دابەشكردنی نەوت هاوكاریە یاخود كاسبیكردن بەسەر گیرفانی خەڵکەوە؟

حكومەتی هەرێم بریاریداوە دەست بكات بەدابەشكردنی نەوت بۆ هەر بەرمیلەی بەنرخی ۱٠٠ هەزار دینار تا دەگاتە دەست هاوڵاتیانیش چەند هەزارێكی تری دێتە سەر، بەسەرنجدان لەپڕۆسەكە هەرگیز بەمە ناوترێت دابەشكردنی نەوت بەسەر هاوڵایان و هاوكاریی و پاڵپشتیان، بەپێچەوانەوە بریتیە لە فرۆشتنەوەی نەوت و كاسبیكردنی حكومەت لەسەر گیرفانی خەڵكی هەژارەوە.

سەرنج بدرێتە نزیک ترین شوێنی دەرەوەی هەرێم وەک ناوچەکانی كەركوك و خانەقین حكومەتی فیدڕاڵ نرخی بەرمیلێك نەوت بە ۳٠ هەزار دینار جێگیر كردوە و دابەشی دەكات، پاشان بەچ ویژدان و پێوەرو لۆژیكێك بەرمیلێك نەوتیان ئەژمار كردوە لەسەر حكومەت بە ۲۸٥ هەزار دینار، لە كاتێكدا نرخی بازرگانی بەرمیلێك نەوت لەهەرێمدا زیاتر لە ٥٠ هەزار جياوازیەتی لەوەی حكومەت دیاریكردوە، دیارە حكومەت و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەهەمان میکانیزم نەوتی هەرێم دەفرۆشن بۆیە هەمیشە بۆ بەرمیلێك زۆر بەكەمتر لەوەی عێراق دەفرۆشرێت و هەراجفرۆشی دەكەن، ئێستاش ئەو چین و توێژەی كە زۆر پێویستی بە هاوكاری و پاڵپشتی هەیە لە دابەشكردنی نەوت بەشی زۆری کۆمەڵگان لە ناوچەشاخاویەكان و قەزاو ناحیەكان و سەنتەری شارەكان كە هەژار و كەمدەرامەتن، بۆیە ئەم نرخە بارگرانی زۆریان بۆ دروست دەكات، دەوڵەمەندو دارودەستەی ئەم دەسەڵاتە نەك پێویستیان بە نەوت نیە بگرە ئەوان پاڵاوگەی تایبەتی خۆیان هەیە ماڵ و جێگای حەوانەوەیان بە ئامێر و هۆکاری سەردەم گەرم دەكەن، بۆیە هاوار و داواکارییەکان ڕوویان لە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیرە بەرێزەكانە هەوڵێك و پێداچونەوەی زۆر بەپەلە بۆ ئەم بابەتە بكەن.

پەرلەمانی كوردستانیش لەم نێوەندەدا پێویستە پێداگری و فشار بكات بۆ كەمكردنەوەی ئەو نرخە كە ئەمە ئەركیەتی، لەكۆتایدا ئەوەی پێویستە بوترێت ئەوەیە ئەكرێت لەماوەی ئەم كابینەیەدا حكومەت كاری باشی كردبێت، بەڵام هەرگیز لەو ڕاستیە كەمناكاتەوە كە هەنگاوەكان و جوڵەكان و بڕیارەكان سەرجەمیان بارگرانی و قورساییان بۆ سەرشانی هاوڵاتیان زیادكردوە، كە هیواخوازین حكومەت لە پرسی دابەشكردنی نەوتدا ئەم بیرۆكەیە پێچەوانە بکاتەوە کە زۆر بەدوریشی دەبینین.

192 جار خوێندراوەتەوە