عێراق و کۆتایی گفتوگۆ؟

لە ھەمبەر بنبەستی سیاسی و قوڵبوونەوەی قەیران و ململانێکانی عێراق، لە زۆر لایەنی ناوخۆیی و دەرەکییەوە بانگەشەی گفتوگۆ، وەك ڕێکارێك بۆ دەرچوون لە بارودۆخی ئێستاو دەرکەوتنی ئاسۆی چارەسەرکردنی قەیرانەکان ڕاگەیەنراوە و پێداگیری لێدەکرێت. بە گشتیش، ئەو لایەنانە جگە لە تەوژمی سەدری، کە گفتوگۆ بە فۆرمە کۆنەکەی رەتدەکاتەوە، وا دەردەخەن، گفتوگۆ تاکە چارەسەر یاخود باشترین چارەسەری قەیرانە سیاسییەکەی ئێستای عێراقە بە بێ خستنەڕووی ھیچ لێکدانەوەیەکی زانستی و بابەتی و قەناعەتپێکەر بۆ شکستی گفتوگۆی نێوان ھێزەکان لە زیاد لە وێستگەیەکدا لە قۆناغی ڕابردوودا. پێشناچێت پاڵنەر و ئامانجی لایەنەکان لەم بانگەشەیاندا ھاوشێوەو وەکو یەك بێت، لەو سۆنگەوە کە خاوەنی دید و بەرژەوەندی جیاوازن.


لێرەشەوە پاڵنەرەکانیشیان بۆ بانگەشەکردن بۆ گفتوگۆ جیاواز دەبێت، ھاوشێوەی:

١-  لە خۆ نیشاندانی سیمایەکی سیاسی جوان و مەدەنی.

٢- ھەوڵدان بۆ پارێزگاریکردن لە ڕێساکانی ئێستای گەمە سیاسییەکەو چوارچێوەکانی سیستم، کە ھەندێ لە ھێزەکان بەرژوەندی خۆیانی تێدا دەبیننەوە.

٣- لێپرسراوێتی خستنە ئەستۆی تەوژمی سەدری  لە حاڵەتی ھەر داڕووخانێکی ئەمنی و خراپتربوونی خزمەتگوزارییەکان و ژیان وگوزەرانی ھاوڵاتیان. لەو سۆنگەوە کە تەوژمی ناوبراو بەم شێوەی ئێستا بانگەشەی بۆ دەکرێت گفتوگۆ ڕەتدەکاتەوە.

٤- ڕوون نەبوونی ئاکامەکانی درێژەکێشانی دۆخی ئێستاو ڕەنگدانەوەکانی بەسەر سیستم و پێگەو ماف و ئیمتیازی لایەنەکاندا.

دیارە لە ڕووی لۆژیکییەوە و لە دۆخی ئاساییدا، دەبێت کێشەکان لە ڕێی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن. بەڵام، لە دۆخێکی نائاسایی وەکو ئێستای عێراقدا، لەبەر زیاد لە ھۆکارێك پێناچێت چارەسەرکردنی قەیرانەکە لە ڕێی گفتوگۆی لایەن و سەرکردە سیاسییەکانەوە، کارێکی ھەر وا سانا بێت. لایەنەکان بتوانن بە دەوری مێزێکی ھاوبەشی گفتوگۆدا کۆببنەوە، یاخود ئەگەر ئەوەشیان توانی، ڕێکەوتن و چارەسەری لێبکەوێتەوە، تەنانەت ئەگەر لێشیکەوتەوە، چارەسەرەکان پیادە بکرێن و شکستیان پێنەھێنرێت یاخود ڕیشەی قەیرانە چارەسەر بکات.  لە سۆنگەی نەبوونی ھەل و مەرجی سەرکەوتنی گفتوگۆی سیاسی بەرھەمدار و ڕاستەقینە لە عێراقدا. ئەوەش لەبەر چەندین ھۆکار لەوانەش:

١- بێ بەھابوونی گفتوگۆ، لەبەر خراپ بەکارھێنانی لە قۆناغی ڕابردوو کات پێبەسەربردنی لایەنەکان و درێژەکێشانی قەیرانەکان.

٢- بێمتمانەیی قوڵی نێوان بەشێ لە لایەنەکان بەرامبەر بە یەکتر، لە کاتێکدا بوونی متمانە پێشمەرجێکی سەرکەوتنی گفتوگۆیە.

٣- ناھاوتایی لایەنە سیاسییەکان، کە بەشێکیان ئامادە نین مامەڵەی یەکسان لەگەڵ یەكتردا بکەن و  بە دەوری مێزێکی بازنەیی لەگەڵ یەکدیدا کۆببنەوە.

٤- قورسبوونی گەیشتنی ھێز و لایەنە ناکۆکەکان بەتایبەتیش لەنێو ماڵی شیعەدا و بەتایبەتیتریش لە نێوان سەدر و مالکی، بە سازان و چارەسەری ھاوبەش و مامناوەندی کە ئامانجی ھەر گفتوگۆیەکی سیاسی بەرھەمدارە.

٥- نەبوون یاخود لاوازیی مەرجەعییەتێکی ھاوبەش و متمانە پێکراو و بێ لایەن، بۆ ئەوەی لە کاتی چارەسەرنەبوونی خاڵە جیاوازەکاندا بۆی بگەڕێنەوە، بە مەبەستی پێشکەشکردنی دوالێکدانەوەو بە لاداخستنی ئەو خاڵە جیاوازە چارەسەر نەکراوانە.

٦- لاوازبوونی پایەکان و ڕەوایەتی سیستم وەك چوارچێوەو مەرجەعێك بۆ کۆبوونەوە لە سایەیداو ھەوڵدان بۆ گەیشتن بە چارەسەری ھاوبەش لە ڕێی گفتوگۆوە. لە ئاستێکیشدا بێت دوای کشانەوەی سەدرییەکان و دەستبەسەراگرتنی پەڕلەمان و ئەگەری ھەڵکوتانە سەر دەسەڵاتی داوەری، دۆخێکی نوێ لە عێراقدا ھاتۆتە پێشەوەو قۆناغێکی ڕاگوزەری پڕ لە کێشەی ڕانەگەیەنراو دەستی پێکردووە.

٧- دەستێوەردانی دەرەکی و پاشکۆیی ھەندێ ھێز و میلیشیا بۆ دەرەوەو دژبەیەکی و پێکدادانی بەرژەوەندییەکانی ھێزە نێودەولەتی و ھەرێمایەتیە دەستێوەردەرە جیاوازەکان لەم ڕووەوە.

٨- گەندەڵبوونی فەزاو ژیانی سیاسی و بەگشتی نوخبەی حیزبی و حوکمڕان و پاشەکشەکردنی بەرژەوەندییە گشتیەکان و خەمی ھاوڵاتی بۆ خانەکانی بایەخپێدانی پشتەوە.

لەبەر ھەموو ئەم ھۆکارانەو چەندینی تریش، زەمینەی سەرکەوتنی گفتوگۆی سیاسی لەعێراقدا بوونی نیە یاخود زۆر لاوازەو لە چوارچێوەی پێدراوەکانی ئێستادا گرەوی زۆری لەسەر ناکرێت و بە کردەوە عێراق لە قۆناغی دوای گفتوگۆدا دەژیت، لانی کەم لە چوارچێوەو فۆرمە کۆنەکەیدا.

180 جار خوێندراوەتەوە