پێم وایە کۆنگرە ڕۆنامەنوسیەکەی دوێنێی سەرۆکی حکومەت، لە ڕووی تەوقیت و ئاماژە و پەیامەوە، خراپ و نائومێدکەر بوو. ئەویش لە سۆنگەی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە:
1- کۆنگرەکە ھاوکات بوو لەگەڵ بەرزبوونەوەیەکی گەورەی نرخی نەوت! سەرۆکی حکومەت لەم تەوقیتەدا بە ھاوڵاتیانی خۆی دەڵێت: چاوەڕێی باشترمان لێمەکەن !
2- خستنەڕووی وێنای ھەرێمێکی نیمچە ھەڵوەشاوو حکومەتێکی لاواز. کە بە دەست ناکۆکی و بە تاڵان بردنی بەشێ لە داھاتی گشتی لە لایەن مافیای حیزبی و نادامەزراویەوە دەناڵێنێت! بە دانپیانانی خۆی بەشێ لە داھاتەکان ناگەڕێتەوە ناو خەزێنەی گشتی! کە بە گوێرەی سەرچاوە پەڕلەمانی و ڕۆژنامە نوسییەکان، مانگانە بە نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت! سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمیش، جگە لە سکاڵاکردن لە دۆخەکە ھاوشێوەی ھاوڵاتیان، ناتوانن ھیچ بکەن؟!!
3-سەرۆکی حکومەت لە جیاتی پێشکەشکردنی دیدێکی چوارچێوەدار بۆ چارەسەری کێشەکان، یان لانی کەم کەمکردنەوە لە قورساییان و بوونی نەخشەڕێگایەك بۆ چارەسەرکردنیان بە چەند قۆناغێك، بەشرۆڤەکردنی ھۆکارەکانی نەبوونی چارەسەری و درێژەکێشانی دۆخە نەخوازراوەکە و گرەوکردن لەسەر ئارامگرتن و پشوو درێژی ھاوڵاتیانی شەکەت وازی ھێنا؟!
بە کورتی پێی وتین :
بەرزبونەوەی نرخی نەوت کاریگەری بۆ سەر باشبوونی بارودۆخەکە نیە، داھاتی ناوخۆش وەك خۆی ناگەڕێتەوە، گەندەڵی و بەھەدەردان و نالێپرسراوێتی ئەخلاقی و سیاسی کارێکیان کردووە گرەوی لەسەر ناکرێت، چاوەڕێی ڕادەستکردنی نەوتیش بەبەغدا بەرامبەر ناردنی بەشە بودجەی ھەرێم مەبن، وەك ڕێگە چارەسەر، چارەسەری چوارەمیشی نەخستە ڕوو!
4- بەکارھێنانی ناسەرکەوتوو نائومێدکەری چەمکی چاکسازی، چونکە وای نیشاندا لە ھەموو سێکتەرەکاندا چاکسازی کراوە، بێ ئەوەی ھاوڵاتی لەم وڵاتەدا ھەست بە ھیچ شتێکی بەرھەست و بەرچاوبکات و ڕەنگدانەوەی بەسەر ژیان و گوزەرانی و دۆخەکەوە دیاربێت، یاخود گەندەڵیە سیاسی و ئابوری و ئیدارییە گەورەکان دەستی ڕاستەقینەیان بۆ برابێت.
لەوانەش:
. بەتاڵانبردنی بەشێکی بەرچاوی سامانی گشتی و نەبوونی ڕوونی لەم ڕوەوە!
. نیمچە ھەڵوەشاوەیی ھەرێم و نەبوونی ناسنامەیەکی نیشتیمانی کۆکەرەوەو درێژەکێشانی ناکۆکی ڕووخێنەری نێوان یەکیەتی و پارتی.
. نەبوونی سەروەری یاساو بێلایەنی و سەربەخۆیی دادگاکان و دووربوونیان لە فشارو دەستێوەردانی سیاسی.
. یەک نەگرتنەوەی ھێزو دام و دەزگاکان و نەبوونی حوکمی دامەزراوەیی.
. ناعەدالەتی لە دابەشکردنی سامان و نەبوونی دەرفەتی یەکسان.
. پەیوەندی ناسروشتی حیزب و حکومەت و ھەژموونی نادەستوری یەکەم بەسەر دووەمدا!
... ھتد
5- پەردەھەڵماڵین لەسەر سیاسەتێکی نەوتیی خراپ و خراپی گرێبەستەکان و زۆری خەرجییەکانی تر، بە جۆرێك ٦٠٪ی داھاتەکەی ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی! ئەمەش لە ھەندێ ڕووەوە، دۆخی نەوتمان لەسایەی ھەژمونی کۆمپانیا کۆلۆنیاڵییەکانی خۆرئاوا لە ناوچەکەدا، لە پێش خۆماڵیکردن وەبیردێنێتەوە؟!
770 جار خوێندراوەتەوە