بەبۆنەی ٣/١٦ ەوە سەبارەت بەپێویستی دوبارە بەنیشتیمانیکردنەوەی یاد و بۆنە نیشتیمانییەکان

کۆمەڵگەی ئێمە بەدۆخی لەخود نامۆبونێکی تاڵ ونەخوازراودا دەڕوات وتێدەپەڕێت! شتەکان بەجۆرێکی خراپ لە زەینی بەشێکی زۆرماندا تێکەڵاو بون وتێکچون.

رەفتاری زۆرێکمان بەجۆرێکە، وەك ئەوەی کوردوگەلی کوردستانی باشور، لەگەڵبون کەوتبێت، مێژوی بەھەڵم بو بێت و یادەوەریی دەستەجەمعیمان وێران بوبێت و ئومێد بۆ ھەڵسانەوەو ڕاستکردنەوە، چ جای سەرکەوتن و دەستپێشخەری بەدەستەوە گرتنەوە، لەئارادا نەمابێت!.

بۆنە نیشتیمانییەکانمان، کاڵبونەوەو بەکردەوە، وەك ئەوەی پێویستە بۆنەی نیشتیمانی نەماون ودەبێت دوبارە بیر لە بەنیشتیمانیکردنیان بکرێتەوە! چونکە ناتوانن لەرۆژێکیشدا بێت ھەمومان پێکەوە کۆبکەنەوە و ھەستێکی ھاوبەشمان پێببەخشن، ئەو بیرکردنەوەمان لا قوڵ بکەنەوە کە ئێمە خاوەن مێژو و ئازار و کارەسات و یادەوەری و خەمی ھاوبەشین، بۆیە دەبێت خاوەن ئێستا و ئایندەیەکی ھاوبەش بین. لەبەرئەوەی نەگونجاوەو ناگونجێت میللەتێك میللەت بێت و ڕۆڵەکانی لەسەر ھەمو شتێك جیاواز و ناکۆك بن و رەمز و بۆنەو دامەزراوە و یادەوەری ھاوبەشیان نەبێت بۆ شانازی پێوەکردن و خەمڵاندنی ناسنامەیەکی یەکگرتو کۆکەرەوە.

پشت بەستن بە رەوایەتی مێژویی وھەوڵدان بۆ زیندوکردنەوەیەکی کڵێشەیی بۆنە و یادەکان، لەلایەن نوخبەی دەسەڵاتدارەوە، لەگەڵ بەکارھێنانێکی نادروستیان وەك ئامرازی نارەزایی دەربڕین، لەلایەن زۆرێ لەھێز و خەڵکە نارازییەکەوە، پێکەوە کارێکیان کردوە، لەم بۆنانەدا، لەجیاتی ئەوەی مێژو و ئازاری ھاوبەش، بمانخەنە سەرکەڵکەڵەی بیرکردنەوەیەکی نوێ لەپێناو دیاریکردنی ھاوبەشەکان و بەعەقڵانیکردنی جیاوازییەکان، بۆ دەستپێکردنەوەی وەرزێکی نوێی بەخۆداچونەوە و بەکارھێنانی تواناکان لەپێناو باشترکردنی ئێستاو ئایندەدا، بەداخەوە، بەگشتی کراونەتە بۆنەیەك بۆ لەبیر بردنەوەی ڕابردوە ھاوبەشەکە نیشتیمانییەکە!.

بۆیە پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە نەماوە کێ ئەنفالی کرد و ھەڵەبجەی کۆمەڵکوژ کردوە، و پاڵنەر و ئامانجی پشتیان چی بو، دەبێت ئێمە چۆن لەیادەوەریماندا بەزیندوەیی بیانھێڵینەوە و تەوزیفێکی نیشتیمانی ونەتەوەییان بکەین؟ بەڵکو بۆتە ئەوەی: کێ لێپرسراوە لە باش خزمەتکردنەکردنی کەسوکاری قوربانیانی جینۆسایدی گەلی ئێمە و بەدینەھێنانی چاوەروانییەکان و ئاوەداننەکردنەوەی باشتری شار و ناوچەکان وکەمی خزمەتگوزارییەکان.

ئەمەش بەڵگەیە لە شێواویەکی گەورە لە ھۆشیاری نیشتیمانی ئێمەدا. چونکە بونی نیشتیمانی و نەتەوەیی ئێمە و کێشە و ئازارەکانمان، رەھەندی وجودی ومێژویی و ئەخلاقی و نێوخۆیی و نێودەوڵەتی ھەیە، ئەوەش دەخوازێت لەھەر ھەوڵێکدا بۆ فشارخستەسەر دەسەڵاتداران بەمەبەستی کۆتایھێنان بە کەمتەرخەمییەکانیان، ئەو رەھەندانە و مەزنیی مەسەلەکە و گەورەیی قوربانییەکانمان لەبەر چاوبێت.

ئێمە ئەگەر پێمان وابێت تەنھا بە زیندوکردنەوەی کڵێشەیی یاد و بۆنەکان لەسایەی ئەو ناڕەزایەتی و دۆخەی دەیبینین، بەوجۆرەی نوخبەی دەسەڵاتدار دەیکەن، دەتوانێت لێپرسراوێتیان بەرامبەر گەلی کوردستان و ناوچەکارەساتبارەکان شەھید وقوربانییەکان، لەئەستۆ بکاتەوە، بەقوڵی بەھەڵەدا چون، چونکە باری ئەو لێپرسراوێتیە زۆر لەوە گرانترە، بۆیە گەر زۆر وریا نەبن لێپرسراوێتی نوێیان دەخاتە ئەستۆ، ھەروەك بەوجۆرەشی لێھاتوە.

 بۆیە واباشترە یادەکان ئەگەر نەتوانرا بەشکۆ و خۆبەخاوەنکردنی زۆرینەی زۆرەوە بکرێنەوە، ئەو ڕۆڵە دەرونی و سیاسی ونیشتیمانییە بگێرن، کە پێویستە بۆنەیەکی نیشتیمانی بیگێڕێت، بۆ ماوەیەك یادکردنەوەی فەرمیان وازی لێبھێنرێت. یاخود لانی کەم شێوازەکەی بگۆردرێت، بۆئەوەی چیتر لەبەھای بۆنەکان و شکۆ و گەورەیی قوربانییەکان کەم نەکرێتەوە.

لایەنی بەرامبەریش دەبێت، ڕازیینە بێت، کاڵکردنەوەی بۆنەکان بکاتە ئامرازی ئیدانەکردنی دەسەڵات. چونکە جگە لەوەی پێچەوانەی ئەرکە نیشتیمانییەکانییەتی، لەڕوی ستراتیژیژەوە دەبێتە خاڵێکی ستراتیژی لاوازییەکانی ولەبەدیھێنانی ئامانجەکانی دوری دەخاتەوە، بەحوکمی ئەوەی، ئۆپۆزیسیۆنی یاسایی تەنھا لەکۆمەڵگەیەکدا شانسی گەورە بوەن وسەرکەوتنی ھەیە کە تاکەکانی ھوشیاری ھاونیشتیمانێتیان ھەبێت، کەئەوەش گیانی ھاوبەشی نیشتیمانێتی دەخوازێت. بۆیە دەدەبێت زۆر خاوەندارێتی لە یادو بۆنەو پرسە نیشتیمانییەکان بکات. شکۆی زۆرتریان پێببەخشێتەوە، لێرەشەوە بەشکۆ ڕاگرتنی یادەکە و روژاندنی پرسەکان بکاتە کەرەسەی رەخنەگرتن ونارەزایەتی دەربڕینی خۆی دژبەو نوخبانەی تواناکانی نیشتیمانیان وەك ئەوەی پێویستە لە خزمەت چاکەی گشتی ونیشتیماندا بەکار نەھێناوە.

 مامەڵەکردن لەگەڵ بۆنە نیشتیمانییەکاندا وەک ئەوەی موڵکی پارتی ویەکێتی بن، لەھەردو ڕوەی نیشتیمانی و ئۆپۆزیسیۆنبونەوە کارەساتە، بەشە نارازییەکەی کۆمەڵگەش دەکاتە ھاوبەشی لێپرسراوێتیان لەمەڕ لەشێواندنی ناوەڕۆکی بۆنە نیشتیمانییەکان و شکستی تائێستای پڕۆسەی نیشتیمانسازی لەھەرێمدا.

گوتاری یان ئەوان و یان ئێمەش، لەڕابردودا سەلماوە، لەسایەی دۆخ وھاوکێشەکانی ئێستای کوردستاندا، نائومێدی و پەرشوبڵاوی زیاتری ڕیزەکانی خەڵکی نارەزی لێکەوتۆتەوە.

کاتێك ھەردولامان واتە خەڵكی ناڕازی و ئۆپۆزیسیۆن لەدۆخی ئێستا، لەگەڵ دو ھێزە حوکمرانەکە، پێکەوە یادێ دەکەینەوە، واتای ئەوە ناگەیە نێت بە کارنامەی یەکتر رازین، یاخود ئەستۆپاکی بەوان دەبەخشین، بەڵکو بیری ھەردوکمان دێنێتەوە، کە سەرە ڕای ھەمو جیاوازی وململانێکانی ئێستا لەگەڵ یەکتردا، ھەردوکمان بەحوکمی ئەوەی بەشێ لە جەستەی گەلی کوردستان پێکدەھێنین وخاوەنی مێژو خاکێکی ھاوبەشین، دەبێت جۆری مامەڵەکردنمان لەگەڵ یەك، مومارەسەکردنی دەسەڵات وئۆپۆزیسیۆن بونمان نیشتیمانی بێت، ئێمە دوژمنی یەکتر نین بەڵکو ڕەخنەگر و ناڕازی و رکابەری مەدەنی یەکترین، بەو واتایەی دەبێت چەسپاوە نیشتیمانییەکانمان تێنەپەڕێنین.

 بەدەر لەوە ھەرێم دەگۆڕێت بەئۆردوگا (کە بەداخەوە لەھەندێ ڕوەوە ھەندێ سیمای ئۆردوگای وەرگرتوە) لەئۆردوگاشدا ئەوەی ئاراستە بەبیرکردنەوەو سیاسەت دەدات، دەستکەوتە ھەنوکەییەکانە، نەك مێژو و ئایندە، چونکە ئۆردوگا زۆر بەکورتی بەواتا نیشتیمانییەکەی بێ مێژو بێ ئایندەیە، ئەگەر باس لەمێژو و ئایندەیەکیش لەسۆنگەی زۆر مانەوەوە بێتە گۆڕێ، مێژو و ئایندەی ئۆردوگاو ئۆردوگانشینانە نەك نیشتیمان وھاونیشتیمانیان.

97 جار خوێندراوەتەوە