پێشھات و ڕووداوەکان،
ئاماژە بەقورستر بوونی دۆخەکە دەکەن سەبارەت بەھەرێم. ئامانجە ستراتیژییەکەش ھەڵوەشانەوەی
قەوارەی ھەرێمی کوردستانە، یاخود لانی کەم، داچۆڕاندنیەتی لەڕەگەزەکانی ھێز تیایدا.
ئامرازەکانیش ئەمانەن:
١- قوڵکردنەوەی
ناکۆکی و لێک ھەڵوەشانەوەی زیاتری ناوخۆی ھەرێم بە مەبەستی:
ا- بەھەدەردانی تواناکان.
ب- تێکدانی زیاتری ئامانجە لەپێشینەکان.
ج- سەرقاڵکردن بەخۆوەو نەپەرژانە سەر گۆڕانکارییەکانی دەورو بەرو دەرفەت و
ئاڵنگارییەکان
ھ- ڕێگرتن لە گەڵاڵەکردنی نەخشە ڕێگایەکی ھاوبەش و گوزارشت دانەوەیەکی دامەزراوەیی
ڕاستەقینە لە ھەرێم وەك قەوارەیەکی دەستووریی یەکگرتوو.
٢-قوڵکردنەوەی قەیرانی
ئابووری.
٣- بە ناسەقامگیر ھێشتنەوەی
پەیوەندییەکانی ھەرێم- بەغدا.
٤- ھەرەشەو فشاری سەربازی
بە پاساوی بوونی بارەگای ھێزە کوردییەکانی پارچەکانی ترو بەتایبەتیش ڕۆژھەڵات.
٥- وێناکردنی ھەرێم و بەتایبەتیش
پارتی، وەك ھێزێکی خۆ یەکلاکرەوەوە بۆ بەرەی خۆرئاوا دژ بە ڕووسیاو ھاوپەیمانەکانی
و لێکەوتە جیۆ سیاسیەکانی جوڵاندنەوەی دۆسییەی غازی ھەرێمیش ناونیشانی دەستپێکردنی
وەرزێکی نوێی توندتر بوونی فشارەکانە.
پێشم وایە ھەر لەم چوارچێوەدا، دادگای فیدراڵی وەك ئامرازێکی فشارکردنی بەھێز
لە ھەرێم، زۆرتر بەکاردێت،دەشتوانێ فشارەکە لە دروستکردنی کێشە بۆ ھەرێم و ھەوڵی تەقاندنەوەی
دۆخەکە لەناوەوە، بەرزکاتەوە بۆ ئاستی جاڕدانی بۆشایی دەسەڵات لە ھەرێمدا،
ڕاگەیاندنی ئەوەی ئەم دەسەڵاتەی ئێستای ھەرێم ناشەرعی و ماوە بەسەرچووەو مافی لێدوان
بە ناوی ھەرێم، گفتووگۆو وتووێژوو ئیمزاکردنی ڕێکەوتننامەی نییە، ئەوەش لەڕێی:
١- دەرکردنی بڕیار بە نا
دەستووری بوونی درێژکردنەوەی پەڕلەمان لە چەند ڕۆژی داھاتوودا.
٢- ئاڵۆزکردنی دۆخەکەو
دژوار کردنی ڕێکەوتن لە سەر وادەی ھەڵبژاردن و دووبارە درێژکردنەوە. بەوەش ئەندازیارانی
پشت ئەزموونەکەی لوبنان ھەوڵی دووبارە کردنەوەی ھەمان دۆخ بدەن بەھەندێ دەستکارییەوە.
لێرەشەوە، دەتوانین بڵێین: دواخستنی ھەڵبژاردن، تەنھا پەیوەندی بەلەکەدار
کردنی زیاتری ئەزموونی دیمووکراسی ھەرێمەوە نییە، ھەروەھا تەنھا ململانێ و ناکۆکی
ناوخۆیی لێکی ناداتەوە، بەڵکو ڕەھەندێکی ھەرێمایەتی و دەرەکیشی ھەیە، یاخود بۆی پەیدا
دەبێت و تیایدا ھەرێم وەك قەوارەی دەستووری تیایدا بە ئامانج گیراوە.
چونکە لەھەردوو ئەو حاڵەتەی سەرەوە، واتە دەرکردنی بڕیارێك لەلایەن دادگای
فیدراڵییەوە بەناشەرعیدانانی دەسەڵاتی ئێستای
ھەرێم، یاخود نەتوانینی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەم ساڵدا، دەبێت ئەگەری سیناریۆو بڕیاری
تر بۆ چۆنییەتی پڕکردنەوەی بۆشاییە یاساییەکەو پەیوەندی بە چارەنووسی قەوارەی ھەرێمەوە
لەبەرچاو بگرین.
ھەروەھا حساب بۆ ئەوە بکەین مەسەلەی بەشە خۆراکی ھاووڵاتیانی ھەرێمیش لەداھاتوودا
مامەڵەی سیاسی پێوە بکرێت.
ڕاستە ئەم لێکدانەوانە
ئاماژەن بەخراپترین سیناریۆو دەکرێت ڕێك بەو شێوە دەرنەیەن، ململانێکان لەخوار ئەمانەوە
ئاستی ترو شێوازی بەرجەستە بوونییان ھەیە.بەڵام لەسەرە پێچە مێژووییە جیھانی ھەرێمایەتی و ناوخۆییەکاندا، دەبێت حساب بۆ سیناریۆو
ئەگەرە خراپترینەکان بکرێت، چونکە ڕێساکانی گەمەکەو مەنزومە ڕێکخەرەکان دادەڕێژرێنەوە
و مۆرکی گۆرانکارییەکان پێناسی وەرچەرخانییان بەسەردا دەچەسپێت.
ھەڵبەت لەم دۆخانەو لەدوو توێی خراپترینەکاندا، گەر عەقڵی ستراتیژو ھەل ومەرجی
لەخۆگر لەئارادا بن،ھەندێ لەدەدفەتە مێژووییە کانیش ئامادەن وشاراونەتەوەو ئەگەری ئەوە ھەیە بێنە پێش.
688 جار خوێندراوەتەوە