گەندەڵی و میدیا: کۆڵەکەی دیموکراسی

لە رووی تیۆرییەوە، ئەوەی لە زانکۆکان و پەیمانگاکان دەخوێندرێت، ئەوە دووپات دەکەنەوە کە میدیا ئامرازی ستراتیژی سەرەکییە بۆ دڵنیابوون لەوەی پرۆسەی دیموکراسی بە ئاقاری دروستی خۆیدا هەنگاو دەنێت، ئەوان دەڵێن بوونی میدیایەکی بابەتییانە و پیشەییانە ئاماژەیەکی روونی گرنگە بۆ بوونی پرۆسەی بیناکردنەوەی کۆمەڵگە لەسەر بناغەیەکی دروست بە تایبەتی لە پاش جەنگ و وێرانە.

میدیا چاودێری رەفتاری سیاسی حکومەت و پارتە سیاسییەکان دەکات بۆ باشترکردنی ئادای سیاسی نەوەک بۆ وێرانکردنی، میدیا کار لەسەر کێشە جەوهەرییەکانی وەک ژینگە و گەندەڵی و دادپەروەری و یەکسانی و کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات بۆ بەرجەستەکردنی بەهای مرۆڤدۆستی، نەوەک سڕینەوەیان. ئەوان دەڵین سەرگوزشتەکانی نێو میدیا ئەوانەی نێو ماڵ و خێزان و دامەزراوەکان هی سەرتاپا ژیانمانن، حیکایەتەکانی تەمەنمانن، تەمەنی سیاسی و تەمەنی ئاسایی و تەنانەت تەمەنی عەشقیشمان!

پرسیاری ئەم نوسینە ئەوەیە چۆن هەوڵ بدەین ئەم تیۆرە فراوانە لە واقیعدا بوون و کاریگەری هەبێت؟ ئەو کەڵێنە گەورە هەمیشەییەی لە نێوان تیۆر و پراکتیکدا چۆن کەم دەکرێتەوە؟

بە تایبەتی ئەگەر لەسەر ئەو راستییە کۆکبیین کە دۆخە سیاسییەکانی پاش جەنگ جیاوازن، بە جیاوازی جوگرافیا و کەلتوور و تێگەیشتنی سیاسی و ئەو رەوتەی کە کۆمەڵگەیەکی تایبەت پێیدا تێدەپەرێت.

راستە، لە کۆمەڵگەکانی پاش تۆتالیتارییەت رۆڵی میدیا و ئەکتەرەکانی ناو میدایا ئاڵۆز و هەستیارە.

هەموو لایەک هەوڵێکی بێوچان دەدەن تاوەکو ئەو تیۆر و چەمکانە برژێنە ناو کۆمەڵگەوە، هەندێک بۆ بەرژوەندی خۆیان بەکاری دەهێنن بەرلەوەی پرۆسەکە بکەوێتە گەر، تاوەکو سبەی دڵنیابن کە میدیا نابێتە دوژمن و نەیار، هەندێکی دیکە لە تەوژمە سیاسیە توندرەوەکان بەکاری دەهێنن بۆ دونیایەک مەرامی شەیتانی کە ڤێرژنێک لە میدیا دێنێتە ئاراوە تیرۆریزم و گەندەڵی بەرهەم دەهێنێت و کاریگەری کوشندەی لەسەر ئاییندەی کۆمەڵگە هەیە و لە ئاستی تاواندا شان لە شانی رژێمە تۆتالیتارییەکان دەدات، ئەگەر تێپەری نەکات.

هەندێکی دیکە هەموو ژمارە و داتا و زانیارییەکان بە ئەنقەست و بێ ئەنقسەت چەواشانە و بەشێوەیەکی چەوت بەکار دەهێنێت، لە سەردەمێکدا کە بە سەردەمی درۆ و ساختە و نەبوونی راستگۆیی ناوبرا، هەموو زانیارییەکان و تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکانی میدیا خرانە خزمەتی مەرام و ئایدۆلۆژیای سیاسی چەواشەکارەوە، هەندێکی دیکە وەک ئەوەی لای خۆمان دونیایەک پەیج دەکەنەوە بۆ کارکردن لەسەر ئاستی رۆشنبیری باو و ئاسایی کۆمەڵگە و بەکارهێنان و مۆنۆپۆلکردنی تێگەیشتنە کەلتوورییە باوەکان بۆ بەلارێدانی کۆمەڵگە و بێ بەرپرسانە جۆرێک لە ناوەرۆكی میدیا دێننە ئاراوە کە زەمینە خۆشکەرە، نەوەک هەر بۆ ئەنجامدانی گەندەڵی، بەڵکو بۆ تیرۆریزم بەوەی کە کەسەکان دەبنە پرۆژەی کوشتن لە پاش ئەوەی بە ئاسانی تۆمەتباردەکرێن بۆ هەر مەبەستێک بێت، بەداخەوە لەم دۆخە زۆر باوەدا، سەنگەرەکان تێکەڵ بەیەک دەبن و راستی و درۆ بە ئاسانی ون دەکرێن و تاوان لە نێوان ئەکتەرەکاندا دابەش دەبێت. ئەوەی یارمەتی ئەو کردارانە دەدات، ئەو وێرانەیە کە جەنگ لە پاش خۆی بەجێی هێشتووە، هەروەها نەبوونی ئەو ژێرخانە گرنگەیە کە رێگرە لە بەردەم بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە لە هەر لایەکەوە بێت. هەندێکی دیکە، لەلایەکی دیکەوە، سەرسەختانە، بەرگری لە بەها و پەیامە گەردوونییەکانی مرۆڤدۆستی نێو میدیا دەکەن و لە ئاستی جیاوازدا و بە شێوازی جیاواز بەرەنگاری گەندەڵی دەبنەوە و رێز لە زانیاری و توانایان دەگرن و وریایانە بەکاریان دەهێنن بۆ باشترکردنی دۆخی کۆمەڵگەکان، بەڵام، با ئەو راستییەشمان لە یاد بێت کە میدیا خۆی لە پاش جەنگ بە دەست هەمان گرفت و قەیرانە باوانەوە دەناڵێنێت، هەر لە گرفتی سەربەخۆی دارایی و نەبوونی توانای پیشەیی و بەکارهێنانی چەوتی میدیا و نەبوونی ئەو یاسایانەی کە پارێزگاری لە کاری میدیا دەکات.

ئەم دۆخە وا دەکات کە ئەرکی میدیا قورستر بێت، لە لایەک میدیا دەبێت ببێتە ئەو هێزە دیموکراسییەی کە لە پرۆسەی بیناکردندا پێویستە، و لە لایەکی دیکەوە، میدیا دەبێت جەنگی نێو خۆشی بکات بەوەی کە تێگەیشتنەکان بۆ ئەرک و پەیامی میدیا و ئەو گەندەڵییەی کە لەم سەنگەرەدا روودەدەن کەم بکاتەوە یاخود بنبڕی بکات. دواجار، دەبێت دان بەو راستییەکدا بنێیین ئەوانەی لەم بوارەدا کار دەکەن پاڵەوانی ئەفسانەکانین و فریشتە نین، بەڵکو مرۆڤن و لەسەر ئەرزی واقیع کاردەکەن و رووبەرووی فشاری سیاسی و دارایی و کۆمەڵایەتی دەبنەوە.

سەرنجێکی گشتی لەسەر هەموو پەیج و ئامرازەکانی سۆشیال میدیای لاخۆمان بدەن، بە روونی ئەو راستییە دەردەکەوێت کە لە باشترین دۆخدا میدیا تۆمارکارێکی پاسیڤی رووداوەکانە، لە پشت سکرینەوە، جۆرێک لە ململانێ ئاراستەی دەکات و تەنانەت کاروباری گشتی و قەیرانەکان دەکەنە قوربانی و بۆ مەبەستێکی دیکە بەکار دەهێنرێن. لەم دۆخەدا، ئەو پەیجانە نوێنەرایەتی کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابوورییەکان ناکەن، بەڵکو ئەو میدیایانە ئامرازی پاساو و بەرەواکردنی پەیامێکی سیاسی تایبەتن، تەنانەت گرنگی بە ناوەرۆک و ئاستی زانیارییەکە و شێوازی دارشتنەکەش نادەن، گرنک لای ئەوان لێدانی بەرامبەرە، بەهەر شێوازێک بێت.

ئەوان، میدیاکارانی لای خۆمان، لە باشترین دۆخدا، دەڵێن دەبێت رووداو وەک خۆی بگوێزرێتەوە، ئەمە نیوەی ئەرکی میدیایە، نیوەکەی دیکەی، ئەگەر هاوڕابین لەوەی میدیا دەستەڵاتی چوارەمە، دەبێت دیدێک بۆ کێشەکان دەربخات، نەوەک هەر ببێتە بەشێک لە گێرانەوەی کەسەکان و کارەساتەکان. میدیایەکی پڕ مەعریفە، توانایەکی باڵا دەستە و بەسەر ئادا و زانیاری دەستەڵات و ئۆپۆسیزیۆندا دەشێکتەوە. میدیا وەک سەنعەتی کار، نابێتە ئامراز بە دەست دەستەڵات و ئۆپۆسیزیۆنەوە.

میدیای پڕ مەعریفە، کار لەسەر داماڵینی ئایدۆلۆژیای سیاسی دەکات بە تەرح کردنی دید بۆ گۆرانکاری، نموونەیەکی ساکار، پرۆگرامی “Hard Talk” کە بەشێکە لە کەلتووری میدیا BBC سەرسەختانە کار لەسەر کێشە و قەیرانە ئالۆزەکانی دونیا دەکات بەبێ ئەوەی یەک وشەی زبر ئاراستەی کەسایەتی میوانەکەی بکات، بەڵام لە دارشتن و ئاراستەکردنی پرسیارەکان دیدێکی شاراوە هەیە کە بینەر وا هەست دەکات "ستیڤن سەکەر" رۆژنامەنوس و پێشکەشکاری پرۆگرامەکە لە میوانەکە باشتر شارەزای بابەتەکەیە، میوانەکە هەر خەجاڵەت دەکات! بەداخەوە، لای ئێمە، ئەو جۆرە لە میدیا زۆر دەگمەنە، میدیای لای ئێمە قوربانی مێژوویەک لە ململانێ سیاسی و کەلتوورێکی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیە کە جەنگ بەربەست بووە لە گەشەسەندنی.

نموونەیەک لە ئەزموونی تایبەتی بەندەوە، پێموابێت کە شوێنی گونجاوی خۆیەتی لێرە تۆماری بکەین؛ کە ئەندامی وەفدی هەرێمی کوردستان بووین لە ساڵانی رابردوودا، وەک بەشێک لە وەفدی عێراق بۆ دایالۆگی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق، گرنگ بوو پەیامەکەمان لە واشنتۆنەوە، لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە، پەیامی هەرێم بێت نەوەک پەیامی پارتی سیاسی، پەیامێک بێت نزیک لە جەوهەری ئەرکەکە، هەر بۆیە لەگەڵ برادەران، هەمیشە جەختمان لەوە دەکردوە کە زانیاری دروست بدەینە میدیاکاران، دوور لە شێواندنی زانیاری و گەمێ پێکردن.

سەرباری ئەوەش، هەوڵماندا پەیامێکی ستراتیژی بۆ کاری دوورمەودا بگەیەنینە ناوەوە، ئەوەش لە پرسیارەکانی میدایاوانەکاندا رەنگیدایەوە. پوختەی قسە: ئەرک و باری میدیا قورسە، جەنگەکان بە میدیا و لە نێو میدیادا دەکرێن، هەر بۆیە ئەو بەرپرسیاریەتییە مێژووییە وریایی و هۆشمەندی سیاسی و ژێرخانی مەعریفی و کارامەیی پیشەیی و زمان زانین و تەکنیکی گەڕان بە دوای زانیاری و دارشتن و شیکردنەوەی راپۆرت بەشێوازێکی پیشەییانە دەخوازێت.

ئەرکی میدیا خۆپاراستنە لە گەندەڵی، ئەگەر ببێتە بەشێک لەو پرۆسەیە، راستگۆیی خۆی بەرامبەر بە هاوڵاتی و خەڵک لەدەست دەدات، ئەو کات ئەو قورساییە گرنگە نامێنێت کە کۆڵکەی کاری میدیایە. بوونی هەموو ئەو فاکتەرانەی سەرەوە، یارمەتی دامەزراندنی پرۆسەی دیموکراسی دەدات کە سوڕی ژیانی سیاسی لە نێویدا بە زیندووێتی دەهێڵێتەوە.

151 جار خوێندراوەتەوە