پارتی سیاسی و سەرکردەی سیاسی: پەیوەندییەکی ئاڵۆز

لە ئەدەبیاتی سیاسیدا، بەشێویەکی گشتی، ئەوەی کەمترین قسەی لەسەر کراوە پەیوەندی نێوان پارتی سیاسی و بوارە سیاسییە جیاجیاکان لە لایەک و سەرکردە سیاسییەکان لە لایەکی دیکە. ئەو پەیوەندییە وەک تەلیسم وایە، پڕ پرس و شتی شاراوەیە، پڕ حیکایەتی نەوتراوە، پڕ ململانێی سیاسی زیندەبەچاڵە، زۆر جار، هیچ کەس، راستر، ئەندامە فەرمییەکانی پارتە سیاسیەکە، جورئەت ناکەن وەک خۆی باس لەو پەیوەندییە مەنگە بکەن، مێژووی حەقیقەتی ئەو پەیوەندییە دەشارنەوە، هەر بۆیە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەوەی کە دەمێنێتەوە مێژووی ستایشکردن و پیرۆز کردنە، لایەنە شاراوەکە؛ پەیوەندی و قسە راستەکان، یاخود مێژووە زیندووەکە، لە پەراوێز و لە بەشە تاریکەکانی مۆزەخانەدا دەمێنێتەوە، ئەندامەکان لە پرسەکاندا، بە چرپە چرپ، بە هەناسە و ئاهێکی قووڵەوە، بەسەری دەکەنەوە.

 

 

دواجار، ئەو چرپە چرپەیە دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدانی ئاراستەی سیاسی نامۆ لە نێو پارتەکەدا و بڵاوبوونەوەی پەرتەوازەیی سیاسی. ئەمە رەنگدانەوەی نەمانی کاریگەری سەرکردایەتی سیاسییە و سەلماندنی ئەو راستیەیە کە ئەندامەکانی پارتەکە ئەوەندەی دوای کاریزمەی سەرکردایەتی سیاسی دەکەون، ئەوەندە ئیدراکیان بە ئاراستە سیاسییەکانی پارتەکە نییە، هەر بۆیە، لە نێو پارتی سیاسیدا باوە کە دەڵێن؛ خۆی، واتە سەرکردە سیاسیەکە خۆی، دەزانێت چی دەکات، لە دۆخی ئەو جۆرەدا، ئەوە ئەندامانی پارتی سیاسییە کە کوێرانە ملی خۆیان دەبەخشنە بڕیارە چارەنووسازەکانی سەرکردەی سیاسی بێ ئەوەی ئەو ئەزیتە بکێشن لە بیناکردنی پرۆسەیەکی سیاسی گرنگدا بۆ بڕیاردانی سیاسی بەشدارییەکی کاریگەریان هەبێت. بەداخەوە، ئەوەی دەنوسرێتەوە لە دەستور و رێکاری سیاسی و بنەمای رەفتای سیاسی لە دۆڵێک و ئەوەی روودەدات لە دۆڵێکی دیکە.

 

 

کاریگەری پەیوەندی پارتی سیاسی و سەرکردە بەسەر هەموو کایە و بونیاد و رەفتاری ئەندامانی پارتە سیاسییەکەوە بۆ سەردەمانێکی زۆر جیاواز درێژ دەبێتەوە، قسەکانی سەرکردە دەبنە فەرموودە و لە نێوان ئەندامەکاندا وەک پەند و قسەی نەستەق و عیبرەتی مێژوو دەماودەم دەکەن و دونیایەک رەهەندی جیاواز و فۆرمی سەیروسەمەرە لە خۆ دەگرێت کە، رەنگە، لە راستیدا، هەندێکیان بوونیان هەر نەبوو بێت، ئەوە حەز و ئارەزووی ئەندامانی پارتە سیاسییەکەیە ئەو جلکە بۆ مەرامی سیاسیی جیاواز و بۆ مانەوەی پارتە سیاسییەکە دەدروون و وتە و فەرموودەکان و دەستەواژەکانی سەرکردەی سیاسی دەکەنە دەستوور، واز لە دەستووری پارتە سیاسییەکە خۆی دەهێنن، لەبەرامبەریشدا، پەیرەونەکردنی ئەو دەستوورە سادە وساکارە دەکەنە جۆرێک لە پێشێلکردن و خیانەتی مەزن.
دواجار، بەم کارە، پارتی سیاسی لە ئامرازێکی سیاسی- کۆمەڵایەتییەوە کە گوزارشت لە چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵگە دەکات دەبێتە ئامرازێک و دەستەڵاتێک سەرکردەی سیاسی وەک ئاوێنە خۆی تێدا دەبینێتەوە و پارتی سیاسی دەبێتە ڤێرژنی کەسایەتی خودی سەرکردە، خۆشی دەبێتە پارتی سیاسی و پارتی سیاسی دەبێتە خۆی و ئەو کەسەی خۆی لەگەڵ نەگونجێنێت، لە مەداری رەحمەت و موبارەک کردنی، نەوەک هەر دەردەچێت، بەڵکو دووچاری بەلەعنەت بوونیش دەبێتەوە.

 

 

کاریگەری سەرکردەی سیاسی هەر لەسەر رەفتاری ئەندامەکانی پارتی سیاسیدا رەنگ ناداتەوە، بەڵکو پەل دەهاوێژێت بۆ نێو پانتایی پەیوەندی نێو پارتی سیاسی و حکومەت، پارتی سیاسی و دەنگدەر، پارتی سیاسی و بژاردە کۆمەڵایەتی و ئابووری و کەلتوورییەکان، زۆر جار، کار دەگاتە ئەوەی کە سەرکردەی سیاسی کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی خۆشەویستی و عەشقیش هەبێت و دەچێتە خوازبێنی کچان بۆ ئەندامانی پارتە سیاسییەکەی! سەرکردەی سیاسی جۆرێک لە دڵنیای کۆمەڵایەتی بەخێزانەکان دەبەخشێت! بەم شێوەیە تارمایی سەرکردەی سیاسی لە هەموو سوچ و پەنایەکدایە، تا کار دەگاتە ئەوەی سەرتاپا کۆمەڵگە لە سەرکردەی سیاسیدا بەرجەستە دەبێت.

 

 

ئەم دۆخە، پرۆسەیەکی سیاسی پلانرێژراوە، رەنگە لە سەرەتایی پرۆسەکەدا، دەرخستنی سەرکردەی سیاسی بە جۆرێک لە جۆرەکان، لە فۆرمی ئەوپەری کامڵ بووندا بێت، نزیک بێت لە رووخساری پەیامبەران و لە رۆحیەتی سۆفیگەر، ئامرازێک بێت بۆ بڵاوکردنەوەی پرۆپاگندەکانی پارتی سیاسی و پێشکەشکردنی نموونەیەکی ئەرێنی بۆ کۆمەڵگە تاوەکو هەموو بەدوی بکەون و لاسایی بکەنەوە، بەڵام، بەداخەوە، لە دوا وێستگەی سیاسیدا وەک نموونەکانی میسر و سوریا و لیبیا و یەمەن و عێراق، سەرکردەی سیاسی دەبێتە دێوزمە بەسەر کۆمەڵگەوە، ئیتر قبوڵی ناکات و لە رێگەی توندوتیژییەوە، رووبەرووی کۆمەلگە دەبێتەوە، بەڵام دواتر، هەموو فەرموودەکان هەرەس دەهێنن و هەموو بتەکان وردوخاش دەکرێن، وەک ئەوەی ئەوە کۆمەڵگە نەبوو بێت کە چەپڵەی بۆ لێدابێت و چارەنوسی ئەبەدی خۆی بەو نەبەخشی بێت.

 

 

کۆمەڵگە، لەم پرۆسەیەدا، مێژوویەک دەسڕێتەوە کە بە چەندان شێوەی جیاواز خۆی بەرهەمی هێناوە، کەچی دواتر ، رەتی دەکاتەوە و ئیدانەی دەکات، پاش داڕمان و هەرەس، سووڕی دروستکردنەوەی سەرکردە بەهەمان میتۆد دەست پێدەکاتەوە و بێهوودانە کۆمەڵگە دەکەوێتەوە هەمان بۆسە و ململانێی سیاسی، وەک ئەوەی لەعنەتی مێژووو بێت و بەرۆکی کۆمەڵگە بەر نەدات. بەداخەوە، کۆمەڵگە لەو دۆخ و سووڕەی ژیاندا هەمیشە حەز دەکات وەک شۆرشگێر و یاخی بوو بمێنێتەوە، شۆرشگێرێک کە دیدی بۆ دامەزراوەکردن نییە، ئەوەندەی بەرهەڵستکار  و دژ و یاخییە، ئەوەندە توانای بیناکردنی نییە، رەنگە هەر لەبەر ئەو هۆکارەش هەمیشە یاخییە لە سیستم. 

 

 

لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا، ئەو کاریگەرییە، فۆرمی جیاواز لە خۆ دەگرێت، بۆ نموونە لە بریتانیا، تاتشەر و تۆنی بلێر لەو سەرکردە کاریزمانە بوون کە تا ئێستاش کاریگەرییان بەسەر سیاسەتی پارتە سیاسییەکانی خۆیانەوە ماوەتەوە. هەر بۆیە ناتوانین بڵێین تەنیا لە کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتدا سەرکردەی سیاسی بە جۆری جیاواز کاریگەرە، لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا سەرکردەی سیاسی یەکێکە لە ئەکتەرە سیاسییە سەرەکییەکان، بەڵام دەرهاویشتە و فۆرمەکان پێبەپێی ژینگە و تێگەیشتنە سیاسییە جیاوازەکانی کۆمەڵگەکان دەگۆردرێت. عورف و رەوتی جیاواز ، هەڵسوکەوتی جیاوازی سەرکردە دەردەخات، هەروەها با لەیادمان بێت لەم کۆمەڵگەیانەدا، رێکاری سیاسی رۆشن هەن کە سەرکردەکان ناتوانن پێشێلی بکەن و دەزگا و دامەزراوەی فەرمی و نافەرمی هەن رێ بە سەرکێشییەکانی سەرکردە نادەن. لێرەوە پەیوەندی نێوان سەرکردە و سیستمی سیاسی گرنگە کە بە یاسا رێکبخرێت، کاری لەم جۆرە پاراستنی هەموو لایەکە؛ کۆمەڵگە و پارتی سیاسی و سەرکردەی سیاسی، لە مەرگی پێشوەخت.

 

 

خاڵێکی گرنگ هەیە شایانی باسکردنە؛ ئەو پەیوەندییەی لە نێوان پارتی سیاسی و سەرکردەی سیاسیدا هەیە مەحکومە بەو ژینگە سیاسییەی کە تێیدا کار دەکەن، زۆرجار، ناچێتە ژێر باری هیچ تیۆرێکی سیاسییەوە، ئەوەندەی رەنگدانەوەی رەوتی ناجێگری سیاسی گشتی و توانای کەسایەتییەکانە، ئەوەندە رەنگدانەوەی پرۆسەیەکی پێشوەختی ئیدراکی سیاسی نییە. هەر بۆیە سەرکردەکان تا دوا هەناسە و بە پاساوی جۆراو جۆر سورن لەسەر ئەوەی لە پێگەی خۆیاندا بمێننەوە، زۆر جار، ناچارن بۆ خۆپاراستن لەو هەڵانەی لە رابردوویاندا کردوویانە، ئەمەش خاڵێکی زۆر ستراتیژی نەدەبوو، ئەگەر سەرکردەی سیاسی لە بری فراوانکردنی دەستەڵاتی کەسی خۆی، هەوڵی دامەزراندنی رێکاری سیاسی دادپەروەرانە بدا لە نێو پارتە سیاسەکەدا. دیسانەوە، کاری لەم جۆرە، نەمری بە پارتی سیاسی دەبەخشێت، بەوەی بەشدار دەبێت لە بیناکردنی کۆڵەکەیەکی گرنگی ژیانی سیاسی دیموکراسی.

 

 

پوختەی قسە: مەبەستی سەرەکی لەم نوسینە بە بەڵگەکردنی ئەو چرپانەیە کە لەسەرەوە باسمان لێوەکردن، بەڵکو ئەم بیرۆکەیە پرۆژەیەکی سیاسی لێبکەوێتەوە و ببێتە سەرەتایەک بۆ ئەوەی بە ئاشکرا و  وەک خۆی و بابەتیانە ئەو پەیوەندییە سیاسییە هەستیارە ئاشکرا بکەین، بە هیوای ئەوەی یارمەتی رێکخستنەوەی هەموو پەیوەندییە ئۆرگانییەکانی پارتی سیاسی بدات و لە مەودای مامناوەندی و دووردا چارەنوسی پارتی سیاسی بە مەرگی سەرکردەی سیاسییەوە نەبەسترێتەوە و تەمەن و ماوەی ژیانی پارتی سیاسی نەبەسترێتەوە بە تەمەنی سەرکردەی کاریزمای سیاسی، هەروەها بۆ ئەوەی مەرگی سەرکردە، مەرگی پارتی سیاسی نەبێت. بێگومان ئەم بابەتە لە چەندین سۆنگەی جیاوازی زانستە سیاسییەکانەوە دەکرێت کاری لەسەر بکرێت و بە هیوای ئەوەی پارتی سیاسی هەمیشە پارتی ئاییندە بێت نەوەک رابردوو. لەم نوسینە کورتەدا، تەرکیز لە سەر دونیابینینی ئێمەیە بۆ "سەرکردەی کاریزما"، چۆن ئەم چەمکە دەوڵەمەند بکەین؟ تاوەکو یارمەتیمان بدات بزانین لە کۆمەڵگە دیموکراسیەکاندا، کاریگەری سەرکردەی سیاسی چۆن رێکخراوە؟. دەوڵەمەندکردنی ئەم چەمکە بایەخی سیاسی خۆی هەیە لەبەرئەوەی کاریگەری کلاسیکی ئایدیۆلۆژی کەم دەکاتەوە و پێبەپێی ئەمەش یارمەتی هێنانەکایەی چەمکی "پێکەوە ژیانی سیاسی" دەدات لە قۆناغە گۆڕانکارییە هەستیارەکانی کۆمەڵگە بەرەو دیموکراسیەت.

68 جار خوێندراوەتەوە