گفتوگۆی نیشتیمانی بەپێوەرەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی و پشتیوانە ھەرێمایەتییەکەی

ھەروەك ھەموو لا ئاگادارین، لەڕۆژانی ڕابردوودا، ھادی عامری سەرکردە لەچوارچێوەی ھەماھەنگی، سەردانی ھەرێمی کردوو لەگەڵ ھەموو ئەو لایەنانەدا کۆبۆوە پەڕلەمانتاریان لەپەڕلەمانی  عێراقدا ھەیە.

وابڵاوکرایەوە، ناوبراو ھەڵگری دەستپێشخەریەکی نوێیە بۆ چارەسەرکردنی بنبەستی سیاسی عێراق، لەڕێی ھەوڵدان بۆ سازدانی گفتوگۆیەکی نیشتیمانی وکۆبوونەوە بەدەوری مێزێکی خڕدا. تالەم ڕێیەوە سەرکردەو ھێزەکان بگەنە ڕێکەوتنێکی ھاوبەش بەمەبەستی پێکھێنانی حکومەتی نوێ.

بەڵام پرسیاری بنەرەتی لێرەدا ئەوەیە: داخۆ   ئەم گفتوگۆیە بەمانای وشە نیشتیمانییە؟ تەوژمی سەدریش دەگرێتەوە؟ یان بەمانایەکی تر، بەمەرج گیراوە تەوژمی سەدری وەك لایەنێکی سەرەکی کێشەکانی ئێستا بەشداربێت تیایدا؟ بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەر دەستن وەڵامی پرسیارەکە نەخێرە؟ واتە ھەوڵدەدرێ وداوا لەسەدر دەکرێت بەشداری گفتوگۆکە بێت، بەڵام ئەگەر ئامادە نەبوو بەشدار بێت، بەگوێرەی دیدی عامری، کەنوێنەرایەتی دیدی چوارچێوەی ھەما ھەنگی وپشتیوانە ھەرێمایەتیەکەشی دەکات، نابێت گفتوگۆکە لەسەر ئەو پەك بخرێت وچارەنوسی وڵات بۆ میزاجی کەس ودیدی لایەنێ  وازی لێبھێنرێت. ئەمەش واتە:

١-  ھەوڵدان بۆگواستنەوەی کێشەکە لەچوار چێوەی ماڵی شیعەوە بۆ ناوماڵی عێراق. واتە بەعێراقیکردنی.

٢- گواستنەوەی ململانێکە لە نێوان چوارچێوەی ھەماھەنگی ورەوتی سەدرەوە بۆ نێوان کوردو سوننەو ھەماھەنگی لەگەڵ سەدر. کەئەوەش یەکسانە بەھەوڵدان بۆ قڵپکردنەوەی مێزەکە بەسەر سەدرو بەکردەوە پێکھێنانی ھاوپەیمانێتیەکی سێ قۆڵین وێ، دژ بەسەدرو جیاواز لەوەی پێشتر ئەو ھەوڵی بۆدرا بەئامانجی لاتەریککردنی چوارچێوەی ھەماھەنگی وکەم کردنەوەی ھەژموونی ئێران وبەمەرجەعکردنی سەدر بۆ شیعەو دواتریش  بۆ ھەموو عێراق.

٣- وێناکردنی تەوژمی سەدری وەك ھێزێکی یاخی دەرەوەی سیستم وگۆشەگیرکراوو سەپاندنی چارەسەر بەسەریدا، لەحاڵەتی ڕازینەبوونیشی سەرکوتکردنی لەڕێی بەکارھێنانی ھێزەوە، بەناوی ڕەوایەتی دەوڵەت وزۆرینەی نیشتیمانیەوە.

کەواتە لێرەوە تێدەگەین کە:
. مەرج نییە گفتوگۆی نیشتیمانی ھەموو ھێزەکان ولەوانەش لایەنێکی سەرەکی کێشەکە واتە تەوژمی سەدری بگرێتەوە.

چارەسەری کێشەکە لەگەڵ سەدر لەقۆناغی دووەمدا لەئەگەری سەرگرتنی گفتوگۆ پێشنییارکراوەکە، بەگفتوگۆو لەڕێی  ھەوڵدان بۆ ڕازیکردنی نابێت، بەڵکو بەسەریدا دەسەپێنرێت، ئەگەرپێویستیشی کرد بەناوی کوردوسوننەو ھەموو عێراق ودەوڵەتەوە ھێزی بەرامبەر بەکار دەھێنرێت. واتە ھەوڵدانە بۆ ئەوەی لەدۆخێکی لەوجۆرەدا شەرەکە وێنای شەڕێکی ناوخۆی شیعەی لێنەگیرێت، بەڵکو وانیشان بدرێت شەڕی عێراقییەکانە بەپێکھاتەو ھێزە جیاوازەکانەوە، بەناوی بەرگریکردن لە دەوڵەت وڕەوایەتی وسیستمەوە،  لەگەڵ تەوژم وھێزێك کە لەبیری تێپەڕاندن وھەڵوەشاندنەوەیاندایە.

کەواتە ئامانج وناونیشانی گەورەی ھەوڵەکەی عامری وبەرەکەی، دەرھێنانی کوردو سووننەیە لەدۆخی چاوەڕوانی وتەماشاکەری ڕووداوەکانەوە، بۆدۆخی لایەنگیری وخۆبەخاوەنکردن وھەڵوێستوەرگرتن، ئەوەش یەکسانە بە پێنانە ناوقۆناغێکی نوێی ئیدرەکردنی ململانێکان لەگەڵ سەدر لەچوارچێوەی جەمسەرگیرییەکی نوێ ودووبارە داڕشتنەوەی سەنگەربەندی وھاوپەیمانێتیەکان بارانەگەیەنراویش بن، بەزیانی سەدرو ھاوپەیمانێتیە ھەرێمایەتیەکانی ئەوو وبەرە سێقۆڵییە پێشوەکەش.

ئەم ھەوڵەش لەگەڵ کوردوسوننەو ھەڕەشەلێکردنییان کەتەنھا شیعە باجی ئەم دۆخەو درێژەکێشانی ودەرھاویشتە چاوەڕوانکراوەکانی نادات، یەکسانە بەوەی گەر بەدەم بانگەوازەکەوە نەھاتن، چاوەڕێی فشارلێکردن بن، وەك ئامرازێکی تاقیکراوەو بڕواپێکراوی چوارچێوەی ھەماھەنگی وپشتیوانە ھەرێمایەتیەکانی، لەقۆناغی ڕابردوودا، ڕەنگە باس وخواسی مۆڵدانی ھێزەکانی سوپای پاسدارانیش لەھەندێ ناوچەی سنووی لەم پرسە دابڕاو نەبێت. بەوەش گفتوگۆکە دەبێت بەزۆر!

لێرەشەوە نیشتیمانی بوون و گفتوگۆبوونیشی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

195 جار خوێندراوەتەوە