لە ساڵی 2006 دا
ئەو کاتەی جاک شیراک سەرۆککۆماری فەرەنسا بو، بەرپرسی بازرگانی یەکێتی ئەوروپا پیاوێکی
فەرەنسی بو بە ناوی ئێرنست ئەنتۆین. ئێرنست لە کۆبونەوەیەکی سەرکردەکانی ئەوروپادا،
راپۆرتی ساڵانەی دارایی دەخوێندەوە، بەرپرسی بازرگانی کە فەرەنسی بو، گوتی زمانی
بازرگانی ئینگلیزیە لەبەر ئەوە بە ئینگلیزی راپۆرتەکە دەخوێنمەوە، جاک شیراک لەگەڵ
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، وەک دەربڕینێکی ناڕەزایی، بەیەکەوە هۆڵەکەیان بەجێهێشت.
ئەم نمونەیەم هێنایەوە
بۆ ئەوەی کە رونی بکەمەوە پاراستنی زمان و فەرهەنگ چۆن لە هەمو جیهاندا و لە چ
ئاستێکدا بە هەند وەردەگیرێت، پاراستنی زمان و فەرهەنگ ئەرکی سەرشانی هەمومانە، بەڵام
ئەو ئەرکە زۆر گەورەترە بۆ ئەوانەی لە پێگەی بەرپرسیاریدان. پەیامی جاک شیراک و وەزیرەکەی
ئەوەبو کە زمان و فەرهەنگمان گرنگە و دەبێت بە بایەخەوە سەیری بکەین.
لەم رۆژانەدا چەند
پەڕەیەکی پەرتوکی پەروەردەی ئیسلامی پۆلی دوهەمی سەرەتایی کەوتوەتەڕو. لەو پەرتوکەدا
کە بە زمانی کوردی نوسراوە، ناوەکانی یڵدرم، دەنیز و یاغمور بەکارهاتون. پرسیارەکە
ئەوەیە ئایا ئەمە پەروەردەی ئیسلامیە یان پەروەدەی تورکی؟ ئەگەر پەروەردەی ئیسلامیە
لە کوردستان دانراوە یان لە تورکیا و کێ دایناوە؟
کە منداڵ بوین ئێمە
ئەو کات کە بەعسیەکان لەسەر حوکم بون، لە وانەی کوردیدا بە ناوەکانی وەک مام زۆراب
و دارا رادەهێنراین. ئەوانەی ئەو پەرتوکەیان دانابو ئامانجیان ئەوەبو کە منداڵی
کورد فێری خوێندنی کوردی و ئاشنای بکەن بە ناوە کوردیەکان و فەرهەنگەکە. ئەمڕۆ دوای
زیاتر لە پەنجا ساڵ، بە پارەی ئەم میللەتە و لەسەر ئەرکی خۆمان لەڕێگای زمانی کوردی
خۆیەوە منداڵەکانمان هەر لەو تەمەنەوە بە ناوە تورکیەکان رایان دەهێنین.
هەندێک لەوانەی
کە هزر داگیرکراون، گورج ئەمە بە رەگەزپەرستی لەقەڵەم دەدەن. بەڵام سەرکردەی وڵاتێکی
دیموکراسی کۆبونەوەیەکی گرنگی بەجێدەهێڵێت لەبەر خاتری رێز بۆ زمانەکەی و کەسیش پێی
نەگوت رەگەزپەرستیت.
ئەمڕۆ لە وڵاتی
پۆڵۆنیا کە ترسیان لە روسەکان هەیە، حکومەتی پۆڵەندی هەرزەکارەکانی وڵاتەکەی بە پێچەوانەی
رێساوە فێری بەکارهێنانی چەک کردوە وەک خۆ ئامادەکردنێک بۆ ئەگەری هاتنی روسەکان.
ئێمە لە پێنج وڵاتدا
هەوڵی توانەوە و لەناوبردنی زمانەکەمان دەدرێت. سەرەڕای ئەوە بە پارە و لەسەر ئەرکی
خۆشمان برەو بە زمان و فەرهەنگی تورکی دەدەین. لە کاتێکدا بۆ دەیان ساڵ لە وڵاتی
تورکیا هەزاران کورد توشی زیندانی بون تەنها لەبەر ئەوەی کە بە کوردی قسەیان کرد.
ئەحمەد کایا خەریکبو لە ناو هۆڵێکدا بکوژن هەر تەنها لەبەر ئەوەی کە گوتی من کوردم
و بە کوردی گۆرانی دەڵێم.
لە هەمو کردەوەیەک
کە لە سیستمی هەر وڵاتێکدا دەکرێت، کەسێک بەپرسیارە لەو کردارە. ئەمە لە وڵات و شوێنێکی
ئاساییدا دەبو پەرلەمانێک هەبوایە قسەی وردی لەسەر ئەم بابەتە هەستیارە بکردایە. دەبو
میدیا بە گشتی قسەی جددیان لەسەر ئەم بابەتە بکردایە و دیبەیتیان دروستبکردایە. بەڵام سیستمەکەیان
وا تێکداوە، وڵاتەکەش بە تەواوی بفرۆشرێت، کەس نیە بەرپرسیاری هەڵبگرێت!
پرۆسەی گۆڕینی
هزری منداڵی کورد لە مام زۆرابەوە بۆ یڵدرم، بە پارە و پشتگیری خۆمان دەکرێت، لە
کاتێکدا کە پەرلەمان و میدیا بەگشتی لێی بێدەنگن!
1128 جار خوێندراوەتەوە