۆ لە هەڵەکردن بترسیت و هیچ هەنگاوێک نەنێیت، ئەوا بێگومان دەبێ لە شوێنی خۆتدا
دانیشیت و دەسبەرداری خەون و ئامانجەکانت ببیت و چاوڕێی مەرگێکی هێواش بکەیت.
بەڕێزان؛ کاتێک گۆڕان
لە رێچکەی خۆی لایدا، ئێمە لە پێشەنگی ئەو کەسانە بوین، کە لە تەلەفزوێنەکانەوە بە
راشکاوی و بە توندی روبەروی بوینەوەو نەترساین، رۆژگار سەلماندی ئێمە هەڵە نەبوین،
بەڵکو راستبوین.
ئێستاش کە گۆڕان چەند
هەنگاوێکی ناوە، بیرو هۆشم پێم دەڵێن: ئەو هەنگاوانە باشن، نابێ بێلایەنبیت، نابێ
بێدەنگ بیت، دەبێ دەستخۆشیان لێبکەیت و هاندەربیت، بۆ ئەوەی لە سەر پێی خۆیان
بوستنەوەو بە متمانەوە بەرەو کاری باشتر بڕۆن.
لە هەمان کاتدا، بیر و
هۆشم پێم دەڵێن: گومان لە هەنگاوەکانیش بکە، چاودێریان بکەن، ئەگەر هەڵەیان کرد یان
فێڵیان کرد لێیان بێدەنگ مەبە.
دیکارتیش دەمێکە گوتویەتی:
ئەی مرۆڤ خۆت بناسە، مرۆڤ بۆ ئەوەی خۆی بناسێت دەبێ بیر بکاتەوە، هەڵوەستە بکات،
گومان بکات.
دەی گومانکردن دیوی
دووەمی هەنگاوەکانی منە، بە ئاڕاستەی پشتگیری گۆڕاندا.
کەواتە لە ژیژەک و دیکارتدا،
ئەرکی من ئەوە نیە لە هەڵەکردن بترسم، بەڵکو دەبێ کار بکەم، ئەزمون بکەم.
وەک چۆن یەک جار هەڵەی
گۆڕانمان قبوڵ نەکرد، پێویستە یەک جاریش داوای لێبوردنیان قبوڵ بکەین، ئەو کات لە
زهنی مندا وێنەکە تەواو دەبێت.
خۆ ناشکرێ، بۆ ئەوەی خۆشەویستی
خۆم لە ناو خەڵکدا بپارێزم، دەبێ بینەرێکی پاسیڤ و بێ هەڵوێستبم، نا لە رونگەی منەوە
بە ترسنۆکی دەزانم بۆ خۆم، نا ئەمە ناکەم.
دەی بەڕێزان؛ ناشکرێ
ئازادی من بارمتەی ئەو خۆشەویستیەبێت، کە هاووڵاتیانی ئازیز بۆ من هەیانە.
نا ناترسم، چونکە روم
لە بەرژەوەندی تایبەت نەکردوە، روم لە حیزبێکی پۆستدار و پارەدار و بەهێز نەکردووە،
بەڵکو دەمەوێ هەناسە و شانس بە نەخۆشێک بدەمەوە، کە لە ژوری چاودێری چڕدایە.
واتە بۆ ئەوەی دوای
داوای لێبوردن، گۆڕان تاقی بکەینەوە، دەبێت لە پێشدا هێزی پێ بدەینەوە.
سەرئەنجام، دەبێت بە
گومانەوە چالاکبم، جا ئەگەر هەڵەشم کرد، ئەوا زیاتر دروست دەبم، بیرو هۆشم دەوڵەمەندتر
دەبێت.
کوردیش دەمێکە گوتویەتی:
کردە پەشیمانی باشترە لە نەکردنی کارێک.
رۆژگار پیشانی دەدات،
ئایا من هەڵەم یان راست.
گەر راستبوم ستایشی
خودا و عەقڵم دەکەم، گەر هەڵەشبوم بە ئەزمونێکی دەوڵەمەندترەوە، بە شانازیەوە بە تەنها
لە بەردەم گەلەکەمدا دەچەمێم و داوای لێبوردنیان لێدەکەم.
100 جار خوێندراوەتەوە