عێراق لەبەردەم ئەگەری تەقینەوەی قەیرانی سیستمدا

وەك دەبینین دۆخی عێراق ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو ئاڵۆزبوون ومەترسی زۆرتر دەچێت. قەیرانەکەش پرۆسەی سیاسی وحکومەتی تێپەراندووە بۆخودی سیستمە سیاسییەکەی دوای ٢٠٠٣ وگرێبەستە سیاسییەکەی کەبۆ بەشێك لەھێزەکان لەژێر جەبری واقیعەکەدا ڕەزامەندی لەسەر نیشاندرا.

دۆخی ئێستای عێراق دۆخی دەستشکاندنەوە، بەرەو سفریی چوونی بەشێك لەململانێکان، بێتوانایی دام ودەزگاکان لەلەخۆگرتنی ناکۆکییەکان، ناکارایی بەرکەوت ومیکانیزمە دەستورییەکانە بۆدەرچوون لەکێشە وقەیرانەکان وبەلاداخستنیان.

بەمەش عێراق وەك قەوارەو گەل و سیستم لەقەیرانێکی قوڵ وھەمەلایانەدایە دەکرێت لەم چوارچێوەشدا ئاماژە بەم خاڵانەی خوارەوە بکەین:

 یەکەم: چوارچێوەی ھەماھەنگی ویستی ورەنگە بەشێکی تائێستاش بیەوێت کشانەوەی  سەدر لەپەڕلەمان بقۆزێتەوە بۆ لاوازکردنێکی ستراتیژی لەڕێی بەکارھێنانی ڕەوایەتی و تواناکانی دەوڵەتەوە. بەحوکمی ئەوەی بەمەترسییەکی وجودی سەرخۆیانی دەزانن، بەتایبەتیش  مالیکی ولیستەکەی. چونکەململانێی نێوان سەدرو مالیکی لەئێستادا تاڕاددەیەکی زۆرسفریە، واتە قۆناغی چپێکەوە ھەڵکردن وسازشکردنی تێپەڕاندووەو بیر لەشکستپێھێنان  ووەدەرنانی یەکجارەکی یەکتر لەگۆڕەپانەکە دەکەنەوە، گەرچی ئەمە لەقۆناغێکدا پێویستی بەبەکارھێنانی ھێزو توندوتیژیش بێت.

لەبەرامبەرەوە، سەدریش لەم ڕاستیە تێگەیشتووە، بۆیە ئاسان نیە ڕێگە بدات کشانەوەی بەقازانجی نەیارەکانی تەواو ببێت وبەناوی دەوڵەتەوە وەك  لەیاسادەرچوو بیخەنەڕوو ھەوڵی لاوازکردنی بدەن.

بۆیە یان ھەرلەبنەرەتەوە ناھێڵێت چوارچێوەی ھەماھەنگی حکومەت  پێکبێنێت،  یان ئەگەرڕێگەشی دا بۆ زیاتر نیشاندانی شکستیان دەبێت وناھێڵێت کاری لەبەربڕوا.

لەم پێناوەشدا قۆناغ بەقۆناغ ھێزلەخۆنیشاندا ن وجوڵەو ئامانجدیاریکردنەکانی لەھەڵکشاندایە.  گوتارو جوڵەکانی سەدر پێمان دەڵێن، خۆی وەك مەرجەعی کۆتایی بڕیاری سیاسی وخاوەن ڤیتۆی گۆڕەپانە سیاسیەکە دەردەخات.

 بەجوڵەی ئەم چەند ڕۆژەی دوایشی چەندین پەیامی نارد وچەند ئامانجێکیشی بەدیھێنا، لەوانەش:

١- ھیچ کەسێ بێ ڕەزامەندی ئەو ناتوانێت ببێتە سەرۆکی حکومەت، کەجۆرێکی تری ماف بەخۆدانی پێکھێنانی حکومەت وپیادەکردنی مافی گەورەترین فراکسۆنە لەدەرەوەی سیاق وبەرکەوتە دەستورییەکانەوە.

٢- ڕێگریکردن لە دانیشتنی چاوەڕوانکراوی پەڕلەمان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار. لێرەشدا ڕۆڵی دادگایەکی میللی فیدراڵی باڵادەبینێ،  ھاوشێوەی ڕۆڵی دادگای باڵای فیدراڵی لەپەکخستنی  ھەوڵی ھاوپەیمانییە سێ قۆڵیەکە بۆ پێکھێنانی حکومەتی زۆرینە.

٣- نیشاندانی ئەوەی ئەم پەڕلەمانەی ئێستا خاوەن بڕیارنییە وڕەوایەتیەکەی گوێزراوەتەوە بۆ شەقام وگەل،  کەنوێنەرەکانیان لەجیاتی ئەندام پەڕلەمانەکان لەسەر کورسییەکانییان دانیشتبوون؟

ئەوەی جێگەی سەرنجیشە سەدر لەئێستادا داخوازییەکی دیاریکراو ھاوشێوەی: ھەڵبژاردنی پێشوەختە، جۆری پێکھێنانی حکومەت یاخود درێژەدان بەحومەتی کاربەڕێکەر ناخاتە روو. کە ئەوەش ئایندەی تەم ومژاویتر کردووەو دۆخەکەی لەنیمچە پاشاگەردانی نزیککردۆتەوە. پێشم وایە   لەم نارونی وتەم ومژەدا چەند ئامانجێکی ھەیە، لەوانەش:

ا- بەشکشتخواردوو نیشاندانی مالکی وچوارچێوەی ھەماھەنگی.

ب- داچۆراندنی تواناکانی سیسم وبێتوانایی نیشاندانی لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان لەچوارچێوەی ڕێساو میکانیزمەکانی وئەو گرێبەستە سیاسیەی لەسەری دامەزراوە .

ج نائومێدکردنی ھێزەکانی تری ناوخۆو دەرەوە، بەرامبەر ئەگەری دەرچوون لەم قەیرانە خنکێنەرەو ناچارکردنییان بۆ بیرکردنەوە لە بژاردەی نوێ ولەوانەش گۆڕینی سیستم وڕێساکانی گەمە سیاسیەکە.
 د-  کۆتایھاتن دەرکەوتنی سەرجەم دیدگا، ھەوڵ ودەستپێشخەری، پلان ودەستێوەردانەکان ونیازو مەیلی شاراوەی لایەنە ناوخۆو دەرەکییەکان، لەپێناو دیاریکردنی ستراتیژی کۆتایی وسیناریۆ جۆراوجۆرەکان وچۆنیەتی بەرەو رووبوونەوەیان.

لێرەوە دەردەکەوێت قەیرانی ئێستای عێراق، قوڵ وھەمەلایەنەو مەترسیدارە. بەحوکمی ئەوەی خودی سیستمی گرتۆتەوە.

ئەوەش بەجۆرێك لەجۆرەکان یەکسانەبە لاوازبوون وناکارایی دەزگا ناوبژیوانەکان، کەرەنگدانەوەی لاوازی خودی دەوڵەتی ھەمووان وناوبژیکارە.

لەدۆخێکی لەم جۆرەی بنبەستی سیاسی ودامەزراوەیشدا،چاوەڕوانکراوە سیستم ببێتە تەوەرەی ململانێیەکی توند، واتە ھەندێك بەرگری لەمانەوەی بکەن، بەوجۆرەی خۆیان دەیانەوێت وبەرگری لەبەرژەوەندییەکانییان دەکات، ھەندێکیش ھەوڵی گۆڕانی بدەن بۆ تێپەڕاندی بەشی یەکەم ودەستپێکردنی قۆناغێکی ڕاگوزەری نوێ. 

ئەمەش پێمان دەڵێت، ڕەوشەکە تاڕاددەیەکی بەرچاو قۆناغی چاکسازی لەناوخودی سیستمدا تێپەڕاندووە. 

لەسایەی وەھا ھەل ومەرجێك وبوونی دەستێوەردانی دەرەکی نائاسایشدا، کە بەشێکی گرەو لەسەر مانەوەی سیستم بەناکارایی وواقیعی مەوجود دەکات و بەشەکەی تریش چاوی لە گۆڕین وتێپەڕاندنی بڕیوە، بەکارھێنانی ھێز، بۆھێنانەکایەی ھاوکێشەی نوێ وشێوازێکی کرداری بۆ شکاندنی بنبەستەکەو ھێزو دامەزراوەکانی، ببێت بەئەگەرێکی کراوە. لای ھەندێکیش وەك پێویستیەك ببینرێت؟!

بەم جۆرەش ژیانی عێراقیەکان ھاوشێوەی ژیانی وێناکراوی دۆزەخییەکانە لەقورئاندا، نەئەوەیە بمرن نەئەوەشە بژین و لەدۆخی سێھەمی پێناسە نەکراوەوە، کەدۆخی نێوان ژیان ومردنە.  بەداخیشەعێراق وەك قەوارە بەدرێژایی زۆربەی بڕگەکانی مێژووەکەی  ڕۆڵی دۆزەخی  بۆ ڕۆڵەو پێکھاتەکانی گێڕاوە!!

 

183 جار خوێندراوەتەوە