ئەنجومەنی پارێزگا و تواناسازی؛
پێشەکی، خۆشحاڵ دەبم، ئەم
پرۆژەیە، لە ئێستاوە، ببێتە بەشێک لە بەرنامەی سیاسی و بە دەنگدەر بناسرێت و لە
هەڵمەتی هەڵبژاردندا سپۆنسەر بکرێت و ببێتە مایەی گفتوگۆکردن، ئەوەی سەرنجی هەمو لایەک رادەکێشت
لیستەکان و هەندێ لە پارتە سیاسییەکان، ئەوەندەی قسە لەسەر کەسایەتی یەکتر دەکەن،
رێ بۆ ناسینی بەرنامەی سیاسی و دیدی ستراتیژی خۆش ناکەن، لەوە دەکات هەمو شەکەتن و
لە گەمێی کەلتوری سیاسی لۆکەڵدا نوقومن، بەڵام گرنگە بانیژەیەکی بچوک بۆ سود
وەرگرتن لە چارەسەرەکان واڵا بکەن.
هەر بۆیە، گرنگە، بەر لە چونە نێو
هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە ئەو شوناسە سیاسییە میانڕەوە بە رێبازێکی عەقڵانی سیاسییەوە
لە هەڵمەتەکاندا پیادە بکەن، چەمکی پاڵەوان لە ئێستادا، کۆمەڵگە خۆیەتی و کێ
توانای هەیە زمانێکی نوێ بۆ خیتابی سیاسی بدۆزێتەوە ئەو کاریگەری دەبێت، بەرنامەی
سیاسی، بەرهەمی هیلاکی دەستەجەمعییە، بەرهەمی هاتنەکایەی کۆدەنگی سیاسییە نەوەک
تاکە کەس، لەبەرئەوەی دواجار، بەرنامەی سیاسی رەوایەتی خۆی لە نوێنەرایەتی
کۆمەڵگەوە بەدەست دەهێنێت.
سەبارەت بە تواناسازی، لێرە
مەبەستمان توانای سیاسی و یاسایی و تەکنیکییە لەسەر هەمو ئاستە باڵاکانی بڕیاردان
لە هەرێمی کوردستان، ئەم ئامرازە مەوداکانی هەرەشە لاواز و کەم دەکاتەوە و
تێگەیشتنی سیاسی جیاواز لەیەک نزیک دەکاتەوە و یارمەتی ئەو کۆدەنگییە سیاسییە
دەدات کە مەبەستی ئەم پرۆژەیەیە، لە هەمان کاتدا، رەنگە، خوێنەر پرسیار بکات بۆ
ئەنجومەنی پارێزگا، کە جارێ پەرلەمان خۆی لە دایک نەبۆتەوە، گرنگە، ئەم پرسە، لە
پرسە هەرە گرنگەکانی نێو پەرلەمان بێت و لەم پرۆژەیەدا دەستنیشانی رۆڵی
پەرلەمانمان کردوە، رۆڵی ئەم ئەنجومەنانە دەبێتە مایەی سڕینەوەی دو زۆنی سیاسی و
پتەوکردنی رۆڵی حکومەت و سەرشانی حکومەت لە تۆمەت و ئەرک ئاسان دەکات!
بۆ زانیاری خوێنەر، بەندە، هیچ
تەماعێکی شەخسی بۆ هەڵبژاردن و پەرلەمانی داهاتو نییە، بەڵام وەک ئەرکێکی نیشتمانی
لە پاش تەمەنێک لە ئەزمون خەمە نیشتمانییەکان لە چوارچێوەی پرۆژەی بیناخوازدا
لەگەڵ ئێوە شێر دەکەین، بە کورتی دەڵێین؛ ئێمە ئەوەندە توانامان بو، کێ دێت و
خشتێکی دیکە دەخاتە سەر ئەو گەنجینەیە، سەد جار دەست خۆشی لێدەکەین.
کۆی پەیامی ئەم پرۆژەیە: کاراکردنەوەی
کاری ئەنجومەنی پارێزگاکان، رێکخستنەوەی ئەرک و دەستەڵاتەکانی نێوان حکومەتی
نیشتمانی و "حکومەتی خۆجێی" نەوەک شۆرکردنەوەی دەستەڵات وەک بەشێک لە
پیادەکردنی بنەماکانی "حکومڕانی باش" هێنانەکایەی پەیوەندییەکی تەندروست
لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە، لەم پرۆسەیەدا، هەمو لایەک براوە دەبن.
: Win-Win Case بەرجەستەکردنی حکومڕانی باش کە کۆدەنگی سیاسی، Political Consensus، کرۆکی چەمکەکەیە، پێشینی مێژوی ئەنجومەنی
پارێزگاکان، پرۆژەی ئەمریکییەکان بو، لە پاش (2003) بە بودجەی حکومەتی ئەمەریکا
چەند ساڵێک، لە سەرتاپا عێراق، بەردەوام بو.
ناوی پرۆژەکە: بەرنامەی حکومرانی
لۆکەڵ (Local Governance Program,
LGP) بو، پرۆژەکە
لەلایەن (USAID-
RTI) بە سێ قۆناغ جێبەجێکرا، لە ساڵی (2003 تا 2011) لە
ژینگەی پاش جەنگ پیادە کرا، ژینگەیەک توندوتیژی سیاسی و پەرتەوازەیی و گەندەڵی
سیاسی و دارایی خەسڵەتی سیاسی بو، بێگومان پێشوازیکردن لە پرۆژەکە لە هەرێمی
کوردستان باشتر بو.
پرۆژەکە بەشێک نەبو لە پرۆسەی
گەشەسەندی ئابوری بەردەوام، زیاتر وا دەردەکەوت کە پشتیوانی پرۆسەی سەربازی
ئەمەریکا دەکات و دەیەوێت ئەو راستییە بسەلمێنێت کە ئەمریکا رزگارکەر بوە نەوەک
داگیرکەر، دەستەڵاتی کاتی هاوپەیمانان کە بە (CPA) ناسراو بو، کاری بە دەستوری عێراقی ساڵی (1970)
راگرت بە مەبەستی رێگرتن لە هاتنەوەی دیکتاتۆریەت لە ئاییندەدا.
ساڵی (2005) دەستوری نوێی عێراق
ئامادەکرا و لە رێگەی ریفراندۆمێکی گشتییەوە پەسەند کرا، یاسای (21) دەستوری عێراق
یاسای پارێزگاکانی کە لە هەرێمدا رێکنەخراون بوە بنەمای دامەزراندنی پرۆسەی
دیموکراسی وحکومڕانی بە ئامرازی لامەرکەزیەت، بەڵام مەنگی ناوەرۆکی بەڵگەنامەکان و
لێکدانەوەی جیاواز و ناکۆک بۆ دەستەڵاتەکان و لاوازی توانای حکومەت و ئەنجومەنەکان
و تەشەنەسەندنی گەندەڵی لە نێوان ئەنجومەنەکانی عێراق بونە بەربەست و لاوازکردنی
ئەنجومەنەکان تا رادەی سیست بون، یەکەم هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان لە
عێراقدا ساڵی (2005) بو، پاشان (2009).
ئامانجی پرۆژەکە: پەرەپێدانی
پرۆسەی دیموکراسی بۆ بەرجەستەکردنی دابەشکردنی دەستەڵاتەکان لە نێوان ناوەند و
پارێزگاکان لە لایەک و ناوەند و هەرێم لەلایەکی دیکەوە وەک بەشێک لە پرۆسەی
بیناکردنی فیدرالیزم، کارکردن لەسەر ئاستی تواناسازی ئەنجومەنی پارێزگا و حکومەتی
خۆجێی تاوەکو باشتر بتوانن خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن، پێداچونەوە بە یاساکانی
ئەنجومەنی پارێزگا وپلانەکان و دارشتنی بودجە، پتەوکردنی پەیرەو و پەیکەری حکومەت؛
واتە دەستنیشانکردنی دەستەڵاتی پارتی سیاسی و حکومەت لە ئیدارەدانی پرسە گشتییەکان،
رێگرتن لە فراوانبونی کەلێنی نێوان زۆنەکان: هەرێم خوانەخواستە نەبێتە یەمەنی باکور
و یەمەنی باشور، دابەشکردن و رێکخستنەوەی دەستەڵاتەکان، نەوەک شۆرکردنەوەی
دەستەڵات، رەوینەوەی ترس بە گەرەنتی سیاسی و پتەوکردنی یاساکان.
گرنگی پرۆژەکە: ئەنجومەنی
پارێزگاکان بەشێکی گرنگی پیادەکردنی لامەرکەزیەتە، وەک ئامرازی فیدرالیەت، ئەمە
خۆی کۆڵەکەی دامەزراندنی پرۆسەی دیموکراسییە، ئەنجومەنی پارێزگاکان سەرشانی
حکومەتی نیشتمانی سوک دەکات، لە روی دەستنیشانکردنی پێداویستی ناوچەکان و
پلاندانان و دارشتنی بودجە و پێشنیارکردنی یاسای گونجاو، لامەرکەزیەت کە ئامرازی فیدرالیەتە رێ لە گەڕانەوەی
مەرکەزیەت دەگرێت، لە سیستمی لامەرکەزیەت و حکومەتی خۆجێیدا، هاوسەنگییەک لە نێوان
توانای داراییی حکومەت و پێداویستییەکان و ئەولەویاتەکان هەیە، لە دەستەڵاتی
ئەنجومەنی پارێزگاکان، هەمو لایەک بەشدارن و بەرپرسیارن لە پرۆسەی گەشەسەندی سیاسی
وئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوری، سەنگەری
ناوەوەی هەرێمی کوردستان توندوتۆڵ دەکات، رێ لە ململانێی سیاسی رابردو و لابەلا
دەگرێت، پرۆژەکە خۆی لە لایەن پەرلەمانی داهاتو سپۆنسەر بکرێت بۆ
بوژاندنەوەی یاسای کارپێکراوی ئەنجومەنەکان، پارتە سیاسییەکان پشتیوانبن و کۆدەنگی
سیاسی لەسەر بێت، لێکدانەوەی ناکۆک و لابەلا بۆ ئەرک و دەستەڵاتەکان نەکرێت،
پێوەرێکی ستاندەر هەبێت بۆ هەڵسەنگاندن، سود لە وانە و عیبرەتەکانی رابردو
وەربگیرێت لە رێگەی راهێنان و پەرەسەندنی تواناسازی سیاسی و ئیداری و یاساییەکان. · کاری
پێداچونەوە بە هەمو بوارەکانی پەیوەندیدار بە ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە بکرێت، ئەنجومەنی
پارێزگاکان ئەدەبیاتی کار و دەستور و میراتێکی سیاسی و یاسای و ئیدارییان هەیە،
کار لەسەر بوژاندنەوەی ئەم گەنجینە بکرێت و ئیزافەی بۆ بکرێت، راهێنانەکانی
ئەمجارە بێگومان جیاواز دەبێت، پرۆسەکە و بەرنامەکە نیشتمانییە، دامەزراندنی
پرۆسەیەکی فراوان کە فێربونی بەردەوام دەکاتە ناوەندی پرۆژەکە.
Sustainable Learning & Development: شێوازی فێربونەکە راستەوخۆ پەیوەندی بە
بەرزکردنەوەی ئاستی ئاداوە هەبێت و بەشێک بێت لە پرۆژەی گەشەپێدانی سیاسی و
تەکنیکی، پرۆسەی تواناسازی، وەک نمونە، ئەم بوارانەی خوارەوە لە خۆ بگرێت: بەرزکردنەوەی
ئاستی توانای ئافرەتان - گەشەپێدانی ئادای سەرکردایەتی پرۆژەکان - بەهێزکردنی
ئادای ئەنجومەنی پارێزگاکان - بەشدارپێکردنی رێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی لەگەڵ
ئەنجومەنەکان - پتەوکردنی پەیکەر و رێکار و یاسا و کارگێری
ئەنجومەنەکان وەک دامەزراوەیەکی خزمەتگوزاری پیشەیی - هێنانەکایەی
میکانیزمێکی رون و ئاشکرا بۆ چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی پرۆژەکان و ئادا بە
شێوەیەکی گشتی.
222 جار خوێندراوەتەوە