پەیوەندی نێوان گەندەڵی و نیولیبرالیزم پەیوەندییەکی راستەوخۆ و ئۆرگانیکە،
بەو مانایەی کە لە ئەنجامە نەرێنییەکانی سیاسەتی نیولیبرالیزم
تەشەنەبوونی بەرفراوانی گەندەڵییە. سەرەتا با پێناسەیەکی بچووکی نیولیبرالیزم
بکەین، هەر لەو پێناسەیەوە تێدەگەین چۆن سێکتەر و بوارەکانی نیولیبرالیزم ئەو
پەیوەندییە توندوتۆڵەیان بە گەندەڵییەوە هەیە. سەکتەرەکانی سیاسەتی نیولیبرالیزم
خۆیان دەبیننەوە لە سەرمایەی بازاڕی ئازاد و سیاسەتەکانی ئازادکردنی ئابووری و
کۆنترۆڵی کەرتی تایبەت و ژینگەی جیهانگیری و پانتاییەکانی بازرگانی ئازاد و رێکارەکانی
کەمکردنەوەی خەرجیاتی حکومەت لە پێناو کەرتی تایبەتدا، نەوەک خەڵکدا، ئەمانە بە کورتی، بوارەکانی ئەو چەمکە
فەلسەفییە سیاسییانەن کە لیبرالیزمی کلاسیک و نیولیبرالیزم لەسەریان بەندن. لە
راستیدا، وەک زانراوە، ئەم چەمکە سیاسییانە و دواتر ئابووریانە، پێشتر، لە سەدەی
نۆزدەدا هەبوون، بەڵام لە پاش دووەم جەنگی جیهان، لاواز بوون و دواتر بوونە بەشێک
لە سیاسەتی پارتە راستڕەوەکان لە ئەوروپادا، مەبەستی سەرەکییش لەم چەمکە سیاسییە
وەک پرنسیب، بە گشتی، کەمکردنەوەی رێکار و کۆنترۆڵی حکومەتە و بەخشینی ئازادی زیاترە
بە کەرتی تایبەت.
ئەم کارە، لە هەندێ رووەوە، کارێکی بەجێ دیارە، لەبەرئەوەی بوار و پانتایی
کارکردنی زیاتر دەبەخشێتە هاوڵاتی کە کۆمپانیا و بیزنسی بچووک پێک بهێنن، بەم کارە
ئەرکی سەرشانی حکومەت ئاسان دەبێت بەوەی ئەو پرۆژانە ئەنجام دەدەن کە هاوڵاتی لە
حکومەت چاوەڕوانە جێبەجێیان بکات. لە رووی تیۆرییەوە، ئەمە چەمکە بەسوود و گونجاو
دیارە، بە تایبەتی رێ لە سەرهەڵدانی توێژێک لە نێو حکومەتەدا دەگرێت کە هەموو
دەستەڵاتێکیان بەدەست بێت و زۆر بەئاسانی بەرەو دەستەڵاتێکی تۆتالیتاری بچێت، بەڵام
بە دیوێکی تردا رادەی هەژاری و بێکاری زیاد کرد و ئاستی مووچەش بەوشێوە
دادپەروەریانە نەبوو ک ەبانگەشەی بۆکرا و دامەزراوەکانیش زۆر سەرکەوتوو نەبوون لە
وردکردنەوەی چەمکەکە بۆ ئامانجی ستراتیژی. با لەیادیشمان بێت، رەهەندی ئابووری ئەم چەمکە
لە ساڵانی ١٩٣٠ دەرکەوت لە پاش روودانی شکستە ئابوورییە بەناوبانگەکەی ساڵی ١٩٣٠ و
لە ساڵی ١٩٩٠، کەوتنی سۆڤییەت و کۆتایهاتنی جەنگی سارد رێخۆشکەربوون بۆ پیادەکردنی
چەمکە ئابوورییەکانی نیولیبرالیزم.
بەداخەوە، ئازادی سەرمایە و ئازادی ئابووری بازاڕ لەگەڵ خۆی رێکاری یاسایی
و میکانیزمی دادپەروەرانە و یەکسانانە و توندوتۆڵ کردنی کواڵیتی کۆنترۆڵ بە
ئەندازەی گۆرانکارییە سیاسییەکان نەهێنا، تاوەکو دڵنیایی هەبێت لە روونەدانی
قەیرانی سیاسی و ئابوری و دارایی و بانکی، پاساوی ئەمەش بەخشینی مافی مەدەنی و ئازادی
زیاتر بە هاوڵاتی بوو بۆ ئەوەی کار بکەن و باج بدەن. هەمیشە، کاریگەری و کەڵێن و
لاوازی تیۆر و فەلسەفە و مەنهەجە سیاسییەکان لە پراکتیکدا دەرکەوتوون. ئەمە
سەرباری هەموو هەوڵەکان بۆ هێنانەدی میکانیزمی گونجاو کە رێ لە گەندەڵی بگرێت و
ریشەکێشی بکات. بێگومان تەوژمی نیولیبرالیزم لەگەڵ فراوانی بانگەشەکانی جیهانگیری
هەر لەسەرەتای هەشتاکانەوە بەهێز بوو، دەبوایە ئەو میکانیزمانە هەر زوو هاوشانی
رووداوە سیاسییەکان بوونیان هەبوایە، بۆ نموونە ئەو کاتەی گەندەڵییەکی سیاسی یان
دارایی لە شوێنێکی گوندە گەردوونییەکەدا رووی دەدا، فریا نەدەکەوتن دەستبەجێ
رێکاری عەمەلی بۆ بهێننە ئاراوە. راستە لەم ساڵانەی دواییدا جۆرێک لە هاوبەشی
پرۆژەکان لە نێوان کەرتی تایبەت وحکومەت کە بە “PPP” ناسراوە،
هاتە ئاراوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو نایەکسانی و نادادپەروەریەی کە روویدا تاوەکو
هەردوولا بەرپرسیاریەتی هاوبەشیان هەبێت و هەردوولا پێکەوە بەرجەستەی بەهاکان بکەن،
یاخود پرۆگرامی “KKN” کە بۆ ریشەکێشکردنی گەندەڵی دارێژرا، ئەم
بەرنامەیە بۆ کەمکردنەوەی هەژمونی دەستەڵات بوو کە ئەرکی حکومرانی بە کەسانێک
دەسپێرن شایستەی نیین و یاخود سەرقاڵی پلانی شارەوەن بۆ چەواشەکردنی هاوڵاتی. راستە، دەزگا نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە
یەکگرتوەکان و بانگی نێودەوڵەتی و دەزگا پسپۆرەکانی شەفافیەت و دامەزراوە
ئەوروپییەکانی دیکە سەرقاڵی دارشتنی ئەو میکانیزمانە بوون بەڵام بەداخەوە
هەوڵەکانیان بەس نەبوو، زۆر جار هەوڵی ئەو دامەزراوانە جێگر نەبوو یاخود هەمیشە لە
گۆڕانکاریی بەردەوامدا بوو یاخود فریا نەدەکەوتن.
لێرەوە پیشنیار دەکەین کە پرۆگرامێکی نیشتمانی دارێژن وەک ئەوەی دەزگا
نێودەوڵەتییەکان ساڵانە ئەنجامی دەدەن، ئەو دامەزراوانە، بەهۆی ئەو پرۆگرامانەوە،
چەندان ستانەدەر و پێوەر، ساڵانە بەکار دەهێنن بۆ دەستنیشانکردنی رادەی گەندەڵی و
بەدواداچوون دەکەن و خەسڵەتی دیاردەکان دەردەخەن. دەکرێت، جۆرێک لە گرێبەست لەگەڵ
ئەو دامەزراوانە بکرێت تاوەکو پسپۆری و شارەزایی خۆیان بۆ نموونە بدەنە دەزگایەکی
وەک نەزاهە یان ئەستۆپاکی تاوەکو رۆڵیان کاریگەرتر بێت و چالاکیان زیاتر بێت.
بەداخەوە، رەنگە کارێکی لەو جۆرە لە ئێستادا سەخت و زەحمەت بێت، بەڵام دواجار هەر
دەبێت ئەوە بکرێت. پرۆسەی لەم جۆرە بەشێکە لە توندوتۆڵکردنی کۆڵەکەکانی حکومڕانی
کە گەندەڵی لە پەتا هەرە کوشندەکانێتی. شتێکی نوێ نییە کە هەنگاوی لەم جۆرە، خۆی
لە خۆیدا، دەرژێتە نێو ئەو هەوڵانەی کە حکومەت بۆ گەشەسەندن و بەرجەستەکردنی
پرۆگرامی ستراتیژی خۆی پێویستی زۆر پێیە. رەنگە، کارێکی باشتر بێت کە
هەڵسەنگاندنێک بۆ کارەکانی چاکسازی خۆی بکات، لەوەش چاکتر ئەوەیە کە لە مەودایەکی
مام ناوەندیدا دامەزراوەیەکی تایبەت بەراپەراندنی ئەم پرۆگرامە هەبێت.
پوختەی قسە: وردبوونەوە لە مێژووی بەکارهێنانی ئەم مەنهەجە ناچارمان دەکات
بەراوردی بکەین بە سیستمە سیاسی و ئابوورییەکانی ناوەوە و دەرەوە و ناوەوەی خۆی و
ئەوانەی ناوەوەی خۆی تا زیاتر شارەزایی گەشەکردنی چەمکەکە ببین. هەر بۆیە کارێکی
چاک دەبێت خۆمان لەو مەنهەجە توندڕەوانە بپارێزین کە سەرتاپا هەر هەموو چەمکە
سیاسی و ئابوورییەکە رەتدەکاتەوە، هەروەها، گرنگە رێکارە یاساییەکان و تەنانەت
تیۆرە سیاسییەکان لە ناو میراتی سیاسی خۆیاندا لە بێژنگ بدرێن و بخرێنەوە سەر رێی
راست، نەوەک لە دەرەوەی گەشەسەندنی فیکری سیاسی و ئابووری خۆی، حوکمی بەسەردا بدرێت. گرنگە، پرۆگرامێک بێتە ئاراوە کە دیاردە
فیکری سیاسییەکان و ئابوورییەکان لەسەر بنەمای باشە و خراپی و هەرەشەکانی کە دروستی
دەکەن بپێورێن نەوەک سەرتاپا هێڵێکی راست و چەوت بە هەموو چەمکەکەدا بهێنرێت و هەمیشە
لە سفرەوە دەست پێبکەینەوە.
دواجار، ریشەکێشکردنی گەندەڵی پێویستی بە جورئەتی سیاسی هەیە کە تەلیسمی
ترس و تۆقاندن رادەماڵێت.
163 جار خوێندراوەتەوە