ئەو ڕاستیەی سەد ساڵە تورکیا و ئێران لەبیرخۆیانی دەبەنەوە

لەئێستادا شایەتی ھێرش وپەلاماری ھەردو سوپای تورکیاو ئێرانین بۆسەر خاکی ھەرێم بەبیانوی بونی بارەگاکانی ھێزە کوردییەکانی ڕۆھەڵات و باکور لە باشوری کوردستاندا.

بەڵام لەڕاستیدا ھۆکاری قوڵ وڕاستەقینەی ئەم دۆخە پەکەکە و ھێزەکانی ڕۆژھەڵات نییە، بەڵکو ئامادە نەبونە بۆ داننان بە کێشەی کوردستان و دۆزینەوەی چارەسەرێکی عادیلانە وئاشتیخوازانە بۆی، چونکە ئەم شەڕە سەدەیەکە بەفۆرمی جیاواز درێژەی ھەیە.

بەواتایەکی تر ھێزە کوردییەکانی باکورو ڕۆژھەڵات (بەدەر لەوەی بون ونەبونی چەك لەئێستادا چ خزمەتێك دەکات) دەرھاویشتەو بەرەنجامی چارەسەر نەکردنی کێشە نەتەوەییەکەن، ئەوکێشە چارەسەر ببوایە، لەئێسادا شوێنەوارێك لەئۆپۆزیسیۆنی چەکداری کوردستانی نەدەبو.

چارەی بنەرەتی وکۆتایی ویەکجارەکیش تەنھاو تەنھا لەگرەوی چارەسەری پرسی نەتەوەیی کورد و کوردستاندایە.

چونکە جەوھەری کێشەی کورد سیاسیە نەك ئەمنی، جگە لەچارەسەرێکیش کورد پێی ڕازیبێت، کەلەئێستادا لەچوارچێوەی دەوڵەتەکاندا دەرناچێ وئەوپەڕی فیدڕاڵییە، ئەم ململانێ وشەڕە لەفۆرمی جۆراو جۆردا بەردەوامی دەبێت.

سەرجەم ھێزو پارتەکانی ئێستاش لەناوببرێن، پارت وھێزو ڕێبەرایەتی تر دێتە مەیدان، چونکە زۆر بەکورتی چوارەم نەتەوەی گەورەی ناوچەکە واتە کورد، سەدساڵە دۆخی سەیرکردنی وەك کەمینە ڕەتدەکاتەوە، چ جای لەھەندێ شوێن وەك کەمینەش دانی پیانانرێت!

سەد ساڵ بەسە بۆ دەرکەوتنی ناکامی ونائەخلاقیبونی گرەو کردن لەسەر سڕینەوەو بەکەمینەو ئەمنیکردنی مەسەلەی کورد وکۆتایی ھێنان بە ناسیۆنالیزمی کوردی وخواستی بەرابەریی نەتەوەیی.

سەد ساڵی تر درێژە بەمە مەدەن، چونکە ھەروەك چۆن ھەڵتەکاندنی بناغەکانی قەڵای ناسیۆنالیزمی عەرەبی لەعێراقدا، ڕەگەکانی لە ڕوخاندنی شۆڕشی ئەیلول وڕێکەوتننامەی جەزائیردایە، دەکرێت زەھری چارەسەر نەکردنی ئەم کێشە دەوڵەت وڵاتی تریش لەئایندەدا بەھەمان چارەنوس بەرێت، چونکە مانەوەی کێشەی کورد بەم جۆرە پێویستی بەسیستمی سیاسی کێشەدارەو ھەرئەویش بەسە لەئایندەدا واتاو ئاماژەکانی دەوڵەت لەقۆناغی پاش مۆدێرنەدا بەرەو زەردوییەکی کوشندە بەرێت.

118 جار خوێندراوەتەوە