حساباتی ھەڵەی ئێران وگەورەترکردنی کێشەی ڕۆژھەڵات

پەلامارە ھەمەلایەنەکەی ئەمڕۆی ئێران بۆسەر بنکەو بارەگانی پارتەکانی خۆرھەڵات وکەمپنشینە مەدەنییەکانی ئەو پارچە خۆشەویستەی کوردستانی دایك ، کە دەستدرێژیش بو بۆسەر حکومەت و گەلی باشور، جارێکی تر کۆژان و مەسەلەی کوردستانی لەوپارچەو ئێراندا، بەجۆرێکی نائاسایی وسەرنج ڕاکێش زەقکردەوە.

بۆیە بەبڕوای ئێمە، وێڕای تەواوبونی پەلامارەکە، بە شەھیدو برینداربونێ پۆلێ ژن وپیاوی کورد، (دەشکرێ درێژەی ھەبێت) بەقازانجی کوردی خۆرھەڵات ومەسەلەکەی کۆتایی دێت. چونکە کاتی پەلامارەکە، کەھاوکاتە لەگەڵ سەرھەڵدانی بزوتنەوەیەکی ناڕەزایی بەرفراوان لە ئێران وخۆرھەڵاتدا، وادەکات، پاساوەکانی ئەولاتە بۆ پەلامارەکانی لاوازتر بێت وئامانجەکانی پشتیشی وەك ئەوەی دەیخوازێت نەپێکێت.

ڕونە ئێران بەم کارەی دەیەوێت بڵێت: ئەوەی لەڕۆژھەڵات وشەقامی شارەکاندا ڕو دەدات، نارەزایی جەماوەرو ھەڵقوڵاوی کۆمەڵگە نیە! بەڵکو کاری ئاژاوەگێرییەو لەدەرەوەی سنورەوە ئاراستە دەکرێت!

لەکاتێکدا مێژو واقیع پێمان دەڵێن، حیزبەکانی ڕۆژھەڵات وئەودیو سنور، بەرھەمی کێشەیەکی نکولی لێکراوی ڕاستەقینەن کەکێشەی کوردستانە، بون وبەردەوامی ورەوایەتی لەوەوەڤوەردەگرن.

بەمانایەکی تر ئەمان بەرھەمی ناوخۆن نەك بەپێچەوانەوە

بۆئێستاش چیرۆکەکە لەمەش تێپەڕیوە، چونکە کێشەی خۆرھەڵات سەرە ڕای تایبەتمەندی نەتەوەیی، رەنگدانەوەی کۆی کێشەی سیستمی سیاسییە لەسەر ئاستی ئێراندا.

سیستم لەئێراندا لەگەڵ شەبەنگی پاشخانجیاوازی نارەزایەتی بەرەو ڕو بۆتەوە.

دەرفەتی خۆ ڕفۆرمکردنی ناوخۆیی تاڕاددەیەکی بەرچاو لەدەستداوە، سەرھەڵدانی تەوژمێکی ڕیفۆرمخوازی بەھێز لەناودڵی سیستم وبنکەکەی، دەرفەتێکی مێژویی بو، بۆ دو بارە خۆبیناکردنەوەو پێناسەکردنەوەی دەوڵەت وسیستم وناسنامەی ئێرانی بون ودەستبەرداربونی ناوەندێتی دەسەڵات بەقازانجی لاناوەندێتی ولەخۆگرتنێکی دامەزراوەیی ویاسایی فرەیی نەتەوەیی ومەزھەبی لەئێراندا، مەچی سودی لێوەرنەگیرا.

لەڕاستیدا ئەوکاتەو ئێستاش ڕێگە ڕاستەکە گرێبەستێکی سیاسی وکۆمەڵایەتی نوێ وداننان بە کێشەکان وخاوەنەکانییان وبڕیاردانی چارەسەر کردنییانە نەك سەرکوت وخوێنڕێژی زۆرتر . لەوانەش کێشەی کوردستان، کەلەویژدانی ملێۆنان کوردستانیدا زیندوەو داوای وەڵامدانەوەیەکی مێژویی ودادپەروەرانە دەکات وبەدەرلەوەش کپنابێتەوە.

بەکورتی پەلامارە بێپاساوەکەی ئەمڕۆی ئێران بۆسەر کەمپی کوردانی خۆرھەلات وھێزە سیاسییەکانییان، کەساڵانێکە وازیان لەخەباتی چەکداری ھێناوە، چاوەڕێدەکرێت ھەروەك وتمان بەقازانجی ئەمان بشکێتەوە.

زیاتر لەناوجەماوەردا خۆشەویستیان دەکات، بەتایبەتیش ئەم جارە کەپارتەکان بەھۆی ناوەوە کەوتونە بەر پەلامار نەك ناوەوە بەھۆی ئەمانەوە دوچاری تەنگژەبوبن.

لەبەرچاوی ڕایگشتی وناوەندە بڕیار بەدەستەکان ولایەنە پەیوەندیدارەکانیش، زیاتر وەك نوێنەری مەسەلەیەکی سیاسی وھێزی کاریگەر مەترەح دەبن.

چاوەڕێش دەکرێت، ڕیزیی ناوخۆیی پارتەکان وکاری ھاوبەشیان بەھێزتر بکات، بەحوکمی ئەوەی ھەمویان لەچوارچێوەی وێناکردنێکی ھاوبەشدا پەلامار دران، بەوەش ئێران وێنە وناسنامە ھاوبەشە پێدراوەکەیانی خەستر کردەوە.

لەلایەکی ترەوە وێنای ئێرانی لە باشورو بەشێ لەعێراقیشی زۆرتر شێواند ، ڕق وبوغزێکی زۆرتری ئاراستە دەکرێت، بۆنمونە ئەمڕۆوێنەی پەلاماردان وشەھیدو بریندارەکان کچە بچوکە چواردە ساڵانەکەمی ھێنایە گریان، جگەلەوەی پەلامارەکە کاردانەوەو ناڕەزایەتیەکی بێپێشینەی لەباشوری کوردستان وعێراق وکوردستانییان بەگشتی وچەندین ڕێکخراو وڵاتانی گرنگی بەدوای خۆیدا ھێنا.

ئەوەش ئاماژەیە بە قەوارەی رەتکردنەوەی پەلامارەکەو کەم بونەوەی تەحەفوزو بەربەستی ترسی پێشوی ھێزەکان بەرامبەر ئەم وڵاتە.

بەداخیشەوە، دەوڵەتانی ئەم ناوچە، واتە ئەوانەی بەناھەق کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، سەد ساڵە لەزەلکاوی تاوانی نکولیکردن لەکێشەی چوارەمین نەتەوەی مەزنی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بەسەر دەبەن ودەست لەشێوازی سەرکوت ھەڵناگرن وئامادەی چارەسەرکردنی کێشەکە نین! بەوەش گەورەترین زەبریان لەبرایەتی گەلان داوە وبونەتە ھۆی تاوان وخوێنڕۆژیەکی زۆرو لاوازییەکی ستراتیژی بۆ تێکڕای خۆرھەڵاتی ناوەڕاست.

لەکۆتایدا بەھەشت جێگەی شەھیدەکان وھاوخەمی کەس وکاریانیین، ھیوای چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، ھاوسۆزی وپشتیوانی نەتەوەکەمانین لەسەر ئاستی پارچەکانی کوردستاندا لەپێناو چارەسەری کێشەکەیان وژیان لەسایەی ئاشتی وئازادی وداد پەروەریدا.

206 جار خوێندراوەتەوە