بۆ کەرکوکیەکان...
بۆ یەکێتیەکان...
بۆ پارتیەکان...
هاوڵاتیانی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان، خەڵکی بە ویژدانی ناو پارتی و یەکێتی، فەرمون تەماشای ئەم وێنە بچوکە بکەن کە لە خوارەوە دەیخەمە رو، ئەمە دڵۆپێکە لە دەریای دوروی قیادەکانتان:
تەماشا بکەن، هەر دوێنێ واتە ۸ـ٦ـ۲٠۱۸، بە پەلە مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبونەوەیەک دەکات، دواتر سەعدی پیرە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسی دەکات و لە قسەکانیدا وای پیشاندەدات، کە ئەوانەی داوای ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان دەکەن لە گەڵ دوژمنان کلکیان گرێ داوە! لەم روەوە لە بەر ئەوەی پارتیش وەک یەکێتی دژی ژماردنەوەی دەنگەکانە بە دەست، بە هەمان شێوە هەر دوێنێ کۆبونەوەکیش لە گەڵ پارتی دەکەن.
وەک ئەوەی هیچ لە نێوانیادا روی نەدابێت، لەبەرئەوەی لە پرسی تەزویردا هەمان ئیشی قۆڕیان کردوە، کەچی لە کۆبونەوە هاوبەشەکەیاندا رێکن لە سەر ئەوەی تەزویرەکە بشەرعێنن.
لەم کۆبونەوەدا ئیدی نە پرسی کورد، نە کەرکوک، نە ۱٦ی ئۆکتۆبەر، نە موچەی پێشمەرگە، نە مادەی ۱٤٠، جێی باس نیەو هەردولایان وەک برا خەریکی رێکەوتنن لە سەر پەردەپۆشکردنی تەزویرەکەیان.
تا ئێرە دیوە راستەقینەکەی پارتی و یەکێتیە، کە وەک وتمان دیوی دۆزینەوەی فرتوفێڵی ترە بۆ شەرعیەتدان بە دزینی دەنگی خەڵک!
دیوی دوەمیش، کە دیوی خۆڵکردنە چاوی کەرکوکیەکان و دەنگدەرانی پارتی و یەکێتیە ئەوەیە، هەر دوێنێ لە سەر ئاستی میدیا شەڕێکی گەرم لە نێوان پارتی و یەکێتدا هەیە، لەسەر ئاسەوارەکانی تەسلیمکردنی کەرکوک و ۱٦ی ئۆکتۆبەر، لە لایەک بڕیاری گرتن بۆ نەجمەدین کەریم دەردەکرێت و بەشێک لە میدیا فەرمی و نافەرمیەکانی یەکێتی شاگەشن بەم هەواڵەو شانازی بەوەوە دەکەن وردە ورە تەسفیەی حساباتیان لە گەڵ نەیارەکانیان بۆ دەچێتە سەر. لە بەرامبەریشدا پارتی بە گشتی و تەنانەت خودی مەسعود بەرزانی بڕیاری گرتن بۆ نەجمەدین کەریم دەخەنە ئەستۆی قیادەی یەکێتی و، بڕیاری گرتنەکەی نەجمەدین کەریم بە دەستی ئەوانە دەزانێت کە خیانەتی ۱٦ی ئۆکتۆبەریان کرد!
پاش خستنەڕوی ئەم نمونە بچوکە، دەبێ لە یەکێتیەکان بپرسین ئایا بۆ لە قیادەکەتان ناپرسن، ئەم دوڕوییەیان لەچی؟! ئەوە چ بەرژەوەندیەکی تایبەتە وایان لێ دەکات لە کۆبونەوە نهێنیەکان لە سەر پەردەپۆشکردنی تەزویر بۆ یەکتر رێک بکەون؟! بەڵام ئامادە نین لە سەر دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک رێک بکەون؟!
دەبێ لە پارتیەکان بپرسین، ئایا بۆ لە سەرۆکەکەتان ناپرسن ئەگەر بلفعل قیادەی یەکێتی خائینە بۆ لە گەڵ خیانەتکاران دادەنیشن؟! بۆ دزینی دەنگی خەڵک بۆ خیانەتکاران پەردەپۆش دەکەن؟!
دەمەوێ وەک کوردێک لە کەرکوکیەکان بپرسم، ئایا بۆ ناپرسن لە کاتێکدا قیادەی پارتی و یەکێتی لە سەرەوە یەکتر تەخوین دەکەن ئەی بۆ لە ژێرەوە لە سەر دزینی دەنگی خەڵک رێکن؟!
ئەی بۆ لە سەر دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک بۆ رێک نین؟!
ئەی بۆ لەسەر جێبەجكردنی مادە ۱٤٠ کۆک نین؟ ئەی بۆ لەسەر دەرکردنی سوپای تورکیا کۆک نین؟!
ئاخر کەرکوکیە بەڕێزەکان خۆ قیادەی پارتی هەر ئەو قیادەیە کە بە هۆی شەڕی داعشەوە دەستی بە سەر کێڵگە نەوتیەکانی کەرکوکدا گرتبو بۆ خۆیان دەیانفرۆشت! هەر ئەو قیادەیە کە بە هاتنی سوپای تورکیا رازیە! قیادەی یەکێتیش هەر نەوتفرۆش و کەرکوک فرۆشەکانی رابردون!
قیادەی پارتی و یەکێتی هەر ئەوانەن راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە پشتی بازرگانی نەوتەوە بون لە گەڵ داعش؟!
ئەمانەو هەزاران پرسیاری تر، ئیدی کاتی ئەوە نیە لەم هەمو یاریکردنە بە چارەنوسی خۆتان و ئەم گەل و نیشتیمانە تێ بگەن!
له ئهكاونتی نوسهر له تۆڕی كۆمهڵایهتی فهیسبوك وهرگیراوه:
5695 جار خوێندراوەتەوە