درێژکردنەوەى ویلایەتى کۆمیسیارانى عێراق نادەستورى و نایاسییە

درێژكردنەوەی ویلایەتی كۆمیسیارانی عێراق نادەستوری و نایاساییە، كێشە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دروست دەكات.



ئەنجومەنی كۆمیسیارانی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەپێی یاسایی ژمارە 31 ساڵی 2019 ماوەی كاراییان چوار ساڵە كە لە دادوەران پێكهاتون، بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژارنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان لە ساڵانی رابردو، دوو جار یاساكەیان  لە پەرلەمانی عێراقەوە بۆ هەمواركرایەوە ماوەی یاسایی ئەنجومەنی كۆمیسیارانیان تاوەكو 6/1/2025 درێژكردەوە، بەهۆی ئەوەی ماوەی یاساییی ئەنجومەنەكە كۆتایی هاتوە، لەپێشهاتێكی سەیر و نامۆدا ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە عێراق لە بەرواری 8/1/2025 بەبریاریك بۆ ماوەی دوو ساڵ ئەندامێتی ئەنجومەنی كۆمیسیارانیان درێژ كردەوە تاوەكو  6/1/2027.



راستە پاساویی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بریتییە لەوەی وڵات بەدور بێت لە قەیرانی سیاسی، تاوەكو هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت بۆشای یاسایی دروست نەبێت، بەڵام ئەم بڕیارە پێچەوانەی دەستوری هەمیشەیی عێراقە و دەستوەردانە لە كاری پەرلەمانی عێراق و یاسای كۆمیسیۆنی باڵای عێراق، چونكە لە دەسەڵات و تایبەتمەندی پەرلەمانە نەك ئەنجومەنی باڵای دادوەری، بۆیە گەر هەر تانەیەكی لێبدرێت لە دادگای فیدراڵی گریمانەی هەڵوەشانەوەی لێدەكرێت.



دۆخی عێراق ئاڵۆز و هەستیارە، ئەگەر پرۆژەیاسایەك ئامادە بكرێت بۆ پەرلەمانی عێراق وەك رابردو تەنها درێژكردنەوەی تەمەنی ئەندامانی كۆمیسیۆن بێت كێشەی كەمترە و تێدەپەرێت كە ئەمە رێگە گونجاوەكەیە.



بەڵام ئەگەر لەرێی هەمواری یاساكەوە بیانەوێت پیكهاتەی ئەنجومەنەكە و رێگای دانانی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمیسیاران بگۆرن پرۆسەیەكی زۆر ئالۆزە و سەرئێشەی پەرلەمانی عێراق و دواتر دانانی ئەندامان و دەستبەكاربونیان كاتی دەوێت ترس و گومان هەیە زۆر بخایەنێت نەتوانن هەڵبژاردن لەماوەی یاسایی ئەنجام بدەن، چونكە هەڵبژاردن پرۆسەی پێشوەختە و ئامادەكاریی پێشوەختەی پێویستە، چونکە دەبێت پێش 9ـی کانونی یەکەمی ساڵی 2026 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجام درابێت.

84 جار خوێندراوەتەوە