میدیا وەک دامەزراوەی سیاسی: بانگەوازێک بۆ دایالۆگی نیشتمانی

هێڵێکی شاراوە و پەنهان لە نێوان میدیا و سیاسەت وەک پەیام و ئەرک هەیە، راستە تەواوکەری یەکترن بەڵام دەبێت وریابین تێکەڵ نەبن، ئەو کاتەی میدیا دەبێتە ئامرازی ئایدیۆلۆجیایەکی دیاریکراو، ئەو کاتە میدیا پەیامە جەوهەرییە گشتییەکەی لەبار دەبات، لە بەرامبەر ئەوەشدا، "میدیا” بەبێ ئایدیۆلۆجیا و پەیامی تایبەت سەختە، هەرگیز هیچ میدیایەک نییە ئایدیۆلۆجیایەکی تایبەتی نەبێت، ئەگەر وابێت باس لە گۆی سەر زەوی ناکەین! بەڵام، لانی کەم، دەکرێت ئەو ئایدیۆلۆجییە ئامرازی خەمی گشتی بێت، یاخود بڕژێتە خەمی گشتییەوە، دوور لە گەمێی سیاسی، یان بەکارهێنانی ئامرازەکانی میدیا بۆ چەواشەکردنی رووداو و کارەساتەکانی مێژوو، وەک ئەوەی لە ئێستادا روودەدات، ئەوەش ئەو هێڵە شاراوەیە کە باسمان لێوەکرد.

ئەوە کاری سەرەکی میدیا نییە کاتێک کەسێک سەردەخات، لە پێناو چنگێک پارە و پول، لە هەڵبژاردنێکی نیشتمانیدا، بێ بەرنامەی نیشتمانی، هەروەها ئەوە میدیا نییە کە سپۆنسەرەکەی بۆ هەندێ مەرجی تایبەت ماکینەیەکی زەبەلاحی بۆ مەبەست و دەستکەوتی ئابووری بەکاردەهێنێت، وەک ئەوانەی لە بەریتانیادا هەن، لای خۆمان تازە بە تازە ئەو فۆرمە سەرهەڵدەدا!

مەبەست و خەمی سەرەکی ئەم نوسینە چۆنێتی دامەزراندنی پرۆسەی "بەدامەزراوەبوونی میدیایە"، لە ئێستادا، لای خۆمان دونیایەک سەرچاوەی میدیا هەن، هەریەکەیان لە دۆڵێکی جیاواز بۆ خۆیان کاردەکەن و تەنیا گوێ لە سەدای دەنگی خۆیان دەگرن، لێرە، سەرەتایی سەرهەڵدانی میدیایە کە هێشتا لە چەمک و پەیامی جەوهەری میدیا نزیک نەبۆتەوە، میدیاش وەک هەر کایەیەکی دیکەی کۆمەڵگە هێشتا لە ژێر کاریگەری پۆلینکردنەکانی سەردەمی شاخە و بەردەوام دەناڵێنێت. ئەو پۆلینکردنانەی کە بەرهەمەی مێژووی بەرگرییە بە هەموو وردەکارییەکانییەوە، بەداخەوە، ئێستا، میدیا بۆتە قوربانی شاهیدە ئایدیۆلۆژییەکان، ئەو شاهیدانەی هێشتا لە بازنەی داخراوی رووداوە سەختەکانی مێژوو دەرنەچوون. لە ئێستادا، میدیای گروپە سیاسییەکان، کار بۆ پەخشکردنی پەیامی پارتی سیاسی دەکات؛ پەیامی من فریشتە و تۆ ئەهریمەن، ئەم میدیایە پێویستی بە پێناسەکردن هەیە بۆ ئەوەی پەیامەکەی لەسەر بنەمایەکی زانستی فراوان دەوڵەمەند بکرێت و پەرەی پێبدرێت و لە بازنەی تەسکی پارتی سیاسی تێپەرێت، یاخود میدیایەکی نیشتمانی، لە پاڵ قسەکەرەکانی پارتی سیاسی، دامەزرێت.

کە باس لە دامەزراوەیبوون دەکەین باس لە بوونی رێکار و یاسا و ئیدارەدانی زانیاری و میکانیزمی ستاندەرد دەکەین کە میدیا دەکەنە دامەزراوەیەکی ستاندەرد، هیچ دامەزراوەیەک لە دونیادا نییە، کە لە لایەکەوە، بە یاسا پارێزراو نەبێت، و لەلایەکی دیکەوە، رێز لە یاسا نەگرێت و پابەندی نەبێت، بێگومان ئەو یاساییەی کە گوزارشت لە رەنگدانەوەی کۆدەنگی رەوای کۆمەڵگە دەکات، یاساییەک کە بەرژوەندی گشتی دەپاریزێت و رێ لە گەمێی سیاسی دەگرێت و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ کەم دەکاتەوە، ئەگەر دەستەڵات یان ئۆپۆزیسیۆن بێت، ئەو یاساییەی کە دەنگ کپ ناکات بەڵکو وردەکاریەکانی هەر کەیسێک بە نۆرم و مافەکانی مرۆڤ دەپێوێت و ئاشکرای دەکات. ئەم جۆرە لە پێوان و رەفتاری سیاسی هاوسەنگ بە بەکارهێنانی دروستی میدیا، کۆمەڵگە توندوتۆڵ دەکات، هەر بۆیە گرنگی ئەم بابەتە لەوەدایە کە پرسی "دامەزراوەبوونی میدیا" پەلکێشمان دەکات بۆ بوارە پەیوەندیدارەکانی دیکەی وەک یاساکانی دادگا و دەستێوەردانی دەستەڵات و جۆری پارتی سیاسی و رۆڵی دەزگاکانی دیکە، لە نوسینەکانی ئاییندەدا تیش دەخەینە سەر ئەم بوارانە، بێگومان، میدیا پلاتفۆرم و پێگەی ئەو ململانێ ئاشکرایەیە.

لێرەوە، ئەم نوسینە بانگەوازێکە بۆ دامەزراندنی دایالۆگێکی نیشتمانی سەرتاسەری بەردەوام، "دایالۆگی نیشتمانی بۆ میدیا"، دایالۆگێک بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە "پرۆسەی بەدامەزراوەکردنی میدیا"، مەبەست لە دامەزراوەکردن وەک لەسەرەوە باسمان لێوەکرد، دارشتن و دامەزراندنی رێکار و میکانیزم و یاساکانی بواری میدیا و بەراوردکردنیان بە دونیای دەرەوە و چارەسەرکردنی ئالەنگارییەکانی ناوخۆ. دایالۆگێک پێمان بڵێت لە کوێی میدیای دونیادا دەژین؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، وەڵامدانەوەی بەشێک لە بیناکردنی پرۆسەی دیموکراسییە، بەشێک لە دامەزراندنی حکومڕانی باشە “ Good Governance” ئەو کۆڵەکە گرنگەیە، کە لەلایەکەوە، هۆشمەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری پەرەپێدەدات، و لەلایەکی دیکەوە نوێنەرایەتی هاوڵاتی لە پانتایی گشتیدا دەکات.

ئەم دایالۆگە دەبێت لە حکومەتەوە سپۆنسەر بکرێت، حکومەت کارئاسانی بکات، نەوەک شتێکی دیکە، ئەو کەڵێنە فراوانەی کە لە ئێستدا لە نێوان حکومەت و ئەو لایەنانەی کە بە “Grassroot”ی ئەم بوارە ناسراون یاخود لەسەر ئاستی یەکەمی بابەتەکە کاردەکەن، ئەو لایەنانەی کە لە قوڵای کارەکەدان و پسپۆری تەواوی بوارەکەن. ئەو کەڵێنە پێکدادانێکی مەترسناکی هێناوەتە گۆڕێ، هەردوولا، بەداخەوە، لە ئەزموونی ئیدارەدانی مەلەفی میدیا پێویستییان بە ئەزموون و شارەزابوون و پسپۆریی و ئاڵوگۆری بیڕورا و دامەزراندنی پرۆژەی هاوبەش هەیە، ئەو دایالۆگە یارمەتی بەخشینی پلاتفۆرمێک دەدات بۆ قسەکردن لەسەر کێشە سەرەکییەکان و ئالەنگارییە قووڵەکان و پێشین و مێژووە سیاسییە بەستەڵەکەی کە پرۆسەی سیاسی بەدەستییەوە دەناڵێنێت. دایالۆگێک کە نیگەرانی هەردوولا هێور دەکاتەوە. ئەو جۆرە لە دایالۆگ یارمەتی ناسینی تەواوی ژینگەی میدیا دەدات، دەستنیشانی ئەکتەرە سەرەکییە دڵسۆزەکان دەکات، هەموو لایەک دەخەتاتە سەنگەری پاراستنی سەنگی سیاسی و فراوانکردنی دیدی سیاسی و پیشەی و شیوازی مامەلەکردن و ئیدارەدانی زانیارییە مێژوویەکان و دارشتنی یاسایەکی فراوان کە رۆڵی هەموو لایەک دەستنیشان بکات.

لە راستیدا، ئەمە بە پلەی یەکەم، کاری حکومەتە لە ئاستی هەر باڵادا، بەندە لەو بڕوایەدایە، سپۆنسەرکردنی حکومەت بۆ ئەو جۆرە لە دایالۆگی نیشتمانی، دەبێتە هەنگاوێک و دەستپێشخەرییەکی سەرەتایی بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی سیاسی بە پرۆسەی سیاسی و سەرتاپا بە پرۆسەی دیموکراسی بە گشتی و هەڵبژاردن، بەتایبەتی، کە لە بەردەماندایە و خوێن بە شادەماری ژیانی سیاسیدا دەکاتەوە، بەهەموو خەوشەکانییەوە.

219 جار خوێندراوەتەوە